هەنگاوەكانی خانەنشینی كرێكاری كەرتی تایبەت دەست پێ دەكەن

:: PM:12:58:20/01/2020 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رای دەگەیەنێت كە ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی گرنگ بەڕێوە چووە كە ئامانجی كاركردنە بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی كەرتی تایبەت وەك فەرمانبەری كەرتی گشتی، خانەنشین بكرێن.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی كانوونی دووەم، ئاریان ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە"وشە"ـی گوت، كۆبوونەوەی ئەو لیژنە باڵەیەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ كێشە و گرفتەكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی دروستی كردبوو، ئەمڕۆ دەستی پێ كرد و بەهەمدار بوو.

ئەوانەی خزمەتی تەواویان هەیە وەك فەرمانبەری كەرتی گشتی، خانەنشین بكرێن
بەگوتەی ئاریان، "تێیدا باس لە جێبەجێكردنی هەنگاوەكان بۆ ئەوەی زۆرترین كرێكاری كەرتی تایبەت لە ماف و شایستەكانیان بێبەش نەبن كرا، هاوكات كاری رژد بكرێت بۆ ئەوەی دەستەبەری كۆمەڵایەتی كەرتی تایبەت بگرێتەوە و ئەوانەی خزمەتی تەواویان هەیە وەك فەرمانبەری كەرتی گشتی، خانەنشین بكرێن".

"ئەمە هەنگاوێكی باشە بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی تایبەت و دەستەبەركردنی مافی كرێكارانی كەرتی تایبەت" گوتەبێژەكە وای گوت.

لە كوردستان هەموو كەس چاوی لەوەیە لە حكوومەت دابمەزرێت، چونكە خانەنیشینی بۆ كەرتی تایبەت مسۆگەر نەكراوە و یاسا پاڵپشتی نەكردووە، ئەوەیش بەردەوام گوشار لەسەر حكوومەت دروست دەكات.


لیژنەكە لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ كێشە و گرفت و مافەكانی كرێكار پێكهاتووە و بریتین لە كوێستان محەمەد وەزیری كار، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.



وشە - رامیار جەواد