ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى كوردستان ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، له چه‌ند ڕۆژى داهاتوو ژمارەیەک مامۆستای دامەزراوی گرێبەست دەکرێن بە هەمیشەیی، ده‌شڵێت، ئه‌مساڵ دامه‌زراندن ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه.
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 24ى كانونى دووه‌م، شوان كه‌ریم ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له فراكسیۆنى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، ئه‌و مامۆستایانه‌ى ماوه‌ى یاساییان ته‌واو بووه و به پێى یاساكه چوار ساڵه گرێبه‌ستن، ده‌كرێنه هه‌میشه‌یی، بڕیاره‌كه‌ى حكوومه‌ت له جێبه‌جێكردندایه و ڕێكاره‌كانى ته‌واو بوون، به‌مزووانه بڕیاره‌كه‌یان بۆ ده‌رده‌چێت و ده‌كرێنه هه‌میشه‌یی.
له یاساى چاكسازى خانه‌نشینى پله باڵاكان دیاری كراوه، له قۆناغى دووه‌م خانه‌نشینى فه‌رمانبه‌ران دیارى ده‌كرێت و دواتر یاساكه‌ى ده‌رده‌چێت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیی خانه‌نیشینى داده‌مه‌زرێت.
پەرلەمانتارەکەی پارتی ئەوەشی گوت: له دواى ئه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى ڕاژه كه ئاماده كراوه و له مانگى سێى ئه‌مساڵ ده‌ست به كاره‌كانى ده‌كات، ڕێكخستن بۆ پێویستیه‌كان حكومه‌ت به فه‌رمانبه‌ر ده‌كات.
ڕوونی کردەوە، ئه‌نجوومه‌نى ڕاژه سه‌ره‌تا چانس به یه‌كه‌مه‌كانى زانكۆ و په‌یمانگاكان ده‌دات بۆ دامه‌زراندن بۆ ساڵه‌كانى 2016 تا 2018، دواتر به‌پێى شاره‌زایى و ئەزموون، له كوێ داواكارى هه‌یه ده‌ست به وه‌رگرتنى فه‌رمانبه‌ر ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها گوتى، ئه‌مساڵ كارى دامه‌زراندن ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه و به‌پێى ئه‌و بودجه‌یه‌ى كه به‌رده‌ست ده‌بێت، ڕێژه‌ى فه‌رمانبه‌رى پێویست دیارى ده‌كرێت و قۆناغى دامه‌زراندن ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه.
سلێمانى/ هۆشیار عه‌لى