پەرلەمانتارێك: 14 ترلیۆن دیناری داهاتی دەروازەكان دەدزرێت

:: PM:03:44:23/01/2020 ‌
تا دێت دۆسیەی زیاتری گەندەڵی لە عێراق بڵاو دەبێتەوە. پەرلەمانتارێك دەڵێ، لە كۆی 15 ترلیۆن دینار داهاتی دەروازەكان، 14 ترلیۆنی دەدزرێت. حوسێن عیقابی پەرلەمانتاری لیژنەی یاسایی ئاشكرای دەكات، ئامانج لە ناردنی بودجەی 2020 بۆ پەرلەمان درێژكردنەوەی تەمەنی حكوومەتی كاربەڕێكەرە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی كانوونی دووەم، حوسێن عیقابی پەرلەمانتاری لیژنەی یاسایی ئاشكرای دەكات، تا ئێستە كڕین و فرۆشتن بە پۆستەكانەوە دەكرێت و پۆستی بەڕێوەبەری گشتی نرخەكەی لە نێوان 200 بۆ 300 هەزار دۆلاری ئەمەریكییە.

عیقابی باس لە داهاتی دەروازەكان دەكات كە بەپێی بودجەی خەمڵێنراو ساڵانە یەك ترلیۆن دینارە، بەڵام ئەو دەڵێ، داهاتی ساڵانەی دەروازە سنوورییەكان دەگاتە 15 ترلیۆن دینار و لەم بڕە 14 ترلیۆن دیناری دەدزرێت، ئەمەش كارەساتێكی گەورەیە و لاوازیی دەسەڵاتی حكوومەت پێشان دەدات.

ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی یاسایی پێی وایە هەوڵی ناردنی بودجەی 2020 بۆ پەرلەمان، هەوڵێكە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی حكوومەتی كاربەڕێكەر.

ئامانج لە ناردنی بودجە بۆ پەرلەمان درێژكردنەوەی تەمەنی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدییە


"هاووڵاتییان دەبێ ئەو راستییە بزانن كە حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی توانای ناردنی بودجەی بۆ پەرلەمان نییە، بۆیە ئەو هەوڵەی كە دەدرێت، ئامانج لێی هێشتنەوەی عەبدولمەهدییە لە پۆستەكەی و درێژكردنەوەی تەمەنی حكوومەتی كاربەڕێكەرە". عیقابی وای گوت. ئەوەشی خستەڕوو كە دواخستنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، هۆكارە لە نەناردنی بودجەی 2020 بۆ پەرلەمان. 

قسەكانی ئەو پەرلەمانتارە لە كاتێكدایە لە یەكی كانوونی یەكەمی رابردوو عادل عەبدولمەهدی دەست لەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی راگەیاند، ئەگەرچی بەپێی دەستوور دەبوو پاش 15 رۆژ لیستی زۆرینەی پەرلەمان كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران رادەستی سەرۆكایەتی كۆمار بكردایە بۆ راسپاردنی پێكهێنانی كابینەی نوێ لە ماوەی مانگێكدا، بەڵام 54 رۆژ بەسەر ئەو ماوەیە تێپەڕیوە هێشتا هیچ كەسێك كاندید نەكراوە.



وشە - فه‌رمان سادق