رادیۆی دەنگی كوردستانی عێراق لە یادەوەرییەكانی سەڵاح نووری بێژەری بەشی توركمانی

:: PM:01:25:08/01/2020 ‌



رادیۆی دەنگی كوردستانی عێراق، دەنگی "شۆڕشی ئەیلوول- 1961" و پێشمەرگە بوو، هەرچەندە بە نهێنی و لەناو ئەشكەوتەكانی كوردستان لەكاتی جەنگ و رۆژانی شۆڕشدا، بە ئامێری سادە لەسەر چەند شەپۆلێكی كز پەخش دەكرا، بەڵام بۆ ئەوكات ئومێدی گەلێك بوو بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، بۆیە زمانی كوردی، عەرەبی، توركمانی، سریانی و ئینگلیزی هەبوو. 

بۆ قسەكردن لەسەر وێستگەكانی ژیانی ئەو رۆژانە بەڕێوەچوونی كارەكانی رادیۆكە و تۆماركردنی بەشێك لە مێژووەكەی، سەڵاح نووری بێژەرە توركمانییەكەی رادیۆ لە شۆڕشی ئەیلوول، بۆ "وشە" یاردەوەرییەكانی دەگێڕێتەوە.

سەڵاح نووری لەبارەی چۆنیەتیی بوونی بە بێژەر لە رادیۆی دەنگی كوردستانی عێراق، دەڵێ، من دانیشتووی كەركووكم، كاتێ‌ قوتابی بووم لە ساڵی 1973 لە  زانكۆی سلێمانی، هەمان ساڵ چوومە ریزەكانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان- لقی زانكۆی سلێمانی، ئەوكات بە یاوەری چەند هەڤاڵێكم لەوانە سەرتیپ كاكەیی ناسراو بە "سیروان كاكەیی" كە ئەندام پەرلەمانی خولی پێشتری عێراق بوو، هەروەها دلێر ئەترووشی كە بەداخەوە لە 24/4/1974 لە بۆردمانەكەی شارۆكەی قەڵادزێ شەهید بوو، چووینە شاخ و پێوەندیمان بە شۆڕشی ئەیلوولەوە كرد و بووین بە پێشمەرگە. 

ئەوەیشی خستە ڕوو كە دوای ماوەیەكی كورت "شەهید عەدنان"ی برام هات بۆ لام و گوتی رادیۆی كوردستان پێویستیان بە بێژەری توركمانییە بۆ ناچی بۆ ئەو رادیۆیە و لەوێ ببیت بە بێژەر، منیش هەرچەندە لە ژیانمدا لە بواری راگەیاندن كارم نەكردبوو، بەڵام دڵسۆزی و خۆشەویستیم بۆ خاكی كوردستان وای لێ كردم ببم بە بێژەری زمانی توركمانی لەو رادیۆیە.

بێگومان كاركردن لە بواری راگەیاندن ئاسان نییە، جا لە شاخ و لە گەرمەی شۆڕش و لەبەر رەحمەتی تانك و تۆپی دوژمندا، ئەوكات نە خولی فێربوون و پەرەپێدان هەبوو، نە كەسانێكی پسپۆڕ هەبوون تا پرسیاریان لێ بكرێ و سوودیان لێ وەربگیرێت، كەچی سەڵاح نووری و هاوپیشەكانی زۆر سەركەوتووانە كارەكانیان ئەنجام دەدا.

سەڵاح نووری لەبارەی شوێنی رادیۆی دەنگی كوردستان و ئەو كارمەندانەی لەگەڵیدا بوون، روونی كردەوە، "سەرەتا بارەگای رادیۆ لە چۆمان بوو، خانووی ئێزگەكە لە سێ ژوور پێكهاتبوو، ستۆدیۆی پەخش و كۆنترۆڵ و ئەرشیڤ، دواتر گوازرایەوە بۆ دەربەندی رایات، چونكە ئەو بەڵێندەرەی خانووی رادیۆكەی دروست كرد، چوو بۆ بەغدا و شوێنەكەمان بۆ رژێم ئاشكرا بوو، رۆژانە بە بۆمبی ناپاڵم بۆردمان دەكراین. دۆخەكە باش نەبوو".

"كە دەستبەكار بووم، رۆژانە جگە لە پێشكەشكردنی هەواڵەكان، وتاری سیاسیشم وەردەگێڕایە سەر زمانی توركمانی و دەمخوێندنەوە" سەڵاح وای گوت. 

كارمەندانی ئەوكاتەی رادیۆ بریتی بوون لە شەهید عەبدولخالق مەعرووف بەڕێوەبەر و تەكنیكاری ئێزگە، ئازاد فوئاد عارف ئەندازیاری پەخش، شاعیر و راگەیاندنكار خەڵەف زێباری، بارزان مەلا خالید، دڵشاد مەسرەف، یاوەر نامیق و خەلیل حەمید بێژەری بەشی كوردی بوون. محەمەد بەدری، عەبدولوەهاب تاڵەبانی و دارا ناوێك وابزانم خەڵكی سلێمانی بوو، بێژەری بەشی عەرەبی بوون، دەنسا حەریری برای شەهید فرەنسۆ حەریری و گۆرگیس كە ئێمە پێمان دەگوت (رابی) بێژەری بەشی سریانی بوون، مامۆستا عەبدولڕەحمان ئیبراهیم بێژەری بەشی ئینگلیزی بوو، پێش منیش رەحمەتی سوها عەبدولڕەحمان بێژەری بەشی توركمانی بووە. ئەحمەد دەشتی برای كەریم دەشتی شاعیر بەرپرسی بەشی كۆنترۆڵ بوو، هونەرمەند كەریم كابان تەكنیككار بوو. 

"رۆشنبیران مامۆستا هەژار موكریانی، دكتۆر كەمال مەزهەر، سەیدا ساڵح یوسفی، شێركۆ بێكەس، نەژاد عەزیز سورمێ و مەهدی ئومێد ئامادەكاری بەرهەمە رۆشنبیری و سیاسییەكانی رادیۆكە بوون. لە هونەرمەندانیش ئەنوەر قەرەداغی، محەمەد شێخۆ، فوئاد ئەحمەد، حەمەجەزا، ئەحمەد سالار، مەكی عەبدوڵا /عەلی ئەفەندی/، عومەر چاوشین و زۆر لە هونەرمەندان و نووسەرانی تر لەوێ بوون، ئەركی ئامادەكردنی كارە هونەرییەكانی رادیۆكەیان گرتبووە ئەستۆ" سەڵاح وا دەڵێ.

لەبارەی بیرەوەرییەكانی رۆژانی كاركردنی لە رادیۆ، ئەوەی خستە ڕوو كە بۆ ئەوكات كۆمەڵێك بیرەوەریی تاڵ و شیرین هەن كە هی گێڕانەوەن. بۆ نموونە: رۆژێك تازە دەستبەكار بووم، حەبیب محەمەد كەریم سكرتێری ئەوكاتەی پارتی دیموكراتی كوردستان، هات بۆ لامان بۆ رادیۆ و هەڵوەستەیەكی كرد و پێی گوتم، تۆ چ كارەی؟ گوتم بێژەری بەشی توركمانیم. گوتی بۆ جلی كوردیت لەبەر نییە؟ گوتم تازە پێوەندیم بە شۆڕشەوە كردووە و با مووچە وەربگرم جلی كوردی دەكڕم. ئەویش گوتی ئەگەر ئێستە شەش مووچەت بدەمێ دەیكڕی؟ گوتم بۆ نا، ئیتر شەش مووچەی داپێم و منیش دوو دەست جلی كوردیم كڕی. 

شەوێكیان فڕۆكەكانی دوژمن زۆر بە چڕی بۆردمانی شوێنی رادیۆ و دەوروبەریان دەكرد
لە درێژەی بیرەوەرییەكانیدا گوتی، شەوێكیان فڕۆكەكانی دوژمن زۆر بە چڕی بۆردمانی شوێنی رادیۆ و دەوروبەریان دەكرد و منیش لەناو ستۆدیۆ بووم و هەواڵەكانم بە زمانی توركمانی دەخوێندەوە، ئاماژەیان بۆ كردم گوتیان بەهۆی بۆردمانەوە بێژەری كوردی ناتوانێ ئامادە بێت و نازانین ماوە یان مردووە، هەر خۆت كوردییەكەی بخوێنەوە، منیش چونكە كوردییەكەم باش نەبوو، ئاماژەم بۆ ئەحمەد دەشتی كرد سروودێك پەخش بكات تا ئامادەی دەكەم، هەرچۆنێك بوو بە زمانی كوردی خوێندمەوە. بۆ سبەی دكتۆر كەمال مەزهەر هات پێی گوتم تۆ بووی هەواڵەكانت بە زمانی كوردی خوێندەوە؟ گوتم بەڵێ. گوتی "برا ئەوە قل قلەت لە چی بوو؟ سێ قل دەبابە شكاندمان و دوو قل تەیارە خستمان". ئەوەبوو زۆر پێكەنی.

ئەوەیشی گێڕایەوە، رۆژێكیش مامۆستا هەژار موكریانی شاعیر لە پەنای بارەگای رادیۆ دانیشتبوو و نامەیەكی دەخوێندەوە، گوتی كاكەی كەركووكی وەرە ئەوە نامەی "مەلا جەمیل رۆژبەیانی"یە، وەك نوكتە وایە بۆی ناردووم، دەڵێ رۆژێكی هەینی پیاوانی ئاواییەكەمان كۆ دەبنەوە تا نوێژی هەینی بكەن، دەبینن 39 كەسن و بەپێی شەرعی ئیسلام دەبێ‌ 40 كەس بن، بۆیە پێویستیان بە كەسێكی تر دەبێ تا نوێژی جەماعەت بكەن، دەچن یەخەی شوانە رووتەیەك دەگرن و داوای لێ دەكەن بێت لەگەڵیاندا نوێژی هەینی بكات، ئەویش بە شێوەزاری گەرمیانی ئێژێ‌، ئێستە خوای گەورە ئیشی وەمن كەفتووە؟ شەرتوێ نەیەم لێلتانا چونكە سەت ئیشم پێی كەفتووی، هەزار جار لێی پاڕامەسۆ، هیچی بۆم نەكردووە.

جارێكیش لەگەڵ عەبدلوەهاب تاڵەبانی سەردانی رادیۆی كرماشانمان كرد، لەوێ چاومان بە هونەرمەندان مەزهەری خالقی و محەمەد كەمانگەری بەڕێوەبەری رادیۆی شارەكە كەوت، كەمانگەر بۆ رێزگرتن لە ئێمە، داوای لە عەبدلوەهاب كرد هەواڵەكان بخوێنێتەوە. ئەویش زۆرباش خوێندیەوە، وەلێ لە كۆتادا لە جیاتی ئەوەی بڵێ ئێرە رادیۆی كرماشانە. گوتی ئێرە دەنگی كوردستانی عێراقە، ئیتر هەموو دامانە قاقای پێكەنین.

سەڵاح نووری ئاماژە بەوە دەكات كە "نابێ رۆڵی دڵسۆزیی هەردوو هونەرمەندی توركمانی محەمەد ئەحمەد ئەربیلی و نەجمەدین عەنتەر لە بیر بكەین، ئەوان بەردەوام گۆرانی و بەرهەمی توركمانیی جۆراوجۆریان بۆ رادیۆی دەنگی كوردستان دەنارد".
سەڵاح نووری ساڵح لە ساڵی 1950 لە كەركووك لە دایك بووە. هەڵگری دوو بڕوانامەی بەكالریۆسە لە یاسا و ئاداب (بەشی زمانی توركی). ئەندامی كارای سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانە. ئەندامی كۆمەڵەی نێودەوڵەتییە بۆ وەرگێڕان. ئەندامی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان و پیشەی  پارێزەرە.

 وشە/كەركووك- ستار جەباری 










وشە - وشه‌