گرنگیدان به ئه‌ده‌بی منداڵ كاركردنه له‌سه‌ر نه‌وه‌ی داهاتوو، منداڵان دواڕۆژی هه‌ر گه‌لێكن، بۆیه كاركردن له‌سه‌ر دنیای منداڵ هه‌ستیار و جێی بایه‌خه. زیاد ڕه‌شاد قادر ماسته‌ر له ئه‌ده‌بیاتی منداڵ كه سێ كتێبی له‌و بواره‌دا هه‌یه، له‌م دیمانه‌ی "وشه"دا به وردی قسه له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی منداڵ ده‌كات.
تۆ له چه‌ند لایه‌نێكی ئه‌ده‌بدا نووسینت هه‌یه، ده‌مانه‌وێ بزانین چۆن بیرت له‌وه كرده‌وه بۆ منداڵ بنووسی؟
له زووه‌وه هه‌موو ئه‌و تێكستانه‌ی كه بۆ منداڵ ده‌نووسران و ده‌ستم پێیان ده‌گه‌یشت، به وردی ده‌مخوێندنه‌وه، پاشتر له ڕێی وه‌رگێڕانی چه‌ند ده‌قێكی منداڵانه‌ی عه‌ره‌بییه‌وه بۆ كوردی، زیاتر به‌و ته‌رزه ئه‌ده‌به ئاشنا بووم كه تایبه‌ته به منداڵان. دوای ئه‌وه كاتێك له ساڵی 2007ه‌وه تێكه‌ڵ به كاری ڕۆژنامه‌نووسیی منداڵان بووم، پتر خۆم له‌و بواره‌دا بینییه‌وه، ئه‌وه‌بوو چه‌ند چاپكراوێكی شیعر و چیرۆكی تایبه‌ت به منداڵم بڵاو كرده‌وه و ژماره‌یه‌ك تێكستیشم بۆ سروود و گۆرانی نووسی.
هه‌ندێ كه‌س وا ده‌زانن نووسین بۆ منداڵ ته‌نیا چه‌ند وشه‌یه‌كی ساده‌یه، تۆ چی ده‌ڵێ؟
به پێچه‌وانه‌وه تۆ كه بۆ گه‌وره ده‌نووسیت، خه‌ون و خه‌یاڵ و شادی و تووڕه‌بوونی خۆت ده‌نووسیته‌وه، گوزارشت له خۆت ده‌كه‌یت بێ ئه‌وه‌ی زۆر له خه‌می ئه‌وه‌دا بیت به‌رانبه‌ر تا چه‌ند له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵده‌كات و چۆنی تێده‌گات، به‌ڵام كاتێ بۆ منداڵ ده‌نووسیت، ده‌بێ خۆت بهێنیته ئاستی منداڵ و ڕه‌چاوی سروشت و سایكۆلۆجیا و دنیای منداڵ بكه‌یت، ده‌بێ زمانێكی پاراو و ڕوون به‌كار بێنیت، له بڕگه و ناونیشان و ژماره‌ی به‌یته‌كان و وێنه شیعرییه‌كانتدا بزانی بۆ كێ ده‌نووسیت و له‌گه‌ڵ كێ قسه ده‌كه‌یت، هه‌روه‌ها نابێ زانیاریی نادروست بده‌یت به منداڵ، نابێ زمان تێكبشكێنیت، نابێ وشه‌ی ناقۆڵای ده‌ره‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی منداڵ بخه‌یته ڕسته‌وه.
كۆمه‌ڵێك مه‌رج و چوارچێوه و ده‌بێ و نابێی تر كه له نووسین بۆ منداڵ له‌به‌رچاو ده‌گیرێت، به‌ڵام ئه‌و مه‌رج و چوارچێوه و ده‌بێ و نابێیه له ئه‌ده‌بی گه‌وراندا نییه.
به‌وپێیه‌ی سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (جگه‌رگۆشه‌كان)ی كه گۆڤارێكی تایبه‌ت به منداڵه، ڕه‌وشی ئێسته‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی منداڵان چۆن ده‌بینی، به‌تایبه‌ت گۆڤاری منداڵان؟
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له ئاستی پێویستدا نییه، له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی:
یه‌كه‌م: زۆر له‌و گۆڤارانه‌ی بۆ منداڵ ده‌رده‌چن، له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك كێشه كه كێشه‌ی هه‌ره‌گه‌وره‌یان گرفتی داراییه، ناتوانن به‌رده‌وام بن.
دووه‌م: به‌شی زۆری ئه‌و گۆڤارانه‌ی له كوردستان بۆ منداڵ وه‌شان ده‌كه‌ن، ئه‌و ته‌له‌ڤزیۆنانه‌یشی تایبه‌تن به منداڵ، دیار نییه بۆ چ ئاستێكی ته‌مه‌نی منداڵ كار ده‌كه‌ن.
سێیه‌م: ئه‌و تێكست و به‌رهه‌مانه‌ی بۆ منداڵ ده‌نووسرێن و له گۆڤاره‌كانی تایبه‌ت به منداڵان بڵاو ده‌كرێنه‌وه، به‌شی زۆریان سواو و دووباره‌ن.
تا ئێسته چه‌ند نامیلكه و كتێبت به چاپ گه‌یاندووه و چه‌ندیان بۆ منداڵ بوون؟
تا ئێسته نۆ كتێبم به چاپ گه‌یاندووه، سێ كتێبیان تایبه‌ت بوون به منداڵ، هه‌روه‌ها پێنج كتێبی ترم كه تایبه‌تن به منداڵان، ئاماده‌ن بۆ چاپ.
كه‌سێك بڵێ من بۆ منداڵ ده‌نووسم، پێویسته شاره‌زایی له چیدا هه‌بێت یاخۆ چی بزانێ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتووبێ له كاره‌كه‌ی؟
به بڕوای من هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ بۆ منداڵ بنووسن، پێویسته:
یه‌كه‌م: به كوردییه‌كی جوان و ڕه‌وان بنووسن.
دووه‌م: شاره‌زای سروشت و سایكۆلۆجیای منداڵ بن.
سێیه‌م: ئه‌ده‌بیاتی منداڵانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیان و به‌پێی پێویست هی دنیایان خوێندبێته‌وه، تا خۆیان له دووباره‌كردنه‌وه به‌دوور بگرن.
چواره‌م: خواست و ئاستی تێگه‌یشتنی منداڵی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی خۆمان بزانن كه جیایه له منداڵی چاره‌گه سه‌ته‌یه‌كیش له‌مه‌وبه‌ر.
ئه‌و شیعر و چیرۆكانه‌ی بۆ منداڵ ده‌نووسرێن و له گۆڤار و ڕۆژنامه و ماڵپه‌ڕ و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو ده‌كرێنه‌وه، ئایا هه‌موویان به زمانی زاڕۆك نووسراون, یا ده‌چنه ناو بازنه‌ی ئه‌ده‌بی منداڵ؟
بێگومان وه‌ك چۆن هه‌ندێكیان ڕه‌چاوی زۆر له‌و مه‌رج و چوارچێوانه ده‌كه‌ن كه پێویسته له ئه‌ده‌بی منداڵاندا هه‌بێت، به‌هه‌مانشێوه هه‌ندێك نووسه‌ریش نه‌ك هه‌ر له ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا، به‌ڵكو له ئه‌ده‌بیاتی جیهانیشدا ته‌نیا به‌ناو بۆ منداڵانن، ئه‌گه‌رنا له ڕووی فۆرم و ناوه‌ڕۆكه‌وه ده‌كه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی منداڵانه‌وه.
سه‌ره‌تای نووسینی ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد له‌كه‌یه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، یاخۆ یه‌كه‌م كه‌س كێ بوو بۆ منداڵانی نووسی و نووسینه‌كه له‌باره‌ی چی بوو؟
ئه‌م پرسه مشتومڕی زۆر هه‌ڵده‌گرێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌قه فێركارییانه‌ی مه‌به‌ست لێی شاره‌زاكردنی منداڵ بووه له زمان و ڕێنوێنییه ئاینییه‌كان به به‌شێك له ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد هه‌ژمار بكه‌ین، ئه‌وا ده‌بێ بڵێین ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد له (نۆبارا بچووكان)ی ئه‌حمه‌دی خانی ده‌ست پێ ده‌كات.
ئه‌گه‌ر ئه‌و فێركارییانه‌ش بخه‌ینه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ده‌بی منداڵانی كورده‌وه، ئه‌وا ده‌شێ بڵێین ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد له سه‌ره‌تای سه‌ته‌ی بیسته‌وه په‌یدا بووه.
ئه‌ی چی بكرێ بۆ ئه‌وه‌ی منداڵ زیاتر ئاشنا بكرێن به كتێب و گۆڤاری تایبه‌ت به خۆیان، تا نه‌وه‌یه‌كی ڕۆشنبیریان لێ دروست ببێ؟
ئه‌و ڕێ و هه‌نگاوانه‌ی بۆ خۆشه‌ویستكردنی كتێب و خوێندنه‌وه بۆ منداڵ پێویسته بگیرینه‌به‌ر، زۆرن. به بڕوای من هه‌نگاوی هه‌ره له‌پێش و گرنگ ئه‌وه‌یه دایك و باوك خۆیان كتێبیان خۆش بوێت و بخوێننه‌وه، به‌رهه‌می خوێندنه‌وه‌كه‌یان به منداڵه‌كانیان پێشان بده‌ن.
هه‌روه‌ها ناوه‌نده‌كانی خوێندن و بازاڕ و میدیا و مزگه‌وت پێكه‌وه هانی خوێندنه‌وه و خۆڕۆشنبیركردن بده‌ن، هه‌روه‌ها ده‌زگه پێوه‌ندیدار و ناوه‌نده په‌روه‌رده‌ییه‌كان خول و وانه و پێشبڕكێ و چالاكیی تری تایبه‌ت به كولتووركردنی خوێندنه‌وه ئه‌نجام بده‌ن، له هه‌مان ده‌مدا هه‌موو بۆنه جیاوازه‌كانی وه‌ك ڕۆژی جیهانیی منداڵان و ڕۆژی مافه‌كانی منداڵ و یادی ڕۆژی ژینگه و سه‌ری ساڵ و نه‌ورۆز و ڕۆژی ئاڵا و ده‌سپێكی ساڵی نوێی خوێندن، بقۆزنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی دۆستی كتێب و خوێندنه‌وه‌ن، دیاری و خه‌ڵاتیان به‌سه‌ردا دابه‌ش بكرێت و ڕێزیان لێ بگیرێت، ئه‌مه و چه‌ندان ڕێوشوێنی تری هاوچه‌رخ و گونجاو، ده‌كرێ ببنه به‌شێك له‌و به‌رنامه‌یه‌ی بۆ خۆشه‌ویستكردنی كتێب و گۆڤار پێویستن.
ئه‌و شیعر و چیرۆكانه‌ی هه‌نووكه بۆ منداڵان ده‌نووسرێن، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی ئێسته‌ن یان هه‌ر دووباره‌كردنه‌وه‌ی ڕابردوون؟
ئه‌و شیعر و چیرۆكانه‌ی بۆ منداڵان ده‌نووسرێن، هه‌موویان له یه‌ك ئاست نین، بۆیه ئه‌گه‌ر به‌شێكیان دووباره‌كردنه‌وه‌ی ده‌قه‌كانی پێشوو بن، به‌دڵنیاییه‌وه لێره‌وله‌وێ به‌شێك له نووسه‌ر و شاعیر به‌رهه‌می جوان و داهێنه‌رانه پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و شیاوی ئه‌وه‌ن زیاتر لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر بكرێت و بێنه هه‌ڵسه‌نگاندن.
له نامه‌ی ماسته‌ره‌كه‌تدا كام قۆناغ و كام شاعیری ئه‌ده‌بی منداڵانت به‌سه‌ر كردووه‌ته‌وه؟
جگه له ده‌روازه‌یه‌ك و چه‌ند سه‌ره‌باسێك له‌باره‌ی ئه‌ده‌بی منداڵان و ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد، باسی چوار شاعیرمان كردووه كه ده‌كه‌ونه چوار قۆناغی جیاوازه‌وه له مێژووی ئه‌ده‌بیاتی منداڵانی كورددا، ئه‌وانیش هه‌ریه‌ك له (زێوه‌ر، گۆران، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، ئه‌مین محه‌مه‌د)ن، باسه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا به شێوه‌زاری كرمانجیی سه‌روو و به ئه‌لفبای لاتینی نووسراوه، گۆڕیومه بۆ سه‌ر شێوه‌زاری كرمانجیی ناوه‌ڕِاست و ئه‌لفبای عه‌ره‌بی، ئاماده‌یه بۆ چاپ و له‌لای ده‌زگه‌یه‌كی چاپ و وه‌شاندنه، ئومێد ئه‌وه‌یه بڵاوبوونه‌وه‌ی دوا نه‌كه‌وێ و كه‌لێنێك له كتێبخانه‌ی ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد پڕ بكاته‌وه.
پرۆفایل
زیاد ڕه‌شاد قادر له ساڵی 1974 له هه‌ولێر له دایك بووه. له ساڵی 1998 بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی له كۆلیژی كارگێڕی و ئابووریی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین وه‌رگرتووه. له ساڵی 2016 ماسته‌ری له ئه‌ده‌بی كوردی له زانكۆی (یوزنجویل) له شاری (وان)ی باكوری كوردستان به ده‌ست هێناوه و تێزی ماسته‌ره‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی منداڵ بووه. له ساڵی 1999وه له گۆڤار و ڕۆژنامه‌كان ده‌نووسێت و تا ئێسته چه‌ندان لێكۆڵینه‌وه و وتار و ستوونی ڕۆژنامه‌وانی و ده‌قی ئه‌ده‌بی و گفتوگۆی ڕۆژنامه‌وانی و شیعری منداڵانی بڵاو كردووه‌ته‌وه و ژماره‌یه‌ك له شیعره‌كانی كراونه‌ته گۆرانی.
ئه‌ندامی كارای سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستانه. ئه‌ندامی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورده. سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (جگه‌رگۆشه‌كان)ـه. تا ئێسته نۆ كتێبی به چاپ گه‌یاندووه و له‌وانه سیانیان تایبه‌تن به منداڵ.