مووچەی 88 هەزار هاووڵاتی زیاد دەكرێت

:: PM:12:14:18/01/2020 ‌
بەخستنە بواری جێبەجێكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی، مووچەی 88 هەزار مووچەخۆر زیاد دەكات و ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت، لە پڕۆژەیاساكەدا پێداچوونەوە بە مووچەی خوار 300 هەزار دینار لە سەرووی كارەكانیان دەبێت.

ئەمڕۆ شەموو 18ـی كانوونی دووەم، ڕاهی ڕابەر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەپێی یاسای پەسەندكراوی هەفتەی ڕابردوو لە پێشینەی كارەكانی حكوومەت چاككردنی مووچەی خانەنشینی ئەو هاووڵاتییانەیە كە مووچەكانیان كەمە.

زیاتر لە 88 هەزار خانەنشین هەن كە مووچەكانیان لە خوار 300 هەزارە 
ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان گوتی، لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 88 هەزار خانەنشین هەن كە مووچەكانیان لە خوار 300 هەزارە، بۆیە بە پەسەندكردنی ئەو پڕۆژەیە و بڵاوبوونەوەی لە وەقایعی كوردستان، ئەوا مووچەی ئەو كەسانە بەرز دەبێتەوە بۆ 300 هەزار دینار.

باسی لەوەش كرد، پڕۆژەكە خزمەتێكی باشی ئەو كەسانە دەكات مووچەكانیان كەمە ئەوەیش كار و هەنگاوێكی باشە كە مووچەی ئەو كەسانە باشتر دەكرێت.

ڕۆژی پێنجشەم 16ـی كانوونی دووەم پەرلەمانی كوردستان بەزۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسای چاكسازی پەسەند كرد و بڕیارە ڕۆژی یەكشەم بۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەرز بكرێتەوە بەمەبەستی پەسەندكردنی و بڵاو كردنەوەی لە ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد