عێراق.. ژانێكی زۆر و لەدایكبوونی حكوومەتێكی تری لاواز

:: PM:09:13:08/12/2019 ‌

لێرە و لەوێ ئامادەسازی بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێی عێراقی دەكرێت و كاتی راگەیاندنیشی دەوەستێتە سەر سازانی هەمووان لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، بە بۆچوونی شارەزایان حكوومەتێكی لاواز دەبێت لاوازتر لەوەی عادل عەبدولمەهدی، لەو ناوەدا بەشێك لە هێزە شیعەكان بۆ پێشاندانی زاڵبوون و دەسەڵاتیان بەسەر دۆخی عێراق و ناوماڵی شیعە باسی راگەیاندنی حكوومەتێك بەمنزیكانە دەكەن، ترسیشیان لە سەپاندنی حكوومەتێكی سەر بە ئەمەریكا هەیە.
شیعەكان بۆ پێشگرتنەوە لە هەموو ئەگەرەكان بە حكوومەتێكی لاواز رازین
دۆخی عێراق لە سەرەتای تشرینی یەكەمی رابردووەوە بەرەو پشێوی زیاتر دەچێت بەهۆی دروستبوونی خۆپێشاندانێكی فرەوانی جەماوەری كە تا ئێستەیش بەتەواوەتی روون نییە ئەوانەی سەركردایەتی دەكەن كێن، ئەگەرچی ژمارەی قوربانیان لە هەڵكشانە و زۆر لەوە زیاترە كە سەرچاوە فەرمییەكان رایدەگەیەنن، بۆیە ئەوەی دەگوزەرێت چەند ململانێیەكی تێكهەڵكێش و یەكلاكردنەوەی حیساباتە و بەوهۆیەوە جەماوەری ناڕازی سوود و زیانی پێ دەگات. 

ریاز مەسعوودی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "سائیروون"ی سەر بە موقتەدا سەدر دووپاتی كردەوە كە زۆرینەی هێزە سیاسییەكان بڕوایان وایە بە دامەزراندنی حكوومەتێكی كاتی بۆ ماوەی ساڵێك تا ساڵ و نیوێك بەردەوام بێت، لە 8-10 وەزیر پێكبێت، چونكە پێكهێنانی حكوومەتێكی تەواو بۆ ماوەی چوار ساڵ لە سایەی ئەو تەنگژەی ئێستە زەحمەتە.

زیاتر گوتی، ئێستە هێزە سیاسییەكان نیوچە رێككەوتوون بە هەنگاونان بەرەو پێكهێنانی حكوومەتێكی كاتی و ئەركی ئامادەسازی بێت بۆ هەڵبژاردنێكی پێشوەختە، روونی كردەوە، ئەو حكوومەتە لە 8-10 وەزیر پێكبێت لەبری 22 وەزیر و ئەوانیش وەزیرانی پۆستە سەروەرییەكان دەبن و وەزارەتەكانیتر بە وەكالەت بەڕێوە دەبرێن. 

عەلی غانمی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا كە نووری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات، دووپاتی كردەوە، هێزە سیاسییەكان سوورن لەسەر دیاریكردنی جێگرەوەیەكی عەبدولمەهدی بەپێی دەقەكانی دەستوور و لە رێگەی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان، كە بەرپرسیارەتی پێكهێنانی حكوومەتی دەكەوێتە ئەستۆ. 

زیاتر گوتی، پێویستە لە دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ رەچاوی داواكاری شەقام بكرێت، چونكە رەتكردنەوەی هەر كاندیدێك لەلایەن شەقامەوە دەمانخاتەوە ناو هەمان تەنگژەوە، روونی كردەوە، تا ئێستە چوار تا پێنج ناو خراونەتە روو كە هەندێكیان تەواو كەسایەتی سەربەخۆن و هەندێكیشیان هێزە سیاسییەكان پاڵپشتیان دەكەن، بۆیە ئێستە تۆپەكە لە یاریگای سەرۆك كۆمار و هێزە سیاسییەكانە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی كرد كە ئەو ژمارە كورسییەی هاوپەیمانی "سائیروون" لە پەرلەمانی عێراق هەیەتی، رێگەی پێ نادات بۆ پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆن، بەڵكو دەبێت هاوپەیمانی زیاتری هەبێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت، ئەگەریش نەتوانێت ئەوە بكات، ئەوكات فراكسیۆنی تر هەیە حكوومەت پێكدێنێت.

لەو كاتەی بەشێك لە چاودێران بۆ دۆخی عێراق و پەرەسەندنەكانی پێیان وایە ئەوجارە ململانێی ئەمەریكا و ئێران لەسەر گۆڕەپانی عێراق بەسازان كۆتایی نایەت و دەبێت یەكێكیان بیباتەوە، ئەوان پێشبینی دەكەن كە كەسایەتییەك لە دەرەوەی عێراق و لاگیر بۆ رۆژئاوا و دوور لە ئێران ببێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق.

محەمەد بەیاتی سەركردە لە هاوپەیمانی "فەتح" كە زۆرینەی هێزە سیاسییەكانی خاوەندار بۆ گرووپی ناو حەشدی شەعبی نزیك لە ئێران لەخۆ دەگرێت گوتی، هەوڵێك لەلایەن چەند هێزێكی سیاسی هەیە كە بەیارمەتی نێودەوڵەتی حكوومەتێكی نوێ لە عێراق دروست بكەن لاگیری ئەمەریكا بێت. 

زیاتر گوتی، هەموو جموجۆڵەكان كە چەند لایەنێكی دزەكردوو لەناو خۆپێشاندانەكانی عێراق و ئێران و لبنان بەپێی زانیارییەكانمان بەشێكن لە پلانێكی ئاڵپشتیكراو لەلایەن ئەمەریكاوە بە پاڵپشتی دارایی كەنداو، ئێمە دەزانین ئەوان دەیانەوێ حكوومەتێكی نوێی نزیك لە ئەمەریكا لە عێراق دروست بكەن، بەڵام ئەوە نایەتە دی، چونكە خۆپێشاندەران بە سەپاندنی ویستی ئەمەریكا و وڵاتانی تر بەسەریان رازی نابن.

لای خۆیەوە فازڵ فەتلاوی پەرلەمانتارێكی تری شیعەی نزیك لە ئێران گوتی، هۆكاری دەرەكی هەوڵ دەدات كاریگەری لە بڕیاری سیاسی عێراقی بكات لە پرسی دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ، بۆیە وریاكردنەوەكانی مەرجەعیەت لەو بارەوە لەجێی خۆی بووە و ئێمە هەر دەستوەردانێكی نێودەوڵەتی لە برشیاری سیاسی لە عێراق رەت دەكەینەوە.

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە كە تا ئێستە هێزە سیاسییەكانی شیعە لە قۆناغی لێكگەیشتنن بۆ گەیشتن بە دیدێكی قبووڵكراو لەلایەن شەقامەوە لەبارەی كاندیدكردنی كەسایەتییەك بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێ توانای سەركردایەتیكردنی وڵاتی لەو قۆناغەدا هەبێت، ئەوەش وەك چاودێران ئاماژە دەكەن یان حكوومەتێكی لاوازی سەربەخۆ بەناو حكوومەت و ملكەچ بۆ ئەجینداكان دروست دەبێت، یان حكوومەتێكی سەركوتكار بۆ خۆپێشاندەران و بێزراو لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

عەلی تمیمی شارەزای یاسایی ئاماژە دەكات كە ئەگەر ماوەی دیاریكراو بێ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران كۆتایی هات، سەرۆك كۆمار دەتوانێت لە ماوەی 15 رۆژدا كاندیدێكی نوێ دیاری بكات رەنگە سەربەخۆ بێت، دوای كۆتاهاتنی 30 رۆژی تەمەنی حكوومەتی كاربەڕێكاریش ئەگەر كاندیدی حكوومەتی نوێ دیاری نەكرا، بەپێی مادەی 81ی دەستوور سەرۆك كۆمار ئەركی سەرۆك وەزیران و حكوومەتی كاربەڕێكار دەگرێتە ئەستۆ. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل