دابەشكردنی مووچەی سبەی ڕاگەیەندرا

:: AM:08:13:09/12/2019 ‌

 

بڕیارە سبەی مووچەی وەزارەتێك دابەش بكرێت و ئەمڕۆش مووچەی هێزەكانی 70 و 80ـی پێشمەرگە دابەش دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەم نۆی كانوونی یەكەم، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" بڕیارە سبەی دەست بكرێت بە دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی پەروەردە.

ئەمڕۆ دەست دەكرێت بە دابەشكردنی مووچەی هێزەكانی 70 و 80 ـی پێشمەرگە
لە زانیارییەكاندا ئاشكرا كراوە، ئەمڕۆ دەست دەكرێت بە دابەشكردنی مووچەی هێزەكانی 70 و 80ـی پێشمەرگە.

هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دوای تەنگژەی دارایی پشت دەبەستێت بە فرۆشتنی نەوت و ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە بەپێی ڕێككەوتنێك بۆ هەرێمی كوردستان دێتە ناردن.

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، لە ناوەڕاستی هەر مانگێك عێراق بڕی 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بە داهاتی ناوخۆیی و پارەی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و فرۆشتنی نەوت مووچەی فەرمانبەران دەدرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵ پاشەكەوتی مووچە لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەڵگیرا و پێدانی مووچە ئاسایی بووەتەوە. لە پێنجی سەرەتای هەر مانگێك لە هەرێمی كوردستان مووچە دابەش دەكرێت.


 



وشە - رامیار جەواد