سارا چاوشلی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له فراكسیۆنی گه‌شه‌پێدانی توركمانی، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا باس له مه‌ترسیی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق ده‌كات و پێی وایه، ئه‌گه‌ر ده‌ستوور هه‌موار بكرێته‌وه، مافی پێكهاته‌كان كه‌م ده‌كرێته‌وه. ئه‌و پێداگری له به‌هێزبوونی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و پێی وایه "هه‌رێم به‌هێز بێت، پێكهاته‌كانیشی به‌هێزن".
پرۆسه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق چۆن ده‌بینن؟
ده‌ستووری عێراق یه‌كێكه له ده‌ستووره پێشكه‌وتووه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، بۆیه هه‌مواركردنه‌وه‌ی بڕگه و ماده‌كانی ئاسان نابێت، هه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌یه‌ك ده‌بێ له راپرسی گه‌ل ده‌ربچێت، به‌پێی ده‌ستووریش ئه‌گه‌ر سێ پارێزگا ئه‌و هه‌مواره ره‌ت بكه‌نه‌وه، ئه‌وا هه‌مواره‌كه په‌سند ناكرێت.
داوامان كردووه دوو رۆژ تایبه‌ت بكرێ به رۆژی توركمانه‌كان
وه‌ك توركمان مه‌ترسی چییه بۆ ئێوه؟
ئێمه سه‌رباری ئه‌وه‌ی ترسمان هه‌یه له هه‌مواركردنه‌وه‌ی مافی پێكهاته‌كان به‌تایبه‌تی توركمان و مه‌سیحییه‌كان، داوامان كردووه كورسیی كۆتا دیاری بكرێت بۆ توركمان، چونكه توركمانه‌كانی هه‌رێم كورسیی كۆتایان نییه له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئه‌وه خواردنی مافی پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كیی عێراقه.
له‌و باره‌یه‌وه كۆبوونه‌وه‌تان له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان كرد، ئه‌نجامه‌كه‌ی چی بوو؟
كۆبوونه‌وه‌كه بۆ یه‌كخستنی هه‌ڵوێست و پاراستنی هه‌رێمی كوردستان بوو به‌رانبه‌ر به هه‌ر مه‌ترسییه‌ك كه مافه‌كانی كورد كه‌م بكرێته‌وه، چونكه ئێمه وه‌ك توركمان، هه‌رێمی كوردستان به ئارامترین شوێن ده‌زانین بۆ خۆمان و هه‌روه‌ها به‌هێزبوونی هه‌رێمی كوردستان، واتا به‌هێزبوونی پێكهاته‌كانی ناو هه‌رێم.
ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی له‌لایه‌ن توركمانه‌كانه‌وه پێشكه‌شی په‌رله‌مان كرا، له‌به‌رچی گرنگه؟
ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی پێشكه‌شمان كرد بۆ توركمانه‌كان گرنگه، یه‌كه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی له چوار خولی رابردووی په‌رله‌مان پڕۆژه‌یه‌كی وا نه‌هاتووه كه تایبه‌ت بێت بۆ دیاریكردنی دوو رۆژ وه‌ك رۆژی توركمان، ئه‌وانیش 17/11/1993 كه بۆ یه‌كه‌م جار به زمانی توركمانی قوتابخانه كرایه‌وه، هه‌روه‌ها 25/3/1911 كه یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ی توركمانی له كه‌ركووك به‌ناوی "حه‌وادس" ده‌رچوو. بۆیه له‌و پڕۆژه‌یه داوای ئه‌وه‌مان كردووه ئه‌و دوو ڕۆژه به فه‌رمی بكرێن به ڕۆژی ئێمه. خۆشبه‌ختانه په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كرد و خه‌سڵه‌تی به‌په‌له‌ی پێدا، به‌ڵام ته‌نیا فراكسیۆنی پارتی و مه‌سیحییه‌كان پاڵپشتیان لێ كرد.
بۆچی فراكسیۆنه‌كانی تر ده‌نگیان به خه‌سڵه‌تی به‌په‌له نه‌دا؟
ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر خۆیان، به‌ڵام ده‌بوو پاڵپشتی ئه‌و پڕۆژه‌یان بكردایه، هه‌رچه‌نده پڕۆژه‌كه ته‌نیا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه، هیوادارین له دانیشتنی تایبه‌ت به‌و پڕۆژه‌یه فراكسیۆنه‌كانی تریش هاوكار و پاڵپشت بن.