منداڵانی تووشبوو بە دڕکەمێکوتە دەبێت خۆیان بشۆن

:: PM:09:16:24/01/2020 ‌
نەخۆشی دڕکەمێکوتە نەخۆشیەکی ڤایرۆسییە و زیاتر تووشی منداڵان دەبێت، پزیشکێکی پسپۆڕ کۆمەڵێک چارەسەری نەخۆشیەکە دەخاتەڕوو کە شۆردن بە گرنگترینیان ناو دەبات.

بەھۆی کردنەوەی دەرگای باخچەی ساوایان و خوێندنگەکان بە ڕووی منداڵاندا لەم وەرزەدا، هەروەها تێکەڵاوبوونی منداڵان لەگەڵ یەک، تووشبوون بە نەخۆشیی دڕکەمێکوتە زیادی کردووە و پسپۆڕێکی نەخۆشیەکانی منداڵاینیش باس لە ھۆکار و چارەسەر و نیشانەکانی تووشبوون و بەم نەخۆشییە دەکات.

د.پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی و پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان بە "وشە"ی گوت: دڕکەمێکوتە نەخۆشییەکی ڤایرۆسیە و لەو کاتانەدا کەسێک تووشی دەبێت کە بەرکەوتنی لەگەڵ کەسی ساغدا ھەبێت، نەخۆشی دڕکە مێکوتە لە ھەموو وەرزەکاندا ھەیە، بەڵام لەم وەرزەدا ڕێژەکە زیاترە، ئەمەش بەھۆی تێکەڵاوبوونی منداڵان لەگەڵ یەکتر و گواستنەوەی نەخۆشییەکە لە منداڵێکی تووشبوو بۆ منداڵێکی ساغە، زۆرجار لە دوای زیاتر لە 12 ڕۆژ ئینجا منداڵە ساغەکە تووش دەبێت.

سەبارەت بە نیشانەکانی نەخۆشیەکە گوتی: تووشبوو ھەست بە بێتاقەتی دەکات، پلەکانی گەرمای لەشی بەرز دەبێتەوە، دایک و باوکان سەرەتا وا دەزانن کە پەتایەکی ئاسایی وەرزیی ھەیە، چونکە منداڵەکە لووتی تەڕ دەبێت و کۆکە دەگرێت، ھەروەھا پێستی سوور دەبێتەوە و برین دەردەکەوێت.

ئەم نەخۆشیە تووشی ھەموو ڕەگەز و تەمەنێک دەبێت، بەڵام تووشبوونی منداڵێک بە نەخۆشیەکە کە لە سکی دایکیدا بێت مەترسیدارە و کاریگەری نەرێنی لەسەر پەلەکانی دەبێت و منداڵێکی ناتەواو دەردەچێت، ئەو منداڵانەی کە لەسەروو یەک ساڵەوە تووشی ئەم نەخۆشیە دەبن حاڵەتێکی ئاساییە و تەنانەت لە وڵاتان ئاھەنگی بۆ دەگێڕن، ئەمەش لە خۆشیی ئەوەیە کە لەو منداڵییەوە گرتوویەتی، چونکە ئازار و ناڕەحەتیی بۆ کەسی بەتەمەن زۆرترە.

لە ڕووی چارەسەریەکان ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوە دا: پێویستە دایکان و باوکان پلەی گەرمی منداڵەکەیان دابەزێنن، ھەروەھا خورانی برینەکەی کەم بکەنەوە، سەردانی پزیشکی پسپۆڕی منداڵان بکەن، ھەندێک دەرمان ھەیە کە دەدرێت لە برینەکە بۆ ئەوەی خورانەکە کەم بکرێتەوە بەڵام نابێت ئەو دەرمانە بچێتە ناو پێستەوە واتا نابێت لە کونی گوێچکە یان چاو یاخود لووت و دەم بدرێت و لە ڕێگەیەوە بچێتە ناو ئەندامەکانی لەش و ژێر پێستەوە، ھەروەھا نابێت دایکان و باوکان بە ھیچ جۆرێک دەرمانی پرۆفین بۆ دابەزینی پلەی گەرما بەکار نەھێنن.

شۆردن بە سوودە بۆ نەخۆشیی دڕکەمێکوتە و وەک ئەو پزیشکە دەڵێت، شۆردن زۆر زۆر بەسوودە بەڵام شێوازی شۆردنەکە گرنگە کە پێویستە لە زستان بە ئاوێکی شلەتێن و لە ھاوینیشدا بە ئاوێکی فێنک منداڵەکە بشۆیت، نابێت بە ھیچ جۆرێک لفکە و سابوون و شامپۆی بۆندار بەکار بھێندرێت، دەبێت شامپۆی منداڵی زۆر بچووک بەکار بھێندرێت، پێویستە جلی زبر لەبەر نەکرێت و گرنگە جلوبەرگەکە لۆکە بێت و کەشی منداڵەکە فێنک بێت.

ئەو پزیشکە داوا لە دایک و باوکان دەکات کە منداڵانی خوار تەمەنی یەک ساڵان بە دوور بگیرێن لەو منداڵانەی کە تووش بوون، هەروەها ژنانی دووگیانیش خۆیان بە دوور بگرن، لەبەرئەوەی کۆرپەکەی سکیشی تووشی نەخۆشیەکە دەبێت و ئاکامی خراپی لەسەر دەبێت و ڕەنگە ناڕێکی لە پەلەکانی کۆرپەکە دروست بێت.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد




وشە - ڕێناس شابان