به‌گوته‌ى به‌رپرسی یه‌كێك له ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، له دادگاكانی كوردستاندا له كاتى بوونى سكاڵاى پیاو له‌سه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ى، جیاوازى ده‌كرێ له نێوان ژن و پیاودا و لای ژنه‌كه ده‌گرن. چالاكێكى ژن هۆی ئه‌و لایه‌نگرییه ده‌گێڕێته‌وه بۆ "ناهه‌قى پیاو كه وایكردووه دادگا ئه‌و جیاوازییه بكات".
دڵشاد ناوى خوازراوى یه‌كێك له‌و پیاوانه‌یه كه له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه به‌گوته‌ی خۆی "سووتێنراوه"، به‌ڵام ده‌ڵێ "ئه‌گه‌ر من هاوسه‌ره‌كه‌م بسووتاندایه، ڕه‌نگه 10 ساڵ حوكم بدرامایه، كه‌چى به‌هۆی نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تى و گوشاری لێخۆشبوو‌ن و كێشه‌ى خێزانى، ئه‌و ژنه ماوه‌یه‌ك له گرتووخانه بوو و دواتر ئازاد كرا".
دڵشاد بۆ "وشه" گوتی، "پێویسته دادگا چۆن مافى ژن ده‌پارێزن، به‌هه‌مانشێوه مافى پیاویش بپارێزن، بۆچى ده‌بێ پیاو سزاى قورس بدرێت و ژن به پێچه‌وانه‌وه، له كاتێكدا به‌پێى یاسا هیچ جیاوازییه‌ك نییه".
"هاوسه‌ره‌كه‌م دواى ئازادبوونى، پاڵپشت به یاسا منداڵه‌كانیشى لێ سه‌ندم، له كاتێكدا تۆمه‌تبار بوو به سووتاندنى من و ئێسته‌یش رێ نادات منداڵه‌كانم ببینم" دڵشاد وای گوت. ئه‌وه‌یشی پرسی، ئه‌گه‌ر پیاوێك ئه‌و كاره‌ى بكردایه، كامه دادگا منداڵه‌كانى به پیاوه‌كه ده‌دایه‌وه؟.
داوامان كردووه سكاڵاكان لاسه‌نگ نه‌كرێن
لای خۆیه‌وه سكرتێرى یه‌كێتى پیاوان ده‌ڵێ، داوامان له دادگا كردووه ئه‌و جیاوازییه له نێوان ژن و پیاو نه‌هێڵن و كاتێك كێشه ده‌گاته دادگا پێویسته وه‌ك تۆمه‌تبار مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت به‌بێ جیاوازی.
بورهان عه‌لى بۆ "وشه" گوتی، "ئه‌وه ڕاستییه له دادگا جیاوازى له دۆسییه‌كان ده‌كرێت، كاتێك پیاوێك سكاڵا له‌سه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ى تۆمار ده‌كات، ئه‌ویش به بیانووى هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تى و كۆمه‌ڵێك شتى تر، جیاوازی ده‌كرێت".
ئاماژه‌ی دا، له‌گه‌ڵ چه‌ند دادوه‌رێك قسه‌مان كردووه كه پێویسته ئه‌و جیاوازییه نه‌مێنێت، پیاو و ژن وه‌ك یه‌ك له به‌رده‌م دادگا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت، بیانووى كۆمه‌ڵایه‌تى و پارێزگارى له به‌هاى كۆمه‌ڵایه‌تى كار نه‌كاته سه‌ر ڕێڕه‌وى دادگا.
"زۆرن ئه‌و پیاوانه‌ی ئێسته توندوتیژیی له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كانیانه‌وه به‌رانبه‌ریان ده‌كرێت، ئه‌وانیش په‌نا بۆ دادگاكان ده‌به‌ن و سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ن، به‌ڵام پێویسته دادگاكان له سكاڵاى پیاودا به‌شێوه‌یه‌كى یه‌كسان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز بكه‌ن و ناكرێ ژن بخرێته به‌ر به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و بیپارێزن" بورهان واى گوت.
به‌پێی ئامارێكی یه‌كێتیی پیاوانی كوردستان، توندوتیژیی دژی پیاو زیادی كردووه، له 2018 له هه‌رێمى كوردستان 120 پیاو به‌هۆی ژنه‌وه خۆیان كوشتووه یان كوژراون، هه‌شت پیاویش سكاڵایان تۆمار كردووه كه هاوسه‌ره‌كانیان ده‌ستیان به‌سه‌ر مووچهكهیاندا گرتووه، بۆ ساڵى 2019 هه‌مان توندوتیژیی دووباره بوونه‌ته‌وه و جیاوازییه‌كى زۆریان نییه.
به‌ڵام چالاكێكى ژن رای ده‌گه‌یه‌نێت كه پیاو خۆیان وایان كردووه دادگا به به‌رپرسیارێتیى زیاتره‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن و هاوشێوه‌ى تاوانبار ڕووبه‌ڕووى ببنه‌وه.
ژیان حوسێن، بۆ "وشه" گوتی، "پیاو هه‌یه ماوه‌یه‌كى زۆر هاوسه‌ره‌كه‌ى چه‌وساندووه‌ته‌وه، ئه‌ویش له به‌رانبه‌ردا كاردانه‌وه‌ى هه‌بووه و بووه‌ته هۆى تۆماركردنى سكاڵا له‌سه‌ر ژنه‌كه، به‌ڵام بوونى به‌ڵگه‌ى ڕوون وایكردووه پیاوه‌كه دۆسییه‌كه بدۆڕێنێت".
له‌باره‌ى له‌به‌رچاوگرتنى دۆخى ژن له دادگاكان‌دا، ژیان روونی ده‌كاته‌وه، "ئه‌وه نه‌ریتى كورده كه ڕێز له ژن ده‌گرێت نه‌ك جیاوازى بێت، پێویسته ئه‌و دوو شته جیا بكرێنه‌وه، دادوه‌ره‌كان ڕێزى ژن و پیاو ده‌گرن نه‌ك جیاوازى، بۆیه هه‌ر كاتێك دۆسییه‌یه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندیى پیاوان نابێت، ناڕه‌زایه‌تى ده‌رده‌بڕن".
محه‌مه‌د عه‌لى سووسه‌یى پارێزه‌ر له دۆسیه‌ی پیاوێك ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه هاوسه‌ری ئه‌و پیاوه چوار مانگه له ماڵه‌وه پیاوه‌كه‌ی ده‌ركردووه به بیانووی ئه‌وه‌ی ماده‌ى كهوولى خواردووه‌ته‌وه، له كاتێكدا ئه‌وه تاوان نییه.
ئه‌و پارێزه‌ره بۆ "وشه" ده‌ڵێ، "به‌هۆى ڕێزگرتنى زۆرى دادگا و ناڕه‌زایه‌تیى هه‌ردوو لایه‌ن له دۆسییه‌كه، وایكردووه به بڕیاری دادگا شه‌ش مانگ سه‌ردانى توێژه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى بكه‌ن، ته‌نیا هۆى ئه‌و كێشه‌یه ئه‌وه‌یه ده‌بێ ژنه‌كه قبووڵ بكات پیاوه‌كه‌ى كحوول بخواته‌وه، چونكه ئه‌وه تاوان نییه، به‌ڵكو چوارچێوه‌ى ئازادییه‌كانه و تا ئێسته ئه‌و پیاوه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئازارى هاوسه‌ره‌كه‌ى نه‌داوه".