ماڵی ئیهاب تۆفیق سووتا و بووه‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدانی باوكی

:: PM:02:00:09/01/2020 ‌
به‌هۆی كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگرێكی گه‌وره‌ و له‌ ناكاو له‌ ماڵی ئیهاب تۆفیقی هونه‌رمه‌ند، زیانێكی زۆری مادی به‌ر ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ كه‌وت و باوكیشی له‌ ڕووداوه‌كه‌دا به‌ سووتان گیانی له‌ ده‌ست دا.

ماڵپه‌ڕی فۆشیا بڵاوی كرده‌وه‌، ڕۆژی پێنجشه‌م ئاگرێكی گه‌وره‌ و له‌ناكاو له‌ ماڵی هونه‌رمه‌ند ئیهاب تۆفیق له‌ شاری نه‌سری میسر كه‌وته‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ باوكی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ سووتا و بریندار بوو، وه‌ك میدیاكان باسی ده‌كه‌ن، پێش ئه‌وه‌ی تیمی فریاگوزاری بگه‌نه‌ لای، گیانی له‌ ده‌ست دا.

ئه‌م ئاگره‌ به‌هۆی سووتانی هیته‌رێكی كاره‌بایی بووه‌ كه‌ له‌ ژووره‌كه‌ی باوكیدا هه‌ڵكراوه‌

پۆلیس و لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ پاش لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌كه‌ بۆیان ده‌ركه‌وت، ئه‌م ئاگره‌ی ڤێلاكه‌ی ئیهاب تۆفیق به‌هۆی سووتانی هیته‌رێكی كاره‌بایی بووه‌ كه‌ له‌ ژووره‌كه‌ی باوكیدا هه‌ڵكراوه‌، كاره‌باكه‌ی پێ هه‌ستاندووه‌ته‌وه‌ و ئاگری لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

وه‌ك باسی ده‌كه‌ن، ته‌واوی خێزانه‌كه‌ی له‌و ماڵه‌دا نوستوون، به‌ڵام ته‌نیا باوكی گیانی له‌ ده‌ست داوه‌ و ئه‌وانی تر به‌ سه‌لامه‌تی له‌ ڕووداوه‌كه‌ ده‌رچوون، زیانه‌ مادییه‌كانیشی كه‌ به‌ ڤێلاكه‌ی كه‌وتووه‌، هێشتا بۆ میدیاكان ئاشكرا نه‌كراوه‌.

شایانی باسه‌ ئیهاب تۆفیق تاكه‌ كوڕی له‌ ژیاندا ماوی ئه‌حمه‌د تۆفیقی ده‌رهێنه‌ری ناسراوی میسر بووه‌، پێشتر كوڕێكی ئه‌و ده‌رهێنه‌ره‌ واته‌ برای ئیهاب تۆفیق له‌ ته‌مه‌نی 12 ساڵیدا به‌هۆی ڕووداوی هاتوچۆوه‌ گیانی له‌ ده‌ست داوه‌، دواتریش له‌  ساڵی 2014 به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ دایكی گیانی له‌ ده‌ست داوه‌.






















وشە - ڕێناس شابان