حەشد لە ناوچەیەكی كوردستانی لە ترسا كشایەوە

:: PM:03:24:25/01/2020 ‌
لە سنووری شێخ باوە كە دەكەوێتە نێوان گەرمیان و شارەدێی گوڵاڵە، میلیشیا شیعەكان نەماون و پاشەكەشیان كردووە. بەگوتەی بەرپرسان كشانەوەكە بەهۆی ترسانە لە تیرۆریستان و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، بۆیە ئێستە تەنیا سوپای عێراق لە ناوچەكە جیگێرە، ئەوانیش داوای هاوكاری لە خەڵك دەكەن.

لوقمان محەمەد یەكێك كەسایەتی و ئەنجوومەنی سنووری شێخ باوە بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، چەند رۆژێكە لە گوندەكانی سنووری شێخ باوە، حەشد پاشەكشەی كردووە و تەنیا سوپا ماوەتەوە.

بەگوتەی لوقمان، "ئەفسەر و سەربازەكانی سوپا داوای هاوكارییان لە خەڵك كردووە لە كاتی بینین و هاتنی كەسانی خراپەكار، بەڵام هاووڵاتییان متمانەیان بەوان نییە و داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەكەن".

هاووڵاتییان متمانەیان بەوان نییە و داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەكەن 
بەپێی ئەو زانیارییانەی سوپای عێراق لەو ناوچەیە بە"وشە"ی داوە، هێزەكانی حەشد كشاونەتەوە سەنتەری شارەدێی گوڵاڵە، رووداوەكەیش پێوەندی بەوەوە هەیە ترسیان هەیە لەلایەن تیرۆریستانەوە بكرێنە ئامانج، هۆیەكی تری كشانەوەكەیش ترسە لە بەئاماجگرتنیان لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوان.

حەشدی شەعبی میلیشیایەكی شیعییە و لە 2014 بە فتوای سیستانی بۆ پاراستنی شوێنە پیرۆزەكانی شیعە لە هێرشی تیرۆریستانی داعش پێكهات، دواتر كران بە هێزی فەرمی و لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر گرووپێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەو ناوچانەی بە كەركووكیشەوە پێشكەش كردن.

جمهوور رۆستەم جێگری لیوای سێی پێڕۆ لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە لە سنووری كوڵەجۆ لە ئەركدان، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، "ماوەیەكە دۆخی ناوچەكە رووی لە ئارامی كردووە، بەڵام بە نەمان و پاشەكشەی سوپا یان حەشد لەو ناوچانە، پێشمەرگە ئاگەدار ناكەنەوە".

چەند مانگێكە میلیشیاكانی شیعە بەتایبەت ئەوانەی لە ئێران نزیكن، لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە دەكرێنە ئامانج، بەڵام تا ئێستەیش نازانن ئەو فڕۆكانە لە كوێوە دێن و هی چ وڵاتێكن.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - وشه‌