بەرشە پێش یونایتد كەوت.. داهاتی 20 یانە 10 ملیار دۆلاری تێپەڕاند

:: PM:02:02:14/01/2020 ‌
یانەی مانچستەر یوناتید ساڵانە زۆرترین داهاتی هەبووە و هەمیشە لە پێشەنگ بووە، بەڵام لە 2019 یانە كەتەلۆنیەكە پێشەنگی گرت بە كۆ كردنەوەی 963 ملیۆن دۆلار داهاتی ساڵانە.

ئەمڕۆ سێشەم 14ی كانوونی دووەم، داهاتی 20 یانەی وەرزشی لەسەر ئاستی دنیا بۆ ساڵی 2019 راگەیەنرا، كە كۆی گشتی داهاتەكە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار بوو.

ئەگەرچی یانەی مانچستەر یونایتید هەمیشە بە كۆ كردنەوەی زۆرترین داهات پێشەنگی یانە وەرزشییەكانی دنیای گرتووە، بەڵام لە 2019 یانەی بەرشەلۆنەی هەرێمی كەتەلۆنیای ئیسپانی بەڕەی لەژێر پێی یانە ئینگلیزییەكە دەرهێنا و زۆرترین داهاتی كۆكردەوە.
لەو 20 یانەیە، هەشت یانەی ئینگلیزی دەبینرێت كە لە 2019 زۆرترین داهاتیان كۆكردووەتەوە، یەكێك لە هۆیەكانی ئەوەی یانە ئینگلیزییەكان زۆرترین داهاتیان كۆكردووەتەوە، پشكی ئەو یانانەیە لە فرۆشتنی پەخشكردنی یارییەكانی خولی ئینگلیزی، پاشان ئامادەیی هاندەران لە یاریگاكانیان.

بەپێی داتاكانی كۆمپانیای دیلۆیت، یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بە 963 ملیۆن دۆلار پێشەنگی كۆكردنەوەی زۆرترین داهاتی لەسەر ئاستی یانەكان گرتووە، دوای ئەویش یانەی ریاڵ مەدریدی ركابەری دێت بە كۆكردنەوەی 867 ملیۆن دۆلار.

هەرچی یانەی مانچستەر یونایتیدی ئینگلیزییە بۆ پلەی سێیەم دابەزی بە كۆكردنەوەی 815 ملیۆن دۆلار، دوای ئەویش یانەی بایرن مینوشنی هەرێمی باڤاری ئەڵمانی دێت كە لە ساڵی رابردوو 756 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە، پاشان یانەی پاریس سانجێرمانی فڕەنسی بە كۆكردنەوەی 728 ملیۆن دۆلار پلەی پێنجەمی گرتووە. 

مانچستەر سیتی هاوشاری مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی و پاڵەوانی خولی ئینگلتەرا، 699 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە و پلەی شەشەمی گرتووە، پاشان لیڤەرپوول پاڵەوانی چامینز لیگ بە كۆكردنەوەی 692 ملیۆن دۆلار پلەی حەوتەم، پاشان چێڵسی ئینگلیزی بە 587 ملیۆن دۆلار، یۆڤۆنتسی ئیتاڵی بە 526 ملیۆن دۆلار پلەی دەیەمی گرتووە لە كۆكردنەوەی داهات لە ساڵی 2019. 

دان جۆنز هاوبەش لە كارە وەرزشییەكانی كۆمپانیای دیلۆیت دەڵێ، هێشتا پیشەسازی تۆپی پێ لە گەشەسەندن دایە، لە 2019 تەنیا 20 یانە لەسەر ئاستی دنیا، توانیویانە 10 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار داهات كۆبكەنەوە.

لە ریزبەندی پلەی 11 تا 20ـەیەمی ئاستی دنیا، یانەكانی ئەرسناڵ، بڕوسیا دۆرتمۆند، ئەتلەتیكۆ مەدرید، ئینتەر میلان، شاڵكە، رۆما، لیۆن، وێستهام، ئیڤەرتۆن، ناپۆڵی، بەدوای یەك دێن.


وشە - فه‌رمان سادق