بۆ یەكەمجار لە كوردستان حكوومەت داتا سەنتەر دادەمەزرێنێت

:: AM:09:27:01/02/2020 ‌

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرنامەیدایە لەمساڵدا "داتا سەنتەر" بكاتەوە و تێیدا تەواوی زانیارییە ئەلیكترۆنییەكانی حكوومەت سەیڤ بكرێن، كارئاسانییەكی زۆریش بۆ ئیشوكارەكانی حكوومەت و سەرچاوە ئەلیكترۆنی و زانیارییەكانی بكات. پسپۆڕانی بواری ئیدارە و بەڕێوەبردن پێیان وایە ئەو سەنتەرە، لە هەنگاوە گرنگەكانی بە دامەزراوەییكردنی حكوومەت و سەرچاوەكانیەتی.

لە وتارەكەیدا بە ‌بۆنەی تێپەڕبوونی 100 ڕۆژی كاركردنی كابینەی نۆیەم، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، دەستمان بە ئەلیكترۆنیكردنی چەند خزمەتگوزارییەكی گشتی كردووە و پەرەی پێ دەدەین. خەریكین داتا سەنتەرێك، واتا ناوەندێكی زانیاری بۆ حكوومەت دادەمەزرێنین كە زیاد لە 50 لە سەدی كارەكانی تەواو بووە و لە چەند مانگی داهاتوودا دەستبەكار دەبێت. 

ئەم ناوەندە بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی، خزمەتگوزاریی گشتی پێشكەشی هاووڵاتییان و خاوەنكار دەكات، بۆ ئەوەی بە ئاسانی دەستیان بە خزمەتگوزارییە حكوومییەكان بگات.
لەسەر ڕووبەری سێ هەزار مەتر باڵەخانەكەی دروست كراوە و هەموو مەرجەكانی سەلامەتی وەك بوومەلەرزە و تەقینەوەی تێدایە. ]

هیوا ئەفەندی سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆجیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێم بۆ "وشە"ی ڕوون كردەوە، داتا سەنتەر ئەو ژێرخانەیە كە هەموو زانیارییە هەستیار و خزمەتگوزارییە ئەلیكترۆنییەكانی حكوومەت لەوێوە بە كار دەهێنرێن و دەپارێزرێن.

وەك ئەو دەڵێت، "هەموو وڵاتێك زیاتر لە دوو داتا سەنتەری هەیە، بەڵام حكوومەتی هەرێم تا ئێستە نەیبوو و لەسەر بڕیاری سەرۆكی حكوومەت ئەو داتا سەنتەرە دادەمەزرێ."

ئەفەندی ئەوەیشی خستە ڕوو، "ئەو سەنتەرە بە كوالێتی و پێشكەوتنی تەواوەوە دروست دەكرێت، دوو سەرچاوەی كارەبای هەیە و لەسەر ڕووبەری سێ هەزار مەتر باڵەخانەكەی بۆ دروست كراوە، هەموو مەرجەكانی سەلامەتی وەك بوومەلەرزە و تەقینەوەی بۆ كراوە، لەمساڵدا هەوڵ دەدرێت بخرێتەگەڕ و كاری پێ بكرێت."

لە بڕگەیەكی كارنامەی كابینەی نۆیەمدا هاتووە، كار دەكەین بۆ نەهیشتنی ڕۆتین و هەروەها خێراكردنی ڕاپەڕاندنی ئیشوكاری هاووڵاتییان، هەرچی زووترە پەرە بە خزمەتگوزارییە ئەلیكترۆنییەكان دەدەین، بە ئەلیكترۆنیكردنی كاروباری حكوومەت (حكوومەتی ئەلیكترۆنی)، چ لە ئاست كاروباری ناوخۆی حكوومەت و چ لە ئاست پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە ئەلیكترۆنییەكان بۆ هاووڵاتییان، لە ئەركە پێشینەییەكانمان دەبێت و بەم هۆیەوە ڕێ لە ڕۆتین و بەهەدەردانی سامانی گشتی و كاتی هاووڵاتییان و دامەزراوەكان دەگیرێت و كوالێتیی خزمەتگوزارییەكان بەرز دەكرێنەوە.

"بەبێ دامەزراندنی شوێنێكی وا، ناتوانین باس لە دروستكردنی خزمەتگوزارییە ئەلیكترۆنیكییەكان بۆ خەڵك بكەین، بۆیە ئەگەر بمانەوێ حكوومەتی ئەلیكترۆنی دروست بكەین، دەبێ سەرەتا ئەو سەنتەرەمان هەبێت و سەرۆكی حكوومەتیش لەو ڕوانگەیەوە بڕیاری دامەزراندنی ئەو سەنتەرەی داوە". هیوا ئەفەندی وای گوت.

ئاماژەی دا، "ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئەو سەنتەرە دەبێتە سەرچاوەی لەخۆگرتن و پاراستنی گشت زانیاری و سەرچاوەكانی تەواوی داودەزگاكانی حكوومەت. ژێرخانێكی تەكنیكییە بۆ لەخۆگرتنی تەواوی سێرڤەر و زانیارییەكانی حكوومەت، خەڵك بەكارهێنەری سەرەكیی ئەو سیستمانە دەبن، بۆ نموونە سیستمی ژمێریاری یان مووچە و تەندروستی، لەوێوە جێگیر دەكرێن و دەبنە هەوێنی حكوومەتێكی ئەلیكترۆنیی خزمەتگوزار."

بە بڕوای پسپۆڕانی بواری ئیدارە و بەڕێوەبردن، دامەزراندنی ئەو سەنتەرە یەكێكە لە گرنگترین كار كە هەر حكوومەتێك بیكات. ئەوەش دەخەنە ڕوو كە حوكمڕانی و خزمەتگوزاری بە ڕێژەی ١٠٠% پێش دەخات و ئاسانكاریی تەواویش بۆ دامەزراوەكانی حكوومەت و هاووڵاتییان دەكات.

شێركۆ قادر دكتۆرا لە بەڕێوەبردن لە زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانیا، دووپاتی دەكاتەوە كە دانانی سەنتەرێكی لەو شێوەیە گرنگیی زۆری هەیە. بە بڕوای ئەو "ناتوانی بڵێیت خاوەن حكوومەتێكی چالاك و ڕەشیدم بەبێ بوونی سەنتەرێكی لەو جۆرە".

قادر كە ئێستە مامۆستای كۆلێژی كارگێڕی و ئابووریی زانكۆی سلێمانییە، بۆ "وشە" گوتی، "تا ئێستە داتا و زانیارییەكانی حكوومەتی كوردستان لە سەرچاوەیەكی پارێزراودا نین، یان ئەلیكترۆنی نین، ئەوەش بارقورسییەكی زۆری بۆ حكوومەت و كاروبارەكانی دروست كردووە، بۆیە بوونی ئەو سەنتەرە سەرچاوە و هەنگاوی یەكەمی حكوومەتی ئەلیكترۆنییە".

"هەركات تەواوی كارەكانی لە داتا و زانیاری و خزمەتگوزارییەكان تێدا كۆ كرایەوە، ئەوكاتە حكوومەتی هەرێم ٧٠%ی هەنگاوەكانی بە ئەلیكترۆنیكردنی حكوومەتی تەواو كردووە". پسپۆڕەكەی ئیدارە وای گوت.

وشە/ سلێمانی- هەستی كەمال





وشە - وشه‌