بۆ یەكەمجار لە كوردستان زانكۆیەك خەرجی توێژینەوە دەگرێتە ئەستۆ

:: AM:10:24:26/01/2020 ‌
یەكێك لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیەكی ڕاگەیاندووە بۆ ئەوانەی توێژینەوە لەسەر سنوورەكەیان پێشكەش دەكەن، بەگوتەی خۆیان خەرجی بۆ دابین دەكەن. ئەوەش یەكەمجارە لە كوردستان هانی توێژینەوە بدرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 26ـی كانوونی دووەم، تاریق عەلی توێژەری مێژوویی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەپێی پڕۆژەی پەسەندكراوی ئەنجوومەنی زانكۆی راپەڕین، ئەو توێژینەوانەی كە دەستنیشانی چارەسەركردنی كێشەكانی سنووری ئیدارەی راپەڕین دەكەن، لەلایەن زانكۆی راپەڕینەوە پشتگیریی داراییان بۆ دەكرێت.

بە پڕۆژە و ڕێچارەی نوێبوونەوەی ئابووری لە سنوورەكە دابنرێت 
ئەو توێژەرە گوتی، ئەو هەنگاوە گرنگە، بۆ ئەوەی شوێنە گەشتیاریی و مێژوویی و ڕێیەكانی پێكەوەبەستنەوە و بەرزكردنی ئابووریی سنوورەكە، بكرێت بە پڕۆژە و ڕێچارەی نوێبوونەوەی ئابووری لە سنوورەكە دابنرێت.

باسی لەوەش كرد، "توێژینەوەیەكم هەیە دوای پڕكردنەوەی پڕۆپۆزەڵ، سەرجەم ناوچە شوێنەوارییەكانی ئەو سنوورە دەناسێنم و ڕێی هاتوچۆیش لە پڕۆژەكە دیاری دەكەم، ئەوەش بە تێچوویەكی زۆر كەمتر لەوەی پێشبینی دەكرێ، دروست دەكرێت".

لە ڕاگەیەنراوێكی زانكۆی راپەڕینیش ڕوون كراوەتەوە، بانگهێشتی سەرجەم توێژەرانی زانكۆكانی كوردستان و دامەزراوە زانستییەكان و توێژەرە ئەكادیمییەكان دەكەین، پڕۆپۆزەڵ پێشكەشی سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی راپەڕین بكەن، لە دوای بڕیاردان لەسەر پڕۆپۆزەڵەكە، لەرێی ئەنجوومەنی زانكۆی راپەڕین پشتگیریی دارایی بۆ توێژینەوەكە دیاری دەكرێت، لایەنی سوودمەند لە توێژینەوەكە و زانكۆ، پشتگیرییە داراییەكە دەگرنە ئەستۆ.

ئەم هەنگاوەی زانكۆی راپەڕین بە ئامانجی زیاتر گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی ئیدارەی راپەڕینە، لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی زانكۆی راپەڕین و ئیدارەی شارەكە.

لە كوردستان ساڵانە هەزاران توێژینەوەی دەرچوو و سەتانی ماستەر و دكتۆرا پێشكەش دەكرێن، بەڵام تا ئێستە پشتی پێ نەبەستراوە و سوودی زانستیی لە ئەنجامەكانیان وەرنەگیراوە، بۆیە چەند ساڵێكە باس لە كڕین و كۆپیكردنی توێژینەوە دەكرێت لەلایەن قوتابیانی دواقۆناغی زانكۆ، بەوەیش ئاستی زانستیی زیاتر دادەبەزێت.



وشە - رامیار جەواد