كاروان عوسمان خه‌یات (ڕێبین) كه خوێندكاری ماسته‌ره له زانكۆی تاران به‌شی ئه‌ده‌بیاتی فارسی، یه‌كێك له‌و لێكۆڵه‌رانه‌یه ساڵانێكه سه‌رقاڵی گه‌ڕانه به دوای ده‌ستنووسی شاعیرانی كورد، ئه‌و تا ئێسته چه‌ندان كاری گرنگی ئه‌نجام داوه له بواری ساغكردنه‌وه‌ی ده‌ستنووسی شاعیرانی كورد، ساغكردنه‌وه‌ی دیوانی خانای قوبادی، له‌یل و مه‌جنوون، كۆبه‌رهه‌می ئه‌حمه‌د موختار جاف، كۆبه‌رهه‌می شێخ سه‌لام، به‌شێك له دیوانی سالم، كه‌شكۆڵی گه‌رمیان، دیوانی نالی، جگه له‌وانه چه‌ندان به‌رهه‌می تری به چاپ گه‌یاندووه، چه‌ند به‌رهه‌مێكی تری ئاماده‌ی چاپه، رۆژنامه‌ی "وشه" به پێویستی زانی ئه‌و دیداره‌ی له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام بدات.
هه‌ندێك له فارسه‌كان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر فیرده‌وسی شانامه‌ی به زمانی فارسی نه‌نووسیایه، ئێسته زمانی فارسی له به‌ین چووبوو
ئه‌گه‌ر به‌راوردێك له نێوان ئه‌ده‌بی كوردی و ئه‌ده‌بی زمانه‌كانی ده‌وروبه‌رماندا بكه‌ین، ئه‌ده‌بی كوردی له كوێی ئه‌ده‌بی گه‌لانی ده‌وروبه‌رمان له ڕووی فۆرم و ناوه‌ڕۆكدایه؟
ڕاستییه‌كه‌ی له ئاوه‌ها گفتوگۆیه‌كدا ناتوانم حوكمی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی ئه‌وه بده‌م كورد و ئه‌ده‌بیاتی له كوێدایه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له ئه‌ده‌بیاتی فارسیی ده‌خوێنم، ده‌توانم به‌راوردێك له نێوان ئه‌م دوو فه‌رهه‌نگه ئه‌ده‌بییه‌دا له‌و ڕووه‌وه بخه‌مه ڕوو. فارسه‌كان وه‌ك زمان، كولتوور، فه‌رهه‌نگ، شانامه.. كوردیش ئه‌وانه‌ی هه‌یه، فارس له ماوه‌ی ڕابردوودا خزمه‌تی گه‌وره‌ی به‌و فه‌رهه‌نگه كردووه، زۆر شتی گۆڕاوه، هه‌ندێ شتی له ده‌ست چووه، زۆر شتیشی به ده‌ست هێناوه، هه‌ندێك له فارسه‌كان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر فیرده‌وسی شانامه‌ی به زمانی فارسی نه‌نووسیایه، ئێسته زمانی فارسی له به‌ین چووبوو، شانامه ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی له پته‌وی و مانه‌وه‌ی زمانی فارسی داوه، كورد شانامه‌ی هه‌یه، به‌ڵام نه‌یتوانیوه سوودی لێ وه‌ربگرێت و زمانی كوردیی پێ ده‌وڵه‌مه‌ند بكات، نه‌یتوانیوه فه‌رهه‌نگی ئه‌ده‌بیات، پزیشكی، فۆلكلۆری، گیایی، ئه‌فسانه، حه‌ماسی گه‌شه پێ بدات و ده‌وڵه‌مه‌ندی بكات، چونكه شانامه پڕه له ده‌سته‌واژه‌ی كه‌م به‌كارهاتوو، شانامه‌ی كوردی تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه.
جارێك له كۆڕی شانامه‌خوێندنه‌وه‌ی دكتۆر جونه‌یدیدا بووم، پێشتر زانیبووی كه من كوردم، زۆر به‌شانازییه‌وه گوتی ئێمه ئاوڕمان له زمانی كوردی نه‌داوه‌ته‌وه، باسی له ناوی شاخه‌كانی ناو شانامه ده‌كرد، ئه‌وجا گوتی ئه‌و گیا و گوڵانه‌ی لێره‌دا هاتوون، زۆریان له ناوچه كوردییه‌كاندا بووه و هه‌یه. ئه‌مجا گوتی كاك كاروان ئێوه به (دایه و دایه‌ن) چی ده‌ڵێن؟ گوتم ئێمه به دایك به زمانی ڕۆژانه ده‌ڵێین دایه، دایه یان دایه‌ن به مانای ژنێك ده‌دات كه شیر به منداڵی كه‌سێكی تر بدات و وه‌ك منداڵی خۆی به خاوه‌نی بكات. وه‌ك كورد شتی ترمان هه‌یه كه فارس نییه‌تی، بۆ نموونه وه‌ك ئه‌ده‌بیات، شێركۆ بێكه‌س ڕۆمانه‌شیعری هه‌یه و فارس ئه‌وه‌ی تا ئێسته نییه. ده‌توانم به‌م شێوه‌یه و به كورتی ئاوا شتێك به‌راوردكاری بكه‌م. شتانێكی هاوبه‌شمان هه‌یه، وێنای شیعری و داستانی و چیرۆكی دووباره‌مان هه‌یه، شاعیرانی كورد به زمانی فارسی و عه‌ره‌بی خوێندوویانه، به‌ڵام زیاتر له ژێر كاریگه‌ریی فارس‌دا بوون تا عه‌ره‌ب، ئه‌مه دیدگه‌ی منه، له‌وانه‌یشه هه‌ڵه‌بم، ئه‌وه‌ی تا ئێسته بینیومه به‌و شێوه بووه، بۆ نموونه له‌ناو ئه‌ده‌بیاتی فارسی‌دا له كۆندا شیعری 10 بڕگه‌یی هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌وان بۆیان جێی سه‌رسوڕمانه و ده‌ڵێن سه‌ر به فه‌هله‌ویاته و باباتاهیر به نموونه ده‌هێننه‌وه، به‌ڵام كورد له كۆندا بۆ ئه‌م جۆره هه‌ر وایان گوتووه، ئه‌گه‌ر ته‌ماشای شاعیرانی سه‌ده‌ی یه‌ك و دوو بكه‌ی له‌ناو ئه‌ده‌بیاتی فارسی‌دا به‌و كێشه نووسیویا‌نه، به‌ڵام كورده‌كان به 10 بڕگه‌یی نووسیویا‌نه، كورد به‌پێی ئه‌و ده‌ستنووسانه‌ی هه‌یه له ساڵانی 1600 زاینی به دواوه شیعری كێشی نووسیوه، شێخ شه‌هاب و خانا و سه‌یدی و ڕه‌نجووری له‌و جۆره‌یان نووسیوه. دواتر نالی و سالم و كوردی بوون به‌و قوتابخانه‌یه. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مان دره‌نگتر شیعره‌كانیان كه‌وته ده‌ر و چاپ نه‌كراوه، یا هه‌ر به ته‌واوی ون بووه و چاپ نه‌كراوه، بۆیه ناوبانگیان ده‌رنه‌كردووه و نالی و هاوڕێكانی به سه‌رقافڵه ناسێنران.
ده‌توانین بڵێین ئه‌ده‌بی كوردی ئه‌ده‌بێكی ده‌وڵه‌مه‌نده، بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعری كوردی له چاپه‌مه‌نی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده، تا چه‌ند ساغكردنه‌وه و بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعری كوردی مافی خۆی پێ دراوه؟
وه‌ك ده‌گوترێت دیوانی مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی یه‌كه‌م دیوانی شاعیری كورد بووه كه له توركیادا چاپ كراوه، له میسریش شتی كوردی و عه‌ره‌بیی نووسه‌ران و شاعیرانی كورد چاپ كراون، به‌ڵام كورد خۆی له‌به‌ر كێشه و نه‌هامه‌تییه‌كانی ئه‌و كاره‌ی بۆ نه‌لواوه، چه‌ند ساڵێك پێش ئێسته له سه‌ردانێكدا بۆ سعوودیه ئه‌وه‌م بیست كه برای سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یووبی یه‌كه‌م كه‌س بووه كه كتێبخانه‌ی له‌ناو حه‌ره‌می مه‌كه‌دا دروست كردووه، ئه‌م كتێبخانه‌یه ئه‌وه‌نده گه‌وره بووه‌ته‌وه؛ ئێسته براوه‌ته ده‌ره‌وه‌ی حه‌ره‌م. زانای كورد چاپخانه‌ی به سواری گوێدرێژ بردووه‌ته سعوودیه، ئێمه نووسراو و چاپه‌كانی كۆنمان له بیر كردووه، گرنگی ئه‌م نووسراوانه نازانین، وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی نازانێ ئه‌ركی چییه، به‌رنامه‌ی نییه، بووه‌ته شتێكی ڕۆتین له‌ناو حوكوومه‌تدا.
بڵاوه‌ی كوردی نازانم بڵێم چی! نازانم ده‌ست بخه‌مه سه‌ر كام برین، ئێمه ناوه‌ندمان هه‌یه ته‌نیا شتی سلێمانی چاپ ده‌كات، ده‌زگه هه‌یه ده‌ڵێ نا ئه‌مه له‌به‌رئه‌وه لایه‌نگری یا به‌ڵگه‌كه‌ی پشتیوانی له فڵان میله‌ت ده‌كات، من چاپی ناكه‌م، ئاستی تێفكرینی نووسه‌ران و ئه‌وانه‌ی له‌و جێیانه‌ن نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی فیشه‌كێك له گه‌رمیان بكه‌وێت ده‌بێ دیاربه‌كر هاوار بكات، به پێچه‌وانه‌یشه‌وه، ئێمه تا به‌ڵگه‌نامه و نووسراوه كۆنه‌كانی خۆمان به بێ جیاوازی ناوچه‌یی و لق و پۆپه‌كان چاپ نه‌كه‌ین و ده‌سته‌به‌ندیان نه‌كه‌ین، ناتوانین مێژووی ئه‌ده‌بیاتی كوردی بنووسینه‌وه، ئه‌وه‌ی تا ئێسته نووسراوه مێژووی شیعر و شاعیرییه، ته‌ماشاكه نه‌وه‌ی ئێمه ته‌نیا نالی و سالم و مه‌حوی و مه‌وله‌وی ده‌ناسێت، زۆریشیان ناتوانن مه‌وله‌ویش بخوێننه‌وه. قسه بۆ ئه‌م بابه‌ته زۆره.
زانكۆكان به‌وپێیه‌ی ناوه‌ندی ئه‌كادیمین، به‌شی كوردیی ئه‌و زانكۆیانه تا ئێسته تاچه‌ند توانیویانه خزمه‌ت به دیوانه ده‌ستنووسه‌كان بكه‌ن و ساغیان بكه‌نه‌وه و له چوارچێوه‌ی نامه‌یه‌كی ئه‌كادیمیدا چاپیان بكه‌ن؟
ڕاستیت ده‌وێت ئه‌و خزمه‌ته‌یان نه‌كردووه جێی دڵخۆشی بێت، زۆربه‌ی زۆری دكتۆره‌كانی زانكۆ نازانن ده‌ستنووس بخوێننه‌وه، ده‌توانم بڵێم ڕێیه‌كانی و ناسینه‌وه‌ی ده‌ستنووسه‌كانیش نازانن چۆنه. زۆر به ده‌گمه‌ن ده‌بینیت دیوانێك له‌سه‌ری نووسرابێت ئه‌م دیوانه نامه‌یه‌كی ماسته‌ر یا دكتۆرای زانستییه و چاپ كراوه. ئه‌وه‌ی كراوه هه‌وڵی تاكه‌كه‌سی ده‌ره‌وه‌ی زانكۆیه، پێویسته ته‌واوی دیوانه چاپكراوه‌كان دووباره پێداچوونه‌وه‌یان بۆ بكرێت و چاپ بكرێنه‌وه. ئه‌وانه‌یشی كه وه‌ك نامه‌ی دكتۆرا و ماسته‌ر چاپ كراون، زۆر پابه‌ند نه‌بوون به شێواز و یاسا‌كانی ساغكردنه‌وه‌ی ده‌ستنووس، ئه‌مجا ڕێنووس و تایپ و هه‌ڵه‌چنییه‌كی ته‌واو نه‌كراون، له‌مدواییه‌دا دیوانی چه‌ند شاعیرێكم بینی كه تازه چاپ كراونه‌ته‌وه، گریانم بۆیان ده‌هات، نه فۆنتیان فۆنته و نه هه‌ڵه‌چنییه‌كی ته‌واویان بۆ كراوه، كه‌چی پاره‌یه‌كی زۆریشیان بۆ خه‌رج كراوه.
زانكۆكانی ئێمه بوونه‌ته ناوه‌ندی بڕوانامه‌ی بێبه‌رنامه و كار و هیچ له هه‌گبه‌یاندا نه‌بوو
بوونی ئه‌و هه‌موو به‌شه كوردییه له زانكۆكان تا چه‌ند بووه‌ته هۆی به‌ره‌وپێشبردنی زمان و ئه‌ده‌بی كوردی؟
ساڵانه چه‌ندان كۆڕ و سیمینار و فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی ده‌كرێن، به‌رهه‌مه‌كه‌یان كوا! ئه‌م به‌شانه توانیویانه له‌سه‌ر زمانی ستاندار ڕێك بكه‌ون، توانیویانه ڕێنووسی مامۆستاكان و زانكۆكان خۆیان ڕێك بخه‌ن، توانیویانه خوێندكاره‌كانیان به یه‌ك ڕێنووس بنووسن، به‌رهه‌می خوێندكاره‌كانیان كوا! ئه‌وی بووه به شت، هه‌وڵی دوای زانكۆی بووه، یان پێشتر خۆی شتی تێدا دروست بووه، زانكۆكان لێپرسینه‌وه‌یان له‌و خوێندكارانه كردووه كه چوونه‌ته ده‌ره‌وه، ئه‌م هه‌موو خوێندكاره له ده‌ره‌وه‌یه له هه‌موو به‌شه جیاوازه‌كان، كوا به‌رهه‌م و لێكتێگه‌یشتنیان، كوا كۆڕ و سیمیناریان، كوا ئامانجیان، كوا نه‌تیجه‌یان، هه‌موو هه‌وڵی بۆ ئه‌وه‌یه مووچه‌كه‌ی چه‌ند زیاد ده‌كات، چۆن ببێته پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر، پڕۆفیسۆر. خه‌م خه‌می پاره‌یه، ده‌بێ ئه‌و خوێندكارانه‌ی ده‌چنه ده‌ره‌وه یان ده‌نێردرێنه‌وه ده‌ره‌وه لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، له ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه‌ی له ده‌ره‌وه‌یه كاتێك دێته‌وه به‌شه‌كانیان بانگهێشتیان بكات و سوود له تواناكانیان وه‌ربگیرێت و هانی خوێندكارانی تری پێ بدرێت، توانای خوێندكارانی تری پێ به‌رز بكرێته‌وه. زانكۆكانی ئێمه بوونه‌ته ناوه‌ندی بڕوانامه‌ی بێبه‌رنامه و كار و هیچ له هه‌گبه‌یاندا نه‌بوو.
زۆرجار ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی ساغ كراونه‌ته‌وه، هه‌ندێك ناوه‌ندی ئه‌كادیمی به بیانووی ئه‌كادیمی نه‌بوونی توێژه‌ره‌كانیان یان به‌رهه‌مه‌كانیان بێبه‌ها ده‌كه‌ن، تا چه‌ند ئه‌كادیمیبوون مه‌رجه بۆ ئه‌وانه‌ی له بواری ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب و زماندا كار ده‌كه‌ن؟
پێم خۆشه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته زیاتر بدوێم. بۆ خۆم پێش ئه‌وه‌ی بچمه ده‌ره‌وه‌ی وڵات و له زانكۆ بخوێنم، زۆر ڕێیه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌م به باشی نه‌ده‌زانی، تێنه‌گه‌یشتبووم له‌و جۆره كارانه، تا نه‌ڕۆیته ده‌ره‌وه نازانی ئێمه له بواری زانست‌دا چیمان به‌سه‌ر خوێندنگه‌كانماندا هێناوه، زانكۆكانمان ئاستیان له كوێدایه، بۆ خۆم تا پۆلی شه‌شیشم له كوردستان ته‌واو كرد هیچم له كێش و سه‌روا نه‌خوێندبوو، كاتێك چوومه زانكۆ تاران، ده‌سته‌ودامانی ئه‌م و ئه‌و ده‌بووم كه تۆزێك كێش و سه‌روام فێر بكات. شێوه‌ی ساغكردنه‌وه‌ی ده‌ستنووس و به‌ڵگه‌نامه فێر بووم، خۆشبه‌ختانه له‌وێ هه‌ر زانكۆیه‌ك ڕێبازێكی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، بۆ نموونه زانكۆی تاران به‌شی ئه‌ده‌بیاتی فارسی زۆر له‌سه‌ر ده‌ستنووس و مێژووی كۆن كار ده‌كه‌ن و گرنگی پێ ده‌ده‌ن، زانكۆ هه‌یه ته‌نیا كار له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی نوێ ده‌كات؛ به‌و شێوه‌یه. له زانكۆی تاران وانه‌گه‌لێك كه من خوێندوومه، شێوه‌ی مه‌قاله‌نووسین، شێوه‌ی هه‌ڵه‌چنی به ورده‌كارییه‌وه، سه‌رچاوه‌ناسی، دیوانه‌كان كه ده‌مانخوێند، گرفته‌كانی ئه‌و دیوانانه له ڕێی ده‌ستنووس و نوسخه كۆنه‌كانه‌وه ده‌ناسێنران و چاره‌سه‌ر ده‌كران. بۆیه ئه‌گه‌ر به بیانووی ئه‌كادیمی نه‌بوون ڕه‌ت بكرێته‌وه؛ هاوڕام، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی كه ئه‌كادیمیی نه‌بێت. پێم خۆشه شتێك بڵێم، كاتێك خه‌ریكی دیوانی تاهیر به‌گی جاف بووین و تا ئێسته كه خه‌ڵكێكی زۆر چاوه‌ڕێن و به‌ڕێزتانیش چه‌ندان جار هه‌واڵتان پرسیوه و هاوكاریتان كردووین، گرفتمان ئه‌وه بووه ئه‌و دیوانانه‌ی كه چاپ كراون، ئه‌كادیمی نه‌بوون، نازانین چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ین، تا ئێسته پێنج جار ڕێبازی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یم گۆڕیوه، ناچار بووم له‌و ڕێبازانه‌ی كه بۆ ساغكردنه‌وه‌ی ده‌ستنووس و دیوان به‌كار هاتووه، تێكه‌ڵ بكه‌م و ڕێبازێكی نوێ بۆ ئه‌و دیوانه دابنێم. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای به‌رهه‌مه‌كانی شێخ سه‌لام بكه‌یت، هه‌ر به‌رگێكیان ڕێبازێكه، پێویسته دیوان و نوسخه‌كان هه‌روا ساغ نه‌كرێته‌وه و بخرێته بازاڕه‌وه، هه‌ندێ دیوان چاپ كراون، خۆزگه ده‌خوازی به چاپه كۆنه‌كه‌یان، یا ده‌ڵێی خۆزگه هه‌ر نوسخه‌كه وه‌ك خۆی چاپ بكرایه. ئه‌م قسانه‌یشم مانای ئه‌وه نییه كه كاره‌كانی من باشن و بێ هه‌ڵه‌ن و هی خه‌ڵكی خراپن، مه‌به‌ست له‌سه‌ر شێوه‌ی ئه‌كادیمی و ئه‌كادیمی نه‌بوون و ڕه‌تكردنه‌وه‌یه له‌لایه‌ن ده‌زگه‌كانه‌وه. چه‌ند كتێبێكم كه له ئێران چاپ بوون، له‌وێ سانسۆر هه‌یه، خۆشبه‌ختانه هه‌مووی به بێ سانسۆر و لێبڕین و كه‌مكردنه‌وه ڕێیان درا چاپ بكرێن.
تا چه‌ند ئه‌ده‌بی كوردی له ده‌ره‌وه بووه‌ته جێی بایه‌خی ناوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كان، به‌تایبه‌ت له زانكۆكانی ئێران و توركیا؟
ڕاستییه‌كه‌ی بۆ توركیا نازانم، چونكه كه‌متر به لای ئه‌و وڵاته‌دا ڕۆیشتووم، ڕوونیشه توركیا ددانی خێر نه به كورد و نه به فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتیدا نانێت، ئه‌گه‌ر پێی خۆش بووایه ڕێی ده‌دا نوسخه و به‌ڵگه‌نامه‌كانی كورد له‌و وڵاته‌دا به ئاسانی وه‌ربگیرێت، به‌ڵام بۆ ئێران وانییه.
ئێران كورد به به‌شێك له خۆی ده‌زانێت، به فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتیش لێیه‌وه نزیكه؛ به زمانیش به هه‌مانشێوه، تۆ ته‌ماشاكه كوردێك زوو فێری زمانی فارسیی ده‌بێت، به‌ڵام بۆ توركی وا نییه. ئێران ڕێ ده‌دات نوسخه و به‌ڵگه‌نامه‌كان وه‌ربگیرێته‌وه، كاریان له‌سه‌ر بكه‌یت، له زانكۆكانیشدا ده‌توانی له‌سه‌ر كولتوور و فه‌رهه‌نگی كوردی بنووسیت، شێركۆ و فه‌رهاد و به‌ختیار عه‌لی ده‌یان نامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆرایان له‌سه‌ر هێنراوه، خه‌ڵكێكی زۆر شێركۆ و به‌ختیار و په‌شێو و شێرزاد حه‌سه‌ن ده‌ناسن. فه‌رهاد پیرباڵ و فه‌رهاد شاكه‌لی ده‌ناسن. خۆم له‌گه‌ڵ یه‌كێك له مامۆستاكانی به‌شی ئه‌ده‌بیات له زانكۆی تاران كاتێك مامۆستا قانع خورشید كاری له‌سه‌ر عیرفانی خانی ده‌كرد، هه‌ڵگه‌ڕاوه و گوتی، ئێمه تینووی ئه‌م بابه‌تانه‌ین و ئه‌وه‌نده له‌سه‌ر حافز و سه‌عدی و ئیبن عه‌ره‌بی و فڵان كار كراوه، بۆ ئێمه شته‌كان دووباره‌ن، به‌ڵام ئه‌م نامه‌یه تینوویه‌تیی شكاندم. بۆیه خوێندكاران پێویسته به جوانی ئه‌و فه‌رهه‌نگه بناسێنن. جارێك له نامه‌یه‌كی دكتۆرادا دانیشتبووم، یه‌كێك له مامۆستاكان گوتی شێخ ڕه‌زا نابێته تیلنیشان، یه‌كێك له مامۆستاكان كه خۆی كورد بوو، گوتی له ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا كاتێك ناوی شێخ ڕه‌زا دێنیت، هه‌موو پێده‌كه‌نن و ده‌زانن بابه‌ته‌كه چییه، شێخ كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری كراوه و بووه به ڕه‌مز و نیشانه، گوتی با ئه‌مه‌یش بڵێم كاتێك بێتاقه‌ت ده‌بم، دیوانی شێخ ڕه‌زا ده‌خوێنمه‌وه. زۆر شتی له‌و شێوه‌مان هه‌یه. له مێژووی ئه‌ده‌بیاتی فارسی‌دا چی له كتێبی مێژووی ئه‌ده‌بیاته‌كه‌ی زه‌بیحوڵای سه‌فادا و چی له‌وه‌ی یارشاتریشدا له جێی خۆیدا باسی كورد و ئه‌ده‌بیاتی كوردی كراوه، به‌تایبه‌ت له‌وه‌ی یارشاتردا نزیكه‌ی 150-250 لاپه‌ڕه باسی ئه‌ده‌بیاتی كوردی كراوه.
ئه‌و پێداویستییه زانستییانه چین بۆ ئه‌وانه‌ی كه ده‌یانه‌وێ شاره‌زابن له ساغكردنه‌وه‌ی ده‌ستنووسی شاعیرانی كلاسیك؟
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت له زمانه، ده‌بێ به‌لای كه‌م دوو زمان بزانێت، به‌تایبه‌تی زمانی فارسی زۆر گرنگه، فارسی به نووسین و گۆكردن و نیشانه‌كانی، شێوه‌زاره‌كانی زمانی كوردی شاره‌زا بێت و ئاگاداریی لێی هه‌بێت. شاره‌زایی له ده‌ستنووس و ناسینه‌وه و ساغكردنه‌وه و ڕێبازه‌كانی هه‌بێت، خاڵبه‌ندی و ڕێنووس به باشی بزانێت، هه‌رچه‌ند ئێمه تا ئێسته كێشه‌ی ڕێنووسمان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و بۆچوونه جیاوازه نابێته ڕێگر له به‌رده‌م ئه‌و كاره‌دا.
شاعیرانی كورد بایی ئه‌وه ده‌ستنووسیان هه‌یه كه ناوه‌ندێكی ئه‌كادیمی بۆ دروست بكرێت، تا خه‌ڵكی شاره‌زای بۆ پێ بگه‌یه‌نێت و له دواڕۆژێكی نزیكدا گرنگی زیاتر به‌و به‌رهه‌مانه بدرێت؟
ئه‌گه‌ر ڕاستگۆیانه له‌و بابه‌ته بڕوانین و لێی بدوێین، به‌ڵێ كورد خاوه‌نی ده‌ستنووسێكی زۆره و زۆریش له‌وه زۆرتره كه لێی ده‌ڕوانین و به ده‌ستمان هێناوه، ئه‌وانه‌ی له ده‌ستنووس دواون و به دوای ده‌ستنووسدا گه‌ڕاون و ده‌گه‌ڕێن، ئه‌وانه‌یشی كه كۆیان كردوونه‌ته‌وه، ته‌نیا وڵاتانی وه‌ك ئێران، توركیا، ئه‌ڵمانیا، عێراق و ئه‌مه‌ریكایان له به‌رچاوان گرتووه. هه‌ر بۆ نوسخه‌كانی توركیا و ئێران ده‌توانین چه‌ند ناوه‌ندیان بۆ دامه‌زرێنین و چه‌ندان كه‌سیان بۆ پێ بگه‌یه‌نین، هه‌ر ئه‌وه‌ی كه له‌لای منه ده‌توانم بڵێم یه‌ك ناوه‌ندی پێویسته، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌وانه‌ی خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی ده‌ستنووسن، له هه‌ندێ جێ‌دا ته‌نیا بووه‌ته جێی ئه‌وه‌ی كۆ بكرێته‌وه و چه‌ندان كه‌سی نزیك له خۆیان بۆ ئه‌و جێیانه ڕاكێشاوه، هه‌موو شتێك بووه به خۆیان، خزم خزمێنه، بێبایه‌خكردنی به‌رهه‌می ئه‌وانی تر و به كه‌م ته‌ماشاكردنی ئه‌وانی تر و ئیتر له‌و بابه‌ته، به‌ڵام وه‌ك خۆم هیچ كات گوێ به‌و شتانه ناده‌م و نه‌مداوه، خه‌ریكی كاری خۆمم به ئارامی و ئه‌وه‌ی له توانامدا بێت ئه‌نجامی ده‌ده‌م، هه‌ر جێ و كه‌سێك ڕووی بۆ هاوكاریی لێم نابێت، هاوكاریی ده‌كه‌م، ئه‌وه‌ی پێم بكرێت ئه‌نجامی ده‌ده‌م به‌بێ ئه‌وه‌ی شه‌رم بكه‌م، خۆم به بچووكی هه‌موو لایه‌ك ده‌زانم و خۆم بۆ خزمه‌تی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتی كوردی ته‌رخان كردووه. ئه‌وه‌ی تا ئێسته‌یش ئه‌نجامم داوه، هه‌رچی كه‌موكورتی تێدا بێت له ئه‌ستۆی منه و له نه‌زانین و ناشاره‌زایی من بووه، له داهاتوودا و ئه‌وه‌ی چاپ بووه و بمه‌وێ چاپی بكه‌مه‌وه، هه‌موو ئه‌وانه چاره‌سه‌ر ده‌كرێن. به‌گشتی ده‌بێ زۆر به‌لای ده‌ستنووس و نووسراوه كۆنه‌كانماندا بڕۆینه‌وه و ئه‌وه‌ی پێویسته چاپ بكرێت، چاپ بكرێت و ئه‌وه‌ی پێویستی به ته‌نیا لێكۆڵینه‌وه‌یه، به‌شێوه‌ی بابه‌ت و سه‌ره‌قه‌ڵه‌م بخرێنه ڕوو.
له ساڵانی ڕابردوودا كۆمه‌ڵێك كاری گرنگت ئه‌نجام دا، كۆكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی شێخ سه‌لام، ئه‌حمه‌د موختار جاف، خانای قوبادی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی خانای قوبادی خوێنه‌ر هه‌ست ده‌كات زۆری بۆ ماندوو بووی، گرنگی خانای قوبادی له چیدا بوو كه به‌شێكی زۆری كاتت بۆی ته‌رخان كرد؟
له‌باره‌ی شێخ سه‌لام كه دوو ساڵ تا سێ ساڵی خایاند و بڵاو بووه‌وه، سه‌لام شاعیرێكی تازه بوو، به سه‌بكی تازه ده‌ینووسی و زمانێكی ساده‌ی هه‌بوو، زۆر شتی بڵاونه‌كراوه‌ی هه‌بوو، پێویست بوو ئه‌و كاره‌ی بۆ بكرێت، وه‌ك گوتم كۆمه‌ڵێك شاعیر هه‌ن پێویسته كاری نوێیان بۆ بكرێت و پێداچوونه‌وه به به‌رهه‌مه‌كانیاندا بكرێت. ئه‌حمه‌د موختاریش به هه‌مانشێوه له كاتی كاركردنم له‌سه‌ر سه‌لام؛ ئه‌ویشم به هه‌مانشێوه به ده‌سته‌وه بوو و ئاماده‌ی چاپ كرا و چاپ و بڵاو كرایه‌وه، ئه‌گه‌ری هه‌یه له دوو سێ مانگی داهاتوو له بازاڕدا نه‌مێنێت، من بۆ هه‌ر به‌رهه‌مێك ده‌توانم بڵێم ته‌واو كاتی خۆمی پێ ده‌ده‌م و هه‌وڵ ده‌ده‌م تازه‌گه‌ریی تێدا بكه‌م و شتی نوێ له چاپه‌كه‌ی مندا ببینرێت، وه‌ك بینیوتانه هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی من ئه‌نجامم داوه، شیعری نوێ و شتی نوێی تێدایه. له‌باره‌ی خانای قوبادیش دوو جار چاپ بوو، جاری یه‌كه‌م به‌شێك بوو له دیوانه‌كه‌ی و جاری دووه‌م ده‌توانم بڵێم به ته‌واوی چاپ كراوه، چونكه هه‌رچی ده‌ستنووسێك به‌رده‌ستمان كه‌وتبێت و زانیاریم له‌سه‌ری هه‌بووبێت، بۆی چووم و به ده‌ستم هێناوه. شه‌ش ساڵ كارم له‌سه‌ری كرد. خانا شاعیرێكی گه‌وره‌یه، كورد نه‌یتوانیوه بیناسێنێت، تا ئێسته كورد نه‌یتوانیوه فێستیڤاڵێكی گه‌وره‌ی بۆ ساز بكات، خانا خاوه‌نی بیرێكی گه‌وره‌یه، تێڕوانینێكی كوردانه‌ی جوانی هه‌بووه. "هه‌رچه‌ن مه‌واچان فارسیی شه‌ككه‌ره‌ن، كوردی جه فارسیی به‌ڵ شیرینته‌ره‌ن". ده‌زانی ئه‌وه چی ده‌گه‌یه‌نێت، ناڵێ به زمانی هه‌ورامی یا گۆرانی یا جاف، ده‌ڵێ كوردی، خانا خاوه‌نی گه‌وره‌ترین شاكاری ئه‌ده‌بییه، خانا جگه له دیوانه‌كه‌ی، خه‌مسه‌ی نیزامیی وه‌رگێڕاوه، داهێنانی گه‌وره‌ی تێدا كردووه، به‌داخه‌وه كورد ڕێزی لێ ناگرێت و كاری له‌سه‌ر نه‌كردووه، ئێمه ته‌نیا نالی و سالم و كوردی به سه‌رقافڵه‌ی داهێنان داده‌نێین، كه‌چی خانا و میرزا شه‌فیع و ئه‌ڵماسخانی كه‌ندوڵه‌یی، سێكوچكه‌ی ئه‌رده‌ڵان بوون و گه‌وره‌ترین شۆڕشی ئه‌ده‌بییان به‌رپا كردووه، ئه‌وان پێش نالی و سالم و كوردیی به‌رگرییان له زمان و نه‌ته‌وه‌ی كورد كردووه، كه‌چی تا ئێسته ته‌نیا خانا دیوانی چاپ كراوه؛ ئه‌و دوانه‌ی تریش به‌نده ئاماده‌ی كردووه، به‌ڵام تا ئێسته هیچ ناوه‌ندێك خۆی به سپۆنسه‌ری نازانێت. ئێمه گرفتی ئه‌وه‌یشمان هه‌یه كه نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له شێوه‌زاری گۆرانیی نازانێت، كتێبخانه و چاپه‌مه‌نییه‌كانیش بیانووی ئه‌وه دێننه‌وه كه ئه‌م دیوانانه خوێنه‌ریان كه‌مه و ناتوانن له‌به‌ر چه‌ند كه‌سێك ئه‌م كتێبانه چاپ بكه‌ن. نازان ئه‌مانه چی توحفه‌یه‌كن بۆ مێژووی ئه‌ده‌بیاتی كوردی. تا ئێسته دوو به‌رهه‌می خانای قوبادیم چاپ كردووه، به پشتیوانیی خوا هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی چاپ ده‌كه‌م.
چه‌ند ساڵێك به‌ر له ئێسته ئه‌وه‌تان ڕاگه‌یاند كه هه‌ندێك ده‌ستنووسی تازه‌ی شیعری نالیتان دۆزیوه‌ته‌وه، سه‌رقاڵی ساغكردنه‌وه‌یان بوون، ئه‌و پڕۆژه‌یه گه‌یشت به‌چی، هه‌روه‌ها جیاوازی ئه‌و ده‌ستنووسانه چین له‌گه‌ڵ ئه‌و شیعرانه‌ی مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس ساغی كردوونه‌ته‌وه؟
به‌ڵێ، نزیكه‌ی 13 ده‌ستنووسی دیوانی نالیم له به‌رده‌ستدا بوو، پێم خۆش بوو كارێكی بۆ ئه‌نجام بده‌م، دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كاك جووتیار نه‌ریمان و كاك عه‌تای حه‌وارینه‌سه‌ب له تاران و مامۆستا مه‌لا جاسم له كه‌لار كه به (كه‌لاری) ناسراوه، نزیكه‌ی پێنج ساڵه كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت، ئه‌م كاره دابه‌ش كراوه به‌سه‌ر هاوڕێیاندا، من نوسخه‌كانم كۆ كرده‌وه و ناساندوومه و ڕای خۆم له‌سه‌ر گۆكردن و لایه‌نی ده‌ستنووسه‌كان و چۆنێتی كاركردن و ئه‌وانه ده‌ربڕیوه و ئه‌نجامم داوه، مامۆستا جاسم وه‌ك كێش و سه‌روای شیعره‌كان و گۆكردن و ئه‌وانه؛ كاری تێدا كردووه، كاك عه‌تای حه‌وارینه‌سه‌ب نوسخه‌كانی به‌راورد كردووه و تێبینییه‌كانی نووسیوه، كاك جووتیاریش دوایین پێداچوونه‌وه‌ی ئه‌نجام ده‌دات، له چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا هه‌موو تێبینی و خاڵه گرنگه‌كان به ئاماده‌بوونی كاك جووتیار و كاك عه‌تا و به‌نده خرانه ڕوو و تاوتوێ كران و نووسرانه‌وه و تایپ كران، ئێسته ئه‌و كاره له‌لای كاك جووتیاره بۆ دواین پێداچوونه‌وه، ئه‌ویش له‌به‌ر سه‌رقاڵی و خوێندنی دكتۆرا هه‌ندێك له كاره‌كه دواكه‌وتووه، وه‌ك ناوه‌ڕۆكی كاره‌كه جیاوازیی زۆری له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیسدا هه‌یه، ئێمه هه‌وڵمان داوه ئه‌و گیروگرفتانه‌ی مامۆستایان هه‌یانبووه، ئه‌وانه چاره‌سه‌ر بكه‌ین، هه‌ندێ شیعری گوماناوی كه له دیوانی نالی‌دا هاتووه، لاببرێت و شتانێكی تر زیاد كراوه، سه‌رنج و تێبینی جیاواز له‌و بابه‌تانه دیاری كراوه و چاره‌سه‌ر كراوه و خراوه‌ته ڕوو، به پـشتیوانی خوای گه‌وره هه‌وڵ ده‌ده‌ین له ساڵی داهاتوودا ئه‌وه‌یش ته‌واو بكه‌ین و چاپ بكرێت.
وشه/ دیمانه- ئیسماعیل ته‌ها