هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ئەنجوومەنی گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌كه‌وێته دوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی پێڕه‌وی ناوخۆی ئه‌و حزبه كه لیژنه‌یه‌كی 20 كه‌سی بۆ پێكهاتووه، به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه" تا ئێستا به‌رهه‌م ساڵح، به‌هێزترین كاندیده بۆ سه‌رۆكایه‌تی كردنی حزبه‌كه.
تا پێڕەوی ناوخۆ هەموار نەکرێتەوە هەڵبژاردن بۆ سەرۆکی یەکێتی ناکرێت
بەپێی زانیارییەکانی "وشه" كه له‌ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه ده‌ستی كه‌وتووه، تا ئێستا بەرهەم ساڵح بەهێزترین کاندیدە بۆ سه‌رۆكی یەکێتی، ئه‌گه‌رچی باس له خۆپاڵاوتنی لاهور شێخ جه‌نگیش ده‌كرێت، به‌ڵام هێشتا ئەو هەواڵە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به "وشه"ی راگه‌یاند، تا پێڕه‌وی ناوخۆ هه‌موار نه‌كه‌ینه‌وه ناتوانین سه‌رۆكی حزبه‌كه‌مان دیاری بكه‌ین، چونكه له پێڕهوهكهدا میکانیزمی هه‌ڵبژاردنه‌كه دیاری ده‌كرێت.
زیاتر روونی دەکاتەوە، به‌پێی پێڕه‌وی ناوخۆ ئەگەر یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک هەبێت، رەنگە نەخرێتە دەنگدانەوە، ئەگەر دوو کاندید هەبوو، ئەوا کێ زۆرینەی بەدەستهێنا دەیباتەوە، ئەگەر لە دوو کەس زیاتر بوو ئەوکاتە پێویستی بە دەنگی 2/3ی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە هەیە، ئەگەر لە گەڕی یەکەم زۆرینە بەدەست نەیه‌ت، ئەوکاتە گەڕی دووەم لە نێوان ئەو دوو کەسە دەکرێت کە زۆرترین دەنگیان بەدەست هێناوە.
"لیژنه‌یه‌ك بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی پێڕه‌وی ناوخۆ پێكهاتووه‌و ده‌بێت له ماوه‌ی 10 رۆژدا پێڕه‌وه‌كه هه‌موار بكه‌نه‌وه، دوای ئه‌وه ده‌توانین هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆك یان سكرتێری یه‌كێتی ئه‌نجام بده‌ین" فەرید ئەسەسەر وای گوت.
سلێمانی/ هه‌ستیار عه‌بدوڵا