بەرپرسێكی ئەمەریكی: میلیشیاكانی عێراق لە هیڵی سوور نزیك دەبنەوە

:: PM:10:13:11/12/2019 ‌

هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی خۆپێشاندانەكانی عێراق و سووربوونیان لەسەر گۆڕانكاری و دوورخستنەوەی هێزە سیاسییەكانی نزیك لە ئێران و كۆتاهێنان بە دەسەڵا تی ئێران لە عێراق، بەرپرسێكی ئەمەریكی رای گەیاند كە ئەو هێرشانەی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە عێراق ئەنجامی دەدەن رەنگە دۆخەكە ئاڵۆزتر بكەن و لەكۆنترۆڵ دەربچێت.
ئەگەر هەیە هاوپەیمانان بەتوندی وەڵامیان بدەنەوە
ئەو بەرپرسەی ئەمەریكا ئەمڕۆ چوارشەم بە "رۆیتەرز"ی راگەیاند، ئێمە لەسەر تەقەكردنی دەمارگیریان راهاتبووین، بەڵام بەدەگمەن رووی دەدا، كەچی ئێستە دۆخەكە ئاڵۆزتر بووە و هەڵدانی مووشەكەكانیان زیادی كردووە، ئەوەش زۆر نیگەرانمان دەكات، روونی كردەوە، ئەو كارانەیان رەنگە لەهەر ساتێك دۆخەكە لەسەر زەوی بگۆڕێت و ئەوەش ئەگەری زیادبوونی پەرەسەندنێكی بێ مەبەست لەلایەن ئەوان یان ئێمە زیاتر دەكات.

زیاتر گوتی، ئێستە میلیشیاكانی سەر بە ئێران لەسەر خاكی عێراق لە هیڵی سوور نزیك دەبنەوە و ئەگەری هەیە هاوپەیمانان بەتوندی وەڵامیان بدەنەوە، بۆیە رەنگە ئەنجامەكەی بەدڵی كەس نەبێت، دووپاتی كردەوە، زانیارییەكانی هەواڵگری و پشكنینی مووشەكەكان ئاماژەن بۆ ئەوەی كەتیبەكانی حزبوڵا یان عەسائیبن كە مووشەكەكانیان هەڵداوە.

هەینی رابردوو دوای سەپاندنی سزا لەلایەن ئەمەریكا بەسەر چوار بەرپرسی عێراقی كە سیانیان حەشدی شەعبی بوون بەتۆمەتی سەركوتكردنی خۆپێشاندەران و تێوەگلانیان لە گەندەڵی، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە بەغدا كوشتارگەیەكیان بۆ خۆپێشاندەران دروست كرد و 25 كەسیان كوشت و 130ی تریان بریندار كرد، هەر هەفتەی رابردوو بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای عێراق بە پێنج مووشەك كرایە ئامانج كە زیانی لێ نەكەوتەوە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل