كەناڵێكی ئاسمانی داخرا

:: PM:05:17:28/01/2020 ‌
دواجار دەسەڵاتدارانی عێراق پەخشی كەناڵی ئاسمانی دیجلەیان راگرت، ئەمەیش لە كاتێكدایە كەناڵی دیجلە بەهۆی رووماڵی بەردەوامی خۆپێشاندانەكان سێ جاری تر راگیراوە و لە هەفتەی یەكەمی خۆپێشاندانەكانیش سووتێنرا.

شەوی رابردوو هێزێكی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقی هەڵیكوتایە سەر كەناڵی دیجلە و پەخشی كەناڵەكەیان راگرت، ئەمە دوای دەرچوونی بڕیاری راگرتنی پەخشی ئەو كەناڵە بۆ ماوەی یەك مانگ، لەسەر رووماڵی بەرفراوانی بۆ خۆپێشاندانەكانی بەغدا و شارەكانی تر.

سەرچاوەیەك لە كەناڵی دیجلە ئاشكرای كرد، ئەو هێزەی هاتوونەتە سەر كەناڵەكەیان سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بووە و داوای لە كارمەندانی كەناڵە كردووە دەست بەجێ پەخش رابگرن و كەناڵەكەش چۆڵ بكەن، گووتی "دواتر هەر خۆیان كەناڵەكەیان داخست".

كەناڵی دیجلە دەكەوێتە ناوچەی جادرییە لە ناوەڕاستی بەغدا، ماوەیەك پێش ئێستەش ئەحمەد عەبدولسەمەد پەیامنێر و سەفا غالی وێنەگری كەناڵی دیجلە لەسەر رووماڵی خۆپێشاندانەكانی ئەو شارە لەلایەن هێزێكی نەناسراوو لەناو ئۆتۆمبێلەكەی خۆیان تیرۆر كران، ئەمە جگە لە هەڕەشەكردن لە پەیامنێرانی كەناڵە لە بەغدا و شارەكانی تریش.

لە چوار مانگی رابردوودا ئەمە چوارەمین جارە كەناڵی دیجلە لەسەر رووماڵی خۆپێشاندانەكان دابخرێت و پەیامنێر و كامێرامانێكیشی تیرۆر كراوە


كەناڵی دیجلە، یەكێكە لە كەناڵە ئاسمانییەكانی عێراقی كە لە ماوەی چوار مانگی بەردەوامی خۆپێشاندانەكان، رووداوەكانی بە راستەوخۆ پەخش دەكرد، لەسەر ئەمەش چەندجارێك رووبەڕووی گرفت بووەتەوە.

كەناڵی دیجلە، ئۆفیسێكی تر لە عەمانی پایتەختی ئوردن هەیە و زیاتر لە 80 رۆژنامەنووس و كادیری كارێگری تەنیا لە ئۆفیسی بەغدا كاری تێدا دەكەن، هاوكات 50 رۆژنامەنووس و كارمەندی تریش لە ئۆفیسی سەرەكی لە ئوردن كاری تێدا دەكەن.

بەگوێرەی زانیارییەكان حكوومەتی عێراق داوای لە ئوردن كردووە كە پەخشی كەناڵە بۆ ماوەی مانگێك رابگرێت، بەوەی ئەو كەناڵە لەلایەن حكوومەتی عێراق سكاڵای لە دژ هەیە.

سكاڵای حكوومەتی عێراق لەسەر كەناڵی ئاسمانی دیجلە یەكەم سكاڵا نییە و پێشتریش سێ جاری تر پەخشی ئەو كەناڵە راگیراوە، هاوكات لە یەكەم هەفتەی خۆپێشاندانەكان لە بەغدا، هێرش كرایە سەر ئۆفیسی ئەو كەناڵە.

كەناڵی دیجلە، خاوەنداریەتیەكەی بۆ جەمال كەربولی و محەمەد كەربولی برای دەگەرێتەوە كە ئێستە ئەوەی دووەمیان ئەندامی پەرلەمانی عێراقە.  


وشە - فه‌رمان سادق