ئەو ژنەی مەلا مەزهەر داوای قەرەبووی لێ دەكات: یەك دینار نادەم

:: AM:10:46:26/01/2020 ‌
سبەی دووشەم مەلا مەزهەر خۆراسانی كە بە ناوزڕێنەری ژن ناو دەبرێت، وەك خۆی دەڵێ لەسەر سكاڵای 300 رێكخراوی مەدەنی و كەسایەتی دادگایی دەكرێت. رێكخراوەكانی ژنان‌ نیگەرانن لەوەی مەلاكە بانگەشەی بۆ فرەژنی كردووە. بەڵام لە دۆسیەیەكی تردا كە مەلاكە براوە بووە، ژنە سزادراوەكە ئامادە نییە قەرەبوو پێنج ملیۆنییەكەی بدات كە دادگا لەسەری سەپاندووە و دەڵێ "یەك دینار نادەم".


جلوبەرگی تۆ هی كافرە و پێم عەیبە لەگەڵ تۆ قسە بكەم

لە چەند رۆژی رابردوودا مەلا مەزهەر لەوكاتەی بانگهێشت كرابوو بۆ وەرگرتنیی سكاڵاكەی كە سبەی دووشەمی تێدا دیاریكراوە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییەكەی، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند كە لە دۆسیەیەكی تردا لە ژنێكی بردووەتەوە و پێنج ملیۆن دینار سزا دراوە، ئامادە نییە بیدات و كەسیش قسە ناكات، بەڵام بە 300 رێكخراوەوە بەدوای منەوەن. "وشە" بەدوای ئەو زانیارییەدا رۆشت و دەركەوت لەنجە عەبدوڵا چالاكی مەدەنی ئەو ژنەیە كە مەلا مەزهەر بەبێ ناوهێنان قسەكانی ئاراستە دەكرد.

لەنجە عەبدوڵا بە"وشە" گوت، ئەو مەلایە لە ساڵی ۲٠۱٤ لە گفتوگۆیەك لە هۆتێل چوارچرا لە هەولێر سووكایەتی پێ كردم و قسەی نەشیاوی ئاراستە كردم. وەك لەنجە دەڵێ مەلاكە گوتی "جلوبەرگی تۆ هی كافرە و پێم عەیبە لەگەڵ تۆ قسە بكەم".

بەگوتەی خۆی، پاش ئەو قسانە سكاڵای تۆمار كردووە، لە بەرانبەردا مەلا مەزهەریش سكاڵای لەسەر لەنجە تۆمار كردووە. بەڵام وەك ژنە چالاكەكە ئاماژەی بۆ دەكات "مەلا مەزهەر پێش ئەوەی من سكاڵا تۆمار بكەم تەلەفۆنی كرد  گوتی تۆ هەڵە تێگەیشتووی و مەبەستم ئەوە نەبووە، بەڵام من هەر سكاڵام تۆمار كرد".

دڵنیایی دەدات كە لە هەولێرە و شوێنی دیارە و سەرۆكی رێكخراوێكە

لە نێوان مەلا مەزهەر و لەنجە عەبدوڵا، كاروان خۆشناوی گوتەبێژی پێشووی پۆلیسی هەولێر هەبوو بۆ ناوبژیوانی. خۆشناو بۆ "وشە" ئەوەی خستەڕوو كە هەوڵی داوە ئاشتیان بكاتەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبووە.

لەنجە عبدوڵا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات لەبەر ئەوەی خەڵك زۆر داوایان كرد لە داواكە پاشگەزبمەوە منیش داواكەم لە دادگا كشاندەوە.

لەنجە وردەكاری ئەو سزا قەرەبووییە دەخاتە ڕوو كە دادگا لەسەری سەپاندووە و دەڵێ "بڕی پارەی قەرەبووی مەلا مەزهەر ملیۆنێك دینار بوو، بەڵام نازانم مەلا مەزهەر ئەو پێنج ملیۆن دینارەی لە كوێ هێناوە ".

بەڵام دووپاتی دەكاتەوە "ئامادە نیم یەك دینار بدەم، سەرباری ئەوەی سووكایەتیم پێ كراوە، پارەیش بدەم".

 ئەو ژنە كە مەلا مەزهەر گوتی دەزگاكان دەڵێن دیار نییە و شوێنی نازانین، ئەو دەنگۆیە رەت دەكاتەوە و دڵنیایی دەدات كە لە هەولێرە و شوێنی دیارە و سەرۆكی رێكخراوێكە.





وشە - زریان تەها