لبنان.. رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان دەستی پێ كردەوە

:: PM:06:21:14/01/2020 ‌

ئەمڕۆ سێشەم ناوچە جیاجیاكانی لبنان شەپۆڵێكی نوێی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری بەخۆیەوە بینی و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان لە بەیرووت و تەرابلوس رووی دا، كۆمەڵەی بانكەكانی لبنانیش وریایی داخستنی بانكەكانی ئەو وڵاتە دا.
خۆپێشاندەران 48 سەعات بۆ پێكهێنانی حكوومەت دیاری دەكەن
ئەمڕۆ بەریەككەوتنی هێزە تەناهییەكان و خۆپێشاندەران لە ناوچەی پردی رینگ، كە بەیرووتی پایەتەخت بە دەوروبەرییەوە دەبەستێتەوە، رووی دا و لەكاتی هەوڵی هێزە تەناهییەكان بۆ كردنەوەی رێگاكە ژمارەیەك خۆپێشاندەریان گرت، هاوكات میدیاكانی ئەو وڵاتە رایان گەیاند كە دوو گەنجی ناڕازی ویستیان خۆیان بسووتێنن، بەڵام لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە رێگریان لێ كرا.  

لە باكوری لبنان بەریەككەوتن لە ناوچەی بحساس– تەرابلوس رووی دا كاتێك خۆپێشاندەران بەردبارانی یەكە سەربازییەكانیان كرد، هەروەها ناوچەی بداوی بەریەككەوتنی لە نێوان سوپا و خۆپێشاندەران بەخۆیەوە بینی، لەوكاتەی خۆپێشاندەران هەوڵی داخستنی رێگەی جەل ئەلدیبیان دا، ئەوەش لەوكاتەی خۆپێشاندەران ماوەی 48 سەعاتیان بۆ حەسان دیاب، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو دیاری كرد بۆ پێكهێنانی حكوومەتە نوێیەكەی لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی سەعد حەریری لە 29ی ئۆكتۆبەری رابردوو لەسەر داوای خۆپێشاندەران. 

هەر لە لبنان كۆمەڵەی بانكەكانی لبنانی ئاماژەی كرد كە دۆخی ئەو وڵاتە لە مەترسی گەورەدایە و ئەوان ناتوانن بێ بوونی دەسەڵاتی جێبەجێكاری لە كاركردن بەردەوام بن و رەنگە بگەنە ئاستی داخستنی بانكەكان.

شایەنی باسە جیا لەوەی لبنان بەدەست تەنگژەیەكی قووڵی داراییەوە دەناڵێنێت، یەكێكە لە قەرزارترین وڵاتانی دنیا، كێشەی ئەو وڵاتە بۆ ساڵانێك لە گەندەڵی حكوومەت و خراپی ئیدارەدانی وڵاتەكە دەگەڕێتەوە كە قەبارەی قەرزەكانی لبنان دەگاتە 89.5 ملیار دۆلار. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 113 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌