میسان.. خۆپێشاندەران هەوڵی سووتاندنی ماڵی محەمەد شەیاع سوودانی دەدەن

:: PM:08:35:14/12/2019 ‌

دوای ئەوەی هاوپەیمانی "فەتح" دووپاتی كردەوە كە محەمەد شەیاع سوودانی كاندیدی ئەوانە بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەت و زۆرینەی هێزە سیاسییەكانیش لەسەری رازین، ئێوارەی ئەمڕۆ خۆپێشاندەران لە پارێزگای میسان هەوڵیان دا ماڵی سوودانی لەو پارێزگایە لە باشووری عێراق بسووتێنن. 
رێگری خۆپێشاندەران لە تێپەڕاندنی كاندیدی هێزە سیاسییەكان دەستی پێ كرد
وەك میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە ماڵی سوودانی لە گەڕەكی حوسێن لە شاری عیماڕە سەنتەری پارێزگای میسان كە چۆڵە، لەلایەن ژمارەیەك خۆپێشاندەر هەوڵی سووتاندنی دراوە، بەڵام خۆپێشاندەرەكان پاشەكشەیان كردووە و هێزە تەناهییەكان لە ناوچەكە بڵاوبوونەتەوە.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی كاندیدكردنی سوودانی كە سەركردەیەكی دەستلەكاركێشاوەی حزبی دەعوە و پەرلەمانتاری ئێستەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە، خۆپێشاندەران بەتوندی ئەو هەر سیاسەتوانێكی تری سەر بەو حزبانەی ئێستەیان رەت كردەوە، ئەوان خۆپێشاندانی ناڕەزایەتیان لە بەغدا و بەسڕە و بابل و دیوانییە و شوێنیتر دەست پێ كرد و سوودانیان رەت كردەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە پارێزگای دیوانییە خۆپێشاندەران ئەو هەواڵانەیان رەت كردەوە كە باس لە كاندیدكردنی سوودانی بۆ شوێنگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی دەكەن و ئەوان نوێنەرانی خۆپان لە پەرلەمانی عێراق وریا كردەوە لەئەگەری دەنگدان بە سوودانی یان هەر كاندیدێكی تری حزبەكان.

لە بەسڕە بە هەمان شێوە خۆپێشاندەران هوتافیان لەدژی كاندیدكردنی سوودانی و ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسڕە لێ دەدا.

ئەمڕۆ ئینتسار غرێباوی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا رای گەیاند كە هەموو هێزە سیاسییەكان پاڵپشتی لە محەمەد شەیاع سوودانی دەكەن وەك كاندیدی سەرۆكی نوێی حكوومەت لەوانە هێزەكانی ناو هاوپەیمانی "فەتح" و دەوڵەتی یاسا و سادیقوون و حیكمە و عەتا و كورد و سوننەش و لە ماوەی چەند سەعاتی داهاتوو ناوی دەدرێتەت سەرۆك كۆمار بۆ ئەوەی لە پەرلەمان بخرێتە روو.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 271 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌