لە سلێمانی گاز بە نایاسایی بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێت

:: PM:02:27:24/01/2020 ‌
ژمارەیەک هاووڵاتیی سلێمانی دەستیان بە فرۆشتنی گاز بە نایاسایی کردووە، شارەوانیی سلێمانیش دەستی بە هەڵمەتی لابردنیان کردووە، چونکە مەترسیی بۆ هاووڵاتییان هەیە.

لە سەر شەقامی شەست مەتری شاری سلێمانی، هاووڵاتیان بە شێوەی نایاسایی دەستیان بە فرۆشتنی سووتەمەنی و گاز کردووە، ئەمەش لەگەڵ مەرج و ڕێنمایەکانی شارەوانی یەک ناگرێتەوە و مەترسیی لەسەر تەندروستی هاووڵاتییان هەیە.

لیژنەکانی شارەوانیی سلێمانی دوای ئەوەی زانیاریان لەسەر ئەو دیاردەیە بە دەست گەیشت، سەردانی شوێنەکەیان کرد و دەستیان بەسەر ئامێر و کەلوپەل و گازەکە گرتووە و شوێنێکیان داخستووە.

ئەمڕۆ هەینی 24ــی کانوونی دووەم، سەردەشت ڕەفیق بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند،  فرۆشتنی گاز بە شێوەی نایاسایی لەسەر شەقامەکان کە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی تێدا زۆرە بە تایبەتی شەست مەتری کە قەرەباڵغە و بەردەوام هاتوچۆی تێدایە، مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست کردووە و ئەگەری هەیە ڕووداوی هاتوچۆ دروست بکات و ژیانی هاووڵاتییان بکەوێتە مەترسیەوە.

لای خۆشییەوە ئیسماعیل ئەمین، پزیشکی گشتی لە شاری سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەر سووتەمەنییەک لەسەر شەقام و ناو کۆڵان بفرۆشرێت، زیانی بۆ تەندروستی هاووڵاتییان هەیە، چونکە ژینگە پیس دەکات و دواتر هەوا، ئەوەش زیانی بۆ هاووڵاتییان هەیە و تووشی کێشەی هەناسەدان و کێشەی تری تەندروستییان دەکات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە چەند گەڕەک و شەقامێکی سلێمانی بە تایبەتی لە شەستی سەرەوە لە دەوروبەری گەڕەکی مامە یارە 2 و چەند شوێنێکی تر، هاوولاتییان بە شێوەی نایاسایی دەستیان بە فرۆشتنی سووتەمەنی کردووە و هەڵمەتی شارەوانیش بۆ وەستاندنیان بەردەوامە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - ڕێناس شابان