یاسای هەڵبژاردن ناكۆكی دەخاتە نێوان لایەنە كوردستانییەكان و سەدرییەكانەوە

:: PM:07:25:11/12/2019 ‌
لەسەر سیستمی هەڵبژاردن و رەتكردنەوەی لیست، هاوپەیمانیی سائیروون لەگەڵ لیستەكانی تری ناو پەرلەمان ناكۆكن، بەهۆیەوە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دواخرا. جوان ئیحسان سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز دەڵێ، لایەنە كوردستانییەكان دژی ئەوەن شارۆكە بە بنەمای بازنەی هەڵبژاردن جێگەی پارێزگا بگرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ی كانوونی یەكەم، بەهۆی ناكۆكی نێوان لیستەكان، پەرلەمانی عێراق نەیتوانی كۆببێتەوە و كۆبوونەوەیشی بۆ رۆژی دووشەمی داهاتوو دواخست.

جوان ئیحسان سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ـی راگەیاند، سەدرییەكان و هاوپەیمانی سائیروون لەگەڵ ئەوەن پڕۆژەیاسای ئەنجوومەنی نوێنەران وەك ئەوەی ئێستە هەیە تێپەڕێت، ئەمەش لەلایەن زۆرینەی لیستەكانی ناو پەرلەمان رەت كرایەوە، لیستە كوردستانییەكانیش بە گشتی دژی ئەوەن بەمجۆرەی سەدرییەكان دەیانەوێت تێپەڕێت.

یاسای هەڵبژاردن ناكۆكی دەخاتە نێوان لایەنە كوردستانییەكان و سەدرییەكانەوە


پڕۆژەیاسای ئەنجوومەنی نوێنەران لەلایەن حكوومەتەوە رەوانەی پەرلەمان كراوە و خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوە، لیژنەی یاسایی سەرقاڵی نووسینی راپۆرتە لەسەر پڕۆژەكە بۆ ئەوەی لە دانیشتنی پەرلەماندا بخرێتە دەنگدان.

ئەوەی هاوپەیمانی سائیروون مەبەستیەتی لەناو پڕۆژەكە جێی بكرێتەوە و لە دانیشتنی پەرلەمان تێپەڕێت، ئەوەیە، هەڵبژاردن لەسەر بنەمای بازنەی شارۆكەكان ئەنجام بدرێت نەك پارێزگا، 100%ـی كورسییەكانی پەرلەمانیش لەسەر بنەمای براوەی مەزن بێت نەك لیست.

ئەو دوو خاڵە، سەرەكیترین خاڵی ناكۆكی هاوپەیمانی سائیروونە لەگەڵ لیستەكانی تر، جوان ئیحسان دەڵێ، فراكسیۆنە كوردستانییەكان بە گشتی لە دژی ئەو دوو خاڵەن، گوتی "فراكسیۆنی یەكێتی بە تایبەت لە دژی ئەو خاڵەیە چونكە زیانێكی زۆر گەورە بە ناوچە دابڕاوەكانی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت".

جوان ئیحسان زیاتر روونی كردەوە، سیستمی بازنەی شارۆكە ئەگەری هەیە كێشەی كۆمەڵایەتی لەنێوان پێكهاتە سەرەكییەكانی شارۆكەكان دروست بكات، جگە لەمە رەتكردنەوەی لیست و لەبەرچاو گرتنی براوەی گەورە وادەكات لە چەند خولی داهاتووی پەرلەماندا، كەسێكی "خوێنەوار لەناو پەرلەمان نەمێنێت جگە لە شێخی عەشیرەتەكان و ئەوانەی ئەوان دەیانەوێت بچێتە پەرلەمان".

پەرلەمانی عێراق دانیشتنی ئەمڕۆ چوارشەمی بۆ رۆژی دووشەمی داهاتوو دواخست، بەو هیوایەی لەم ماوەیەدا لیژنەی یاسایی كە لایەنی راسپێردراوە بۆ نووسینەوەی راپۆرتی كۆتایی لەسەر پڕۆژەكە، لەسەر ناكۆكییەكان بگاتە چارەسەرێك.

جوان ئیحسان زیاتر روونی كردەوە، ئەگەر لیژنەی یاسایی تا دووشەم نەگاتە رێككەوتن ئەوا دانیشتنی دووشەمی داهاتوو ئەنجام نادرێت.



وشە - فه‌رمان سادق