هێزە شیعەكانی نزیك لە ئێران خۆپێشاندانێكی فرەوان دژی ئەمەریكا ساز دەكەن

:: PM:06:53:14/01/2020 ‌

دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێشەم موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر لە تویتێكدا داوای سازكردنی خۆپێشاندانێكی ملیۆن كەسی لەدژی بوونی ئەمەریكا لە عێراق كرد، هەریەك لە هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی فەتح و گرووپەكانی عەسائیب و نوجەبا پاڵپشتی خۆیان بۆ خۆپێشاندانەكە دەربڕی و داوای بەشداریكردنی لایەنگرانیان تیایدا كرد.

یەكەم وەڵامدانەوەی ئەمەریكا بەرانبەر كوشتنی موهەندیس دەستی پێ كرد

دوای ئەو گورزە گەورەی بەر گرووپەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق كەوت كە ئەمەریكا بۆردمانی بارەگاكانی كردن و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرپەرشتیاری هێزەكانی حەشدی شەعبی لە بەغدا كوشت بێ ئەوەی ئەوان بتوانن وەڵام بدەنەوە، ئەو گرووپانە لەبەردەم جەماوەرەكەیان تووشی شەرمەزاری و لاوازی هاتنەوە، بەمدواییە لە ئێران موقتەدا سەدر و سەرانی گرووپە چەكداركانی سەر بە ئێران كۆبوونەوە و دۆخی عێراق و شێوازی كاركردنی داهاتوویان تاوتوێ كرد كە ئامانجی سەرەكیی ئەوان دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكایە.

ئەگەرچی تا ئێستە دیار نییە كە گۆڕەپانی خۆپێشاندانەكە كوێ دەبێت و كەی دێتە سازكردن، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی "فەتح" دووەم گەورە فراكسیۆنی پەرلەمانی عێراق كە زۆرینەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەخۆ دەگرێت، پاڵپشتی خۆی بۆ خۆپێشاندانە ملیۆنییەكەی سەدر بانگەشەی بۆ كرد، پێشان دا.

نووسینگەی عامری لە بەیاننامەیەكی كورتدا رای گەیاند كە داوا لە هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراق دەكەین بۆ بەشداریكردن لەو خۆپێشاندانە ملیۆن كەسییە كە سەدر داوای سازكردنی كردووە بۆ راگەیاندنی رەتكردنەوەی بوونی ئەمەریكا و بیانی لە عێراق.  

 مەحموود روبەیعی ئەندامی مەكتەبی سیاسی عەسائیب ئەهلولحەق لە تویتێك ئاماژەی كرد، بەمنزیكانە گەل قسەی خۆی لە خۆپێشاندانێكی ملیۆن كەسی دەكات كە سەدر داوای كردووە و ئەوان بوون و تاوان و پێشێلكارییەكانی ئەمەریكا رەت دەكەنەوە، بۆیە بەشەڕەفەكان بەشداری تیادا بكەن.

لای خۆیەوە ئەكرەم كەعبی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا لە تویتێك پاڵپشتی خۆی بۆ داواكەی سەدر دەربڕی وز داوای لە عێراقییەكان كرد بەشداری لە خۆپێشاندانە ملیۆن كەسییەكە بكەن. 

ئەمڕۆ سێشەم موقتەدا سەدر لە تویتێك نووسیویەتی، ئاسمان و خاكی عێراق لەلایەن هێزی داگیركارەوە پێشێل دەكرێت، بۆیە بەرەو شۆرشێكی عێراقی نە رۆژهەڵاتی و نە رۆژئاوایی هەنگاو بنێن، كە خەریكە سەركەوتنی بەسەر عێراق دەردەكەوێت، بۆیە سەربازانی خوا و نیشتیمان خۆپێشاندانێكی ملیۆن كەسی ئاشتیانە دژی بوونی ئەمەریكا و پێشێلكارییەكانی رێك بخەن.  

زیاتر دەڵێت، خۆتان كۆ بكەنەوە و سارد مەبنەوە، عێراق و حەوزەی شیعە هاوارتان بۆ دێنێت و كەمتەرخەمی مەكەن، دڵیام لەوەی بۆ هەمووانی دەردەخەن كە چۆك بۆ خۆبەزلزانی دنیا دانانێن، دوای ئەوە هەڵوێستی تری جەماوەری و سیاسی و پەرلەمانیمان دەبێت بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق و گەلەكەی.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل