ئەگەرچی دەبوو شەش مانگ زووتر مۆڵەتی ڕاوەماسی لە دەریاچەی حەمرین بە هاووڵاتییانی دەوروبەری دەریاچەکە بدرێ، کەچی لەو ماوەیەدا ڕێگرییان لێ کرا و ئێستە کە ڕێیەکە بە قوڕ و لیتە گیراوە و مەترسیدارە، ئینجا دەتوانن ڕاو بکەن.
شەش مانگە وەرزی گەرادانانی ماسی کۆتایی هاتووە، بەپێی یاسا لە دوای تەواوبوونی گەرادانان هاووڵاتییان دەتوانن ڕاوی ماسی لە دەریاچەکانی کوردستان بکەن، بەڵام لە دەریاچەی خانەقین ڕێ لە ڕاوەماسیی لە هاووڵاتییان گیرا و میلیشیاکان ماسییەکانیان بۆ خۆیان ڕاو کرد.
میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە ویستی خۆیان ڕاویان دەکرد
دەریاچەی حەمرین دەکەوێتە سنووری شارەدێی سەعدییەی سەر بە شارۆکەی خانەقین، ماسیگرانی ناوچەکانی دەوروبەری ئەو دەریاچەیە ساڵانە لە دوای مانگی شەشەوە دەستیان بە ڕاوەماسیی دەکرد، بەڵام ئەمساڵ تا مانگی کانوونی دووەمی 2020 واتە پاش شەش مانگ ڕێیان پێ نەدرا، ئێستەش کە ڕێی ماسیگرتینیان بۆ کراوەتەوە، بەهۆی باران و قوڕ و لیتەوە مەترسیی کەوتووەتە سەر ناوچەکە و دەوروبەری دەریاچەکە.
لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا، دەریاچەی حەمرین پڕبوو لە میلیشیاکان، ئەمەش دۆخی تەناهیی ناوچەکەی تووشی مەترسی کردبووەوە، هەر بۆیە هاووڵاتییان ڕێیان لێ گیرا ڕاوی ماسی بکەن.
عەلی حەمە ئەمین لە ئەنجوومەنی حەمرینەوە بە "وشە"ی گوت: لەو ماوەیەی ڕاوی ماسی لە هاووڵاتییان قەدەغە کرابوو، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە ویستی خۆیان ڕاویان دەکرد.
ئەمڕۆ هەینی 24ی کانوونی دووەم، نیهاد محه‌مه‌د گوته‌بێژی پۆلیسی دیاله كه له پاش ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه مافی لێدوانی له‌سه‌ر زۆربه‌ی ڕووداو و پرسه‌كانی سنووری خانه‌قینی پێ دراوە بە "وشە"ی گوت: لەبەر ئەوەی دۆخی تەناهیی ناوچەکە بە بەراورد بە ماوەی پێشوو باشتر بووە، لەمەودوا لە دەریاچەی حەمرین ڕێ به ڕاوی ماسی دەدرێ.
عه‌باس حه‌سه‌ن ڕاوچییه‌كی خانه‌قینە و ساڵانە لە دەریاچەی حەمرین ڕاوی ماسی دەکات، بە "وشە"ی گوت، بەهۆی قوڕ و لیتەوە ڕێمان لێ گیراوە و لەم کاتەدا کەس ناتوانێت ڕاوی ماسی بکات.
لە لایەکی ترەوە سه‌ركه‌وت ڕه‌حیم گوته‌بێژی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی گه‌رمیان كه به‌شی خانه‌قینیان هه‌یه، بۆ "وشه" گوتی، سالانێكه به‌هۆی ڕووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌وه، به‌شی خانه‌قینیان ته‌نیا به ئاراسته‌ی خانه‌قین بۆ گه‌رمیان توانای چاودێری و كاری هه‌یه نه‌ك خانه‌قین بۆ ناوچه‌كانی سنووری سه‌عدیه و شاره‌بان و حه‌مرین، بۆیە بەرپرس نین لەو دۆخەی ماسیگرانی ئەو ناوچەیە.
ساڵانە تەنیا لە مانگی چوار تا شەش کە هاوکاتە لەگەڵ وەرزی گەرادانان، ڕاوەماسی قەدەغە دەکرێت، بەڵام لە مانگی شەشی ساڵی پارەوە بە بیانووی جۆراوجۆر ڕێ لە ماسیگران گیرا ڕاو لە دەریاچەی حەمرین بکەن.
گه‌رمیان/ سه‌بری هۆرێنی