وەزارەتی بەرگری عێراق: پاراستنی ئاسایشی خۆپێشاندانەكان ئەركی ئێمە نییە

:: PM:04:59:10/12/2019 ‌

هاوكات لەگەڵ سازكردنی خۆپێشاندانێكی چەند ملیۆنی لە بەغدای پایەتەخت، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی بەرگری عێراق دووپاتی كردەوە كە پاراستنی ئاسایشی خۆپێشاندانەكان ئەركی ئەوان نییە و ئەو هێزانەشی لە دەوروبەری گۆڕەپانی تەحریرن چەكدار نین.
پێویستە خۆپێشاندەران رێگە نەدەن هێرش بكرێتە سەر تەلار و دامەزراوەكان
لە دوێنێوە بانگەشەی ئەوە دەكرێ ئەمڕۆ خۆپێشاندانێكی چەند ملیۆن كەسی لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا بە بەشداری خۆپێشاندەران پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بێتەن سازكردن، لەوكاتەی هێزە تەناهییەكانی عێراق لە ئەگەری هەڵكوتانی ئەوان بۆ سەر ناوچەی سەوزی بەغدا، رێوشوێنی توندیان وەرگرت، چاودێران پێیان وایە كە خۆپێشاندەران خۆیان لە هێرشكردنە سەر ناوچەی سەوز دەپارێزن و رەنگە گرووپێكی ناو خۆپێشاندەران هەوڵی ئەوە بدەن بۆ دانی پاساوی كوشتنی خۆپێشاندەران.

عەمید یەحیا رەسووڵ گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی بەرگری عێراق روونی كردەوە، ئێمە لەگەڵ داواكاری رۆڵەكانی گەلین لە گۆڕەپانی تەحریر، بەڵام ئەركی سوپای عێراق نییە ئاسایشی خۆپێشاندانەكان راستەوخۆ بپارێزێت، بەڵكو هێزی تایبەتی پاراستن هەن كە لەوە بەرپرسیارن. 

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق مەترسی خۆی لە بوونی كەسانێك پێشان دا هەوڵی بەلاڕێدابردنی خۆپێشاندانەكان و وێرانكاری دەدەن و پێویستە خۆپێشاندەران رێگە بەوانە نەدەن هێرش بكەنە سەر تەلار و دامەزراوەكان.

لای خۆیەوە لیوا تەحسین خەفاجی گوتەبێژ بەناوی سەركردایەتی ئۆپراسیۆنەكانی بەغدا گوتی، ئێمە لە پاراستنی ئاسایشی بەغدای پایەتەخت و لە دەوروبەری گۆڕەپانی تەرحریر هەین و رێگە بە هاتنی كەس نادەین بۆ ناو خۆپێشاندەران چەكیان بەدەستەوە بێت.

لەوكاتەی ژمارەی خۆپێشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریر زیاتر دەبێت، ئەوان خۆیان بەربەستێكی مرۆییان بۆ رێگرتن لە گەیشتنی خەڵك بۆ پردی كۆماری و پەڕینەوە بەرەو ناوچەی سەوز دروست كرد، ئەوەش دوای چەندان بانگەشەی داوای هەڵكوتانە سەری دەكەن.

ئەمڕۆ خۆپێشاندەران دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێكی زوهێر شەعلان پارێزگاری دیوانییەدا گرت، ئەوەش دوای گەمارۆدانی پارێزگار لەناو پڕۆژەیەكی ئاو كە توانی خۆی رزگار بكات، لەلایەكی تر خۆپێشاندەران رێگەیەكیان بەرەو پاڵاوگەی نەوتی شنافییە لە پارێزگای دیوانییە داخست.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل