سەدر داوای خۆپێشاندانێكی ملیۆن كەسی لەدژی ئەمەریكا دەكات

:: PM:05:55:14/01/2020 ‌

دوای پەرەسەندنی دۆخی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵەوە كە ئەو وڵاتە بووە گۆڕەپانێكی راستەوخۆی ململانێكی ئێران و ئەمەریكا، موقتەدا سەدر كە ئێستە لە ئێرانە، داوای سازكردنی خۆپێشاندانێكی ملیۆن كەسی لەدژی بوونی ئەمەریكا لە عێراق كرد و رای گەیاند كە خاك و ئاسمانی عێراق پێشێل دەكرێت.
سەدر دەیەوێت وەك تاكە سەركردە و رابەری شیعەی عێراق دەربكەوێت
دوای ئەو شكستەی دووچاری ئێران و باڵەكانی لە عێراق هاتنەوە لەدوای بۆدمانەكانی ئەمەریكا بۆ بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق و سووریا و كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی، موقتەدا سەدر كە ئێستە لە حەوزەی قوم دەخوێنێت، دەیەوێت خۆی بە سەركردەی شەقام و بەرەی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمەریكا پێشان بدات.

ئەمڕۆ سێشەم سەدر لە تویتێك نووسیویەتی، ئاسمان و خاكی عێراق لەلایەن هێزی داگیركارەوە پێشێل دەكرێت، بۆیە بەرەو شۆرشێكی عێراقی نە رۆژهەڵاتی و نە رۆژئاوایی هەنگاو بنێن، كە خەریكە سەركەوتنی بەسەر عێراق دەردەكەوێت، بۆیە سەربازانی خوا و نیشتیمان خۆپێشاندانێكی ملیۆن كەسی ئاشتیانە دژی بوونی ئەمەریكا و پێشێلكارییەكانی رێك بخەن.  

زیاتر دەڵێت، خۆتان كۆ بكەنەوە و سارد مەبنەوە، عێراق و حەوزەی شیعە هاوارتان بۆ دێنێت و كەمتەرخەمی مەكەن، دڵیام لەوەی بۆ هەمووانی دەردەخەن كە چۆك بۆ خۆبەزلزانی دنیا دانانێن، دوای ئەوە هەڵوێستی تری جەماوەری و سیاسی و پەرلەمانیمان دەبێت بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق و گەلەكەی.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل