د. گۆران ڕۆژبەیانی:پێنج دۆسیەی كەرتی دەرمان لە لیژنەی چاكسازیدان

:: PM:12:28:28/01/2017 ‌
كەرتی دەرمان و كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەرمان، پێوەندی ڕاستەوخۆی بە تەندروستیی تاكەكانی كۆمەڵگە هەیە و لەو بوارەشدا فەرمانگەیەكی تایبەت بۆ پشكنین و لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی دەرمان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە. د. گۆران ڕۆژبەیانی بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان و پێداویستی پزیشكی لە هەرێمی كوردستان، لەم چاوپێكەوتنەدا باس لە كارەكانی فەرمانگەكەیان و ڕووبەڕووبوونەوەی داعشەكانی دەرمان لە هەرێمی كوردستان دەكات و ئاماژە بەوەش دەكات، لە 2013ەوە تا ئێستە زیاتر لە هەزار تۆن دەرمانی خراپ گیراوە و ئەو كەیسانەی دەرمان كە لە بەردەم لیژنەی چاكسازی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستاندان و گرتنی باندێكی دەرمانی ساختە و چەندان بابەت و پرسی تری تایبەت بەو بوارە دەخاتە ڕوو.

- لە كوردستان قسەی زۆر لەبارەی كەرتی هێنانی دەرمان دەكرێ، چیتان كردووە و دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدەن كە دەرمان لە كوردستان بێ كێشە و بێ زیانە؟
بەر لە 2012 هەر دەرمانێك كە دەهات، بەبێ هیچ پشكنینێك دەهاتە بازاڕ، دواتر بەڕێوەبەرایەتیی كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەرمان هەستا بە پشكنینی تەواوی ئەو دەرمانانەی دێن بۆ هەرێمی كوردستان. لەبەر ئەوەی كەرتێكی زۆر هەستیارە، حكوومەت ئەم كارە بەڕێوە دەبات، نەك كەرتی تایبەت. ئێستەش زیاتر 95%ی ئەو دەرمانانەی هاوردەی كوردستان دەكرێن، بەشێوەیەكی یاسایی و زانستی پشكنینیان بۆ دەكرێت. دوای دەرچوونیشیان لە پشكنین، "ستیكەر" هێمای وەزارەتی تەندروستی لەسەر دەرمانەكان دەدەین. بۆیە ئەو دەرمانانەی هێمای وەزارەتی تەندروستییان لەسەرە، پشكنینی تەواویان بۆ كراوە و هیچ زیانێكیان نییە. 


- دەرمانی زۆر هەن لە دەرمانخانەكانی كوردستان هێما و لۆگۆی وەزارەتی تەندروستییان بەسەرەوە نییە، ئەمانە بۆچی هەن بەبێ هێما و ستیكەری وەزارەتی تەندروستی؟
لێرەدا ناڕوونییەك هەیە، هەموو ئەو كەلوپەلانەی لە دەرمانخانەكان هەن دەرمان نین، بەشێكیان پێداویستی پزیشكین، بەشێكیان تەواوكەری خۆراكین و ئەو دەرمانانەشی لە كارگەكانی ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێن، ئەوانە تا ئێستە ستیكەریان لێ نادرێت. ئەوەی تر كە دەمێنێتەوە دەرمانی قاچاغ و ژێر ستاندەرە، كارمان كردووە و چەندان كەسمان داوە بە دادگا و ڕادەستی یاسامان كردوون. زۆر كۆمپانیاش خراونەتە لیستی ڕەشەوە، هاووڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە كە ئەو دەرمانانە بەكار بهێنن كە ستیكەریان پێوەیە، چونكە بە 16 فلتەر تێپەڕ دەبێ.

- دەرمان بۆ كوردستان لە كام وڵات و شوێنەوە دێن؟
دەرمان بۆ كەرتی گشتی و بۆ كەرتی تایبەتیش دێت، كەرتی تایبەت ئازادە و لەهەر شوێنێك دەتوانێ دەرمان بهێنێت، بەڵام مەرجی خۆی هەیە، بۆ نموونە ئەگەر دەرمانێك دەهێنن، پێویستە ئەو كارگەیەی دەرمانەكەی دروست كردووە، لای ئێمە تۆمار كراوە و دانپێدانراو بێ، دوای ئەوەش پشكنینی بۆ ئەنجام دەدەین، ئینجا دەرمانەكان دەكەونە بازاڕ. بەگشتی لە ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپا و چین و هیندستان و توركیا و ئێران و وڵاتە عەرەبییەكان و زۆربەی وڵاتانی دنیا دەرمانمان بۆ دێت. گرنگیش نییە دەرمان لە كوێ دێ، گرنگ لای ئێمە كوالێتییەكەیەتی.

- چەند كۆمپانیای هاوردەكردنی دەرمان لە كوردستان تۆمار كراون؟
زیاتر لە 150 كۆمپانیای هاوردەی دەرمان و 200 كۆمپانیای هاوردەكردنی كەلوپەلی پزیشكیمان هەن.

- سەرنجتان لەسەر ئەو قسانە چییە كە دەگوترێ كەرتی دەرمان لەلایەن چەند گەورە بازرگانێكی كوردستان قۆرخ كراوە؟
لەلایەن ئێمەوە رێنوێنیی هاوردەكردنی دەرمان هەیە، هەر كۆمپانیایەك بتوانێ ئەو رێنوێنییانە جێبەجێ بكا و دەرمان هاوردە بكات، دەستخۆشی لێ دەكەین، رێنوێنییەكانیش بەسەر هەموو كۆمپانیاكان وەك یەك جێبەجێ دەكرێ، رێنوێنییەكان زۆرن لە بازگەكان و دروستكردنی كارگە و چاودێری ناو بازاڕ.



- لە مەرزەكان و هەموو سنوورەكانی كوردستان بنكەی پشكنینتان هەیە؟
بەڵێ لە هەموو مەرزەكان بنكەی پشكنینمان هەیە و تا دوو مانگ پێش ئێستە لە بازگەكان نەمانبوو، بەڵام ئێستە لە بازگەكانیش بنكەی پشكنینمان هەیە كە دەكەونە سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و ناوەڕاستی عێراق.

- دەگوترێ خەڵك و بازرگان هەن لە سەرووی حكوومەت و وەزارەتی تەندروستین و دەرمان دەهێنن، ئەمە تا چەند ڕاستە؟
شتی لەم جۆرە نییە، ئێمە رێنوێنییەكان بەسەر هەموو كۆمپانیاكان جێبەجێ دەكەین و هیچ جیاوازییەكیشیان لە نێواندا ناكەین، ئەوەی كۆمپانیاكان بە ئێمەوە دەبەستێتەوە، جێبەجێكردنی رێنوێنییەكانە.



- تا ئێستە چەند كۆمپانیا دراونەتە دادگا و سزا دراون و ناویان خراوەتە لیستی ڕەشەوە؟
ئێمە ڕێكاری یاساییمان لە بەرامبەر 30 كۆمپانیا گرتووەتە بەر، ئەمە تەنیا لە 2016 بووە، هەبووە داخراوە و هەبووە خراوەتە لیستی ڕەشەوە و هەبووە ماوەیەك سزا دراوە. هۆكارەكانیشیان بریتی بووە لە فرۆشتنی دەرمانەكانیان بەر لەوەی لە پشكنین دەربچێت، كۆمپانیا هەبووە دەرمانەكانی دەستی بەسەردا گیراوە، بەڵام فرۆشتوویەتییەوە و فێڵی كردووە، بۆیە دراوەتە دادگا. كۆمپانیا سەردانیان كردووە و پاكوخاوێن نەبووە، سێ هەفتە داخراوە.

- لە دوای كارابوونی فەرمانگەكەی ئێوە، تا ئێستە چەند دەرمانتان گرتووە و لەناوتان بردووە؟.
لە 2013ەوە تا ئێستە زیاتر لە هەزار تۆن دەرمانی قاچاغ و ساختە و ماوە بەسەرچوو لەلایەن فەرمانگەكەی ئێمەوە گیراوە. دەیان كەسیش ڕادەستی دادگا كراون، بۆ نموونە لە 2016دا تەنیا 30 تۆن دەرمانی بەسەرچوو گیراون، سەردانی 97 كۆمپانیامان كردووە و 75یان ئاگەدار كراونەتەوە و 22یان داخراون، 30 كۆگەی دەرمان ئاگەدار كراونەتەوە و 23یان داخراون. 30 دەرمانخانە ئاگەدار كراونەتەوە و 15یان داخراون. لە ساڵی 2013 زیاتر لە 500 تۆن دەرمانی خراپمان گرتووە، بەڵام 2014 تا 2016 واتە بەسێ ساڵ نەگەیشتووە بە 500 تۆن، ئەمەش كاریگەری هۆشیاری و ڕێوشوێنەكانە كە وا دەكات ساڵ دوای ساڵ ڕێژەكان كەمتر ببنەوە.



-  ئەوانەی دەرمانی خراپ و ناتەندروست دەهێنن بۆ كوردستان، چۆن پێناسەیان دەكەن، هەندێ دەڵێن ئەوان وەك داعش وان؟
ئەو بازرگانانەی كە یاری بە دەرمان و دەرمانی خراپ و ناتەندروست هاوردە دەكەن، زۆر لە داعش خراپترن، لەبەر ئەوەی داعش دەبینین، بەڵام داعشەكانی دەرمان شاراوەن و زۆر مەترسیدارن، هەر یەكێكیان بدۆزینەوە ئەوا  دەیدەین بە دادگا، ئەوانەشی كە یەكلا دەبێتەوە، ئەوا گرنگە لە سێدارە بدرێن. بەڵام باشترە ئێمە سیستەمی حكوومەت باشتر و بەهێزتر بكەین، هەركات سیستەم تەواو ڕێكخراو بوو، ئەوا بازرگانەكان ناتوانن هیچ بكەن. 

-  هیچ كەیسێك لە ماوەی ڕابردوودا هەبووە كە ئاشكراتان كردبێت؟
سێ هەفتە پێش ئێستە زانیاریمان بۆ هات كە خەڵكێك هەن دەرمانی ساختە دەهێنن. بۆیە دەستمان بە چاودێریكردن كرد، بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەكان توانیمان ئەو كەسە بگرین و دواتریش لە ڕێی گیراوەكە  دوو كەسی تر لە هەولێر گیران، لەو شوێنانەی كە كەسەكانی تێدا گیران، دەرمان و كەلوپەلی پزیشكی دەستی بەسەردا گیرا و بەگوێرەی پشكنینەكان دەركەوتووە كە بەڵێ ئەو دەرمانانە ساختەن، لێكۆڵینەوەی زیاتر كرا و دەركەوت كەسێكی تریش  هەیە كە لە كەركووكە، 10 رۆژ بە دوای ئەو كەسەوە بووین و چوار ڕۆژ پێش ئێستە گرتمان و هێنراونەتە هەولێر و باندەكە بە تەواوی ئاشكرا بوون، ئەوان دەرمانی ساختەیان لە باشووری عێراقەوە دەهێنایە كەركووك و لەوێوەش دەهێنرایە شارەكانی تر، ئەو دەرمانە ساختەیەی هێناویانە هیچ مادەیەكی كارای تێدا نەبووە، بەڵكو تەنیا گەچ بووە و لە هەندێ شوێنیش بڵاویان كردبووەوە، بەڵام دەستیان بەسەدا گیرا و ئەوانەش ئێستە لە گرتووخانەدان.



- ئەو كاغەزی رێنوێنیی و زانیاری دەرمانەكان لە هەموو وڵاتێك بە زمانی خەڵكی ئەو وڵاتەیە، بەڵام بۆچی ئەو دەرمانەی دەهێنرێتە كوردستان بە كوردی نین؟
كۆمپانیاكانی دنیا بەگوێرەی بڕی ئەو دەرمانەی كە دەمانەوێ، ئەو خزمەتگوزارییە دەخەنە ڕوو، بۆ نموونە ئەگەر 100 هەزار بێ، ئەوا خزمەتگوزاری نووسینی رێنوێنیی و زانیاریی دەرمانەكە بەو زمانە دەنووسن كە تۆ دەتەوێ، بەڵام ئەگەر كەم بێ ئەو خزمەتگوزارییە نابێت، لەبەر ئەوەی كوردستانیش بە ژمارە كەمە و ئەو بڕە زۆرەی دەرمان نایەت، ڕەنگە ئێمە پێنج هەزارمان پێویست بێ، بەو شێوەیە ئەو خزمەتگوزارییە دەستەبەر ناكەن. 



- كەرتی دەرمان كە یەكێكە لەو پرسانەی لە لیژنەی چاكسازی بە بڕیاری سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لێكۆڵینەوەیان لەسەر دەكرێ، چی كراوە لەو كەرتە بۆ چاكسازی؟
ئەو لیژنەیە وای كردووە كە كارەكانمان وردتر بێ و هەماهەنگی باشترمان هەبێ، بۆ ئەوەی بە ڕژدی زیاتر كارەكان بكەین و لە چەندان دۆسیەش بەیەكەوە لەگەڵ لیژنەی چاكسازی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەدواداچوونمان كردووە، ئەمەش وای كردووە كە كارەكان باشتر و پاكتر بەڕێوە بچن، نزیكەی پێنج دۆسیە لە بواری كەرتی دەرمان ئێستە لە بەردەستی لیژنەی چاكسازیدان، هەندێك لەو كەیسانە پێوەستن بەوەی بەدواداچوون بۆ دەرمانەكان نەكراوە و بەسەر نەخۆشخانە حكوومییەكان دابەش كراوە، ئەو كەیسانەش تا ئێستە یەكلا نەكراونەتەوە، بۆیە باش نییە پێش یەكلابوونەوەی دۆسییەكان بكەوین.



- پلان و بەرنامەتان بۆ ئەمساڵ چییە؟ لە ڕووی تاقیگە و كەلوپەلی پزیشكییەوە چەند ئامێری پێشكەوتووتان بۆ دابین كراوە؟
ئەمساڵ دەمانەوێ فەرمانگەكە بە تەواوی بە ئەلیكترۆنی بكرێ، هەر كۆمپانیایەك یوزە و پاسۆردی خۆی دەبێ و داتای دەرمانەكان دەمێنێتەوە و هەر بە ڕێگەی ئەلیكترۆنیش مامەڵە لەگەڵ كۆمپانیاكان دەكرێت. هەروەها لیژنەكان فرەوانتر دەكەین و لە هەرسێ پارێزگا لیژنە هەن و دەسەڵاتیان پێ دراوە. دەمانەوێ ئەمساڵ ئەم دوو ئامانجە گەورەیە بەدی بهێنین. لە ڕووی ئامێر و كەلوپەلەوە، لە 2013 یەك ئامێری "ئێچ پی ئێل سی"مان هەبوو، ئێستە نۆ دانەمان لەو ئامێرە هەیە كە زۆر گرنگ و پێویستە بۆ پشكنینی دەرمان. داهاتی فەرمانگەكەشمان یەك و 40 زیادی كردووە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د