بەهۆی باران و بەفرەوە لە حاجی ئۆمەران پشووی فەرمی ڕاگەیەندرا

:: PM:08:24:24/01/2020 ‌
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی چۆمان، بەهۆی بارینی بەفری زۆر لە ناوچەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایتییەکە، سبەی شەمووی وەک پشووی فەرمی ڕاگەیاند.

بەهۆی شەپۆلی بەفر و باران و دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە سەرجەم پارێزگاکان مافی ئەوەیان هەیە پشووی فەرمی ڕابگەیەنن و وەزارەتی پەروەردەی لێ ئاگادار بکەنەوە.

لەبەر ئەوەی شارەدێی حاجی ئۆمەرانی سەر بە شارۆکەی چۆمانی سنووری پارێزگای هەولێر چەند ڕۆژێکە سەرمایەکی وشک ڕووی تێ کردووە و پلەکانی گەرما دابەزیون، هەروەها بەفرێکی زۆر باریوە و ڕێی هاتوچۆی هاووڵاتییانی قورس کردووە، سبەی شەموو لە سەرجەم قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندنی ئەو ناوچەیە کرایە پشوو.

چەتۆ باس بەڕێوەبەری پەروەردەی چۆمان بە "وشە" ڕاگەیاند، لە لایەن كارگێڕیی پێنج  قوتابخانەی ناو سەنتەری شارەدێی حاجی ئۆمەران سەر بە شارۆكەی چۆمان ئاگادار كراینەوە، بەهۆی نالەباریی كەشوهەوا و بارینی بەفرێكی زۆر ئاستەنگ دروست بووە و قوتابییان و مامۆستایان ناگەنە قوتابخانەكان، بۆیە بڕیاری ڕاگەیاندنی پشووی سبەی شەممەمان دا. بۆ ئەو قوتابخانانە. 

ڕوونی کردەوە، ئەگەر بەفر بەردەوام بێت و نەتوانرێت دەوام وەك پێویست لەو قوتابخانانە بەڕێوە بچێت، پشووەكە بۆڕۆژانی دواتریش درێژ دەكەینەوە.

سبەی شەممە 25ی كانوونی دووەمی 2020، دەوامی پەروەردە لە قوتابخانەكانی تری چۆمان و دەوروبەری ئاساییە، ئەو بەڕێوەبەرە گوتی، داوا لە قوتابیان و مامۆستایان دەكەین پابەندی دەوامی خۆیان بن.

"بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی چۆمان، 103 قوتابخانەی ئامادەیی و دواناوەندی و بنەڕەتی هەیە، هەر قوتابخانەیەكی تر كە بەهۆی بەفر ئاستەنگ و كێشە بۆ هاتوچۆیان دروست ببێت، پێویستە ئاگادارمان بكەنەوە، ناكرێت هەر قوتابخانەیەك لە خۆیەوە بەبێ ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە پشوو ڕابگەینێت" چەتۆ وای گوت. 

حاجی ئۆمەران شارەدێیەكە سەر بە شارۆكەی چۆمان لە سنووری پارێزگەی هەولێر، ناوچەیەكی سارد و شاخاوییە، زۆرترین بەفری ساڵانە بە بەراورد بە ناوچەكانی تر لێ دەبارێت، ئەمساڵ تا ئێستە زیاتر لە 30 سم بەفری لێ باریوە .

حاجی ئۆمەران/ موڕشید برادۆستی


وشە - ڕێناس شابان