بۆچی لە تاریکی دەترسین

:: PM:02:23:04/02/2020 ‌
شەو ئاخنراوە لە ترس، تاریکی خەیاڵی مرۆڤ بۆ کەوتنە ناو بۆسە دەبات، ئەو زانیاریی و وێنانەی بە مێشکی مرۆڤ دەگەن ناتەواون و زەوینە بۆ مێشک لەبار دەبێت بۆ ئەوەی خەیاڵ دروست بکات تا ئەو وێنە ناتەواوانەی چاو توانای بینینیانی نییە و گوێ نایانبیستێ، تەواویان بکات.
مرۆڤ لە منداڵییەوە فێر دەکرێ لە تاریکی بترسێت

ئاژانسی "دویچەڤێلە"ی ئەڵمانی لێکۆڵینەوەیەکی نوێی خستووەتە روو و تیایدا ئەو هۆکارە زانستییانە دەخاتە روو کە وایان کردووە مرۆڤ فۆبیای شەوی هەبێت، لێکۆڵینەوەکە لەسەر بنەمای وەڵامدانەوە بەو پرسیارانە ئەنجام دراوە، بۆچی مرۆڤ زیاتر لە شەودا دەترسێت تا رۆژ؟ بۆچی دەنگێکی نامۆ، خشەیەک یاخود بینینی سێبەرێک لە شەودا هەندێک لە مرۆڤەکان دەترسێنێت؟ ئەی بۆچی بە بیستنی هەمان دەنگ لە رۆژدا ئەو هەستە دروست نابێت؟

یوهان کلاک، پسپۆڕی دەرونناسی لەو لێکۆڵینەوەیەدا هەوڵ دەدات هۆی ئەو هەستانەی مرۆڤ لە تاریکیدا، لە روانگەی دەرونناسی کامڵبوونەوە شی بکاتەوە و دەڵێ، لە تاریکی دەترسین چونکە شەو ئاخنراوە لە ترس، ئەگەری خۆ ماتدان و بۆسە دانانەوە لە تاریکی و چۆڵی شەو و دەست رانەگەیشتن بە هیچ یارمەتیدەرێک لەکاتی دروستبوونی مەترسی، شەویان لە زەینی مرۆڤدا مەترسیدار کردووە.

ئەو پسپۆڕە دەڵێ، بەدەر لەمانە، فۆبیای تاریکی تا رادەیەکیش پێوەستە بە پەروەردەوە، مرۆڤ لە منداڵییەوە فێری ئەوە دەکرێ لە تاریکی بترسێت، بەڵام ترس لە تاریکی زادەی بیرکردنەوە و زەینی خودی مرۆڤە. بۆ نمونە کاتێک شەو لەماڵەوەی و لە ئارامی تەواودای دیسانیش هەست بە ترس دەکەی، مێشک بەردەوام پێشبینی ئەو شتانە دەکات کە هەستی مرۆڤ دروستیان دەکات.

ئەو لیکۆڵینەوە نوێیە دەری خستووە کە زۆربەی پێشبینی و وەرگرەکانی مرۆڤ لەو شتانەوە هەڵدەقوڵێت کە خۆی چاوەڕوانیان دەکات، لە تاریکیدا بەهۆی تێکچوونی زانیارییە وێنەییەکان کە ناسینەوەی شتەکان و لەیەک جیاکردنەوەیان قورس دەکات، مێشک ناچار دەبێت خۆی زانیارییەکان تەواو بکات.

لەو دۆخەدا مێشک ئاسانترین و لۆژیکیترین ریگەکان بۆ پڕکردنەوەی زانیارییەکان هەڵدەبژێرێت، بۆ نمونە کاتێک گوێمان لە خشەیەک دەبێت، لەبەر ئەوەی زانیارییەکان لە مێشکدا ناتەواوە، مێشک هەوڵ دەدات وای پێشان بدات کە ئەوە خشەی شتێکە و دەیهەوێ وا پێشان بدات کە شت دەزانێت و بە واتایەکی تر چیرۆکی بۆ دروست دەکات.

یۆهان کلاک لەبارەی جیاوازییەکانی نێوان ترس و دڵەڕاوکێ پێی وایە، ئەو دوو بابەتە لە بنەماوە لەیەکتر جیاوازن و دەڵێ، ترس بە واتای ئەوەیە مەترسییەکی رژد ژیان و سەلامەتی مرۆڤی خستووەتە مەترسییەوە، بۆ نمونە ترس لە سەگێک کە دەیهەوێ هێرشت بکاتە سەر، ترس واتا درکی مەترسییەکی راستەقینە و بەپەلە، بەڵام دڵەڕاوکێ کاتێک دروست دەبێت کە ئێمە هەست بەوە بکەین لەوانەیە مەترسییەکمان بۆ بێتە پێشەوە، درک کردنە بە مەترسییەکی ناڕوون و ناڕاست.

ئەو لێکۆڵینەوەیە پێداگری دەکات لەوەی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی لە پێویستییەکانی ژیانی مرۆڤن، ئەوە دڵەڕاوکێیە وا لە ئێمە دەکات زۆربەی جار خۆمان لە مەترسییەکان بەدوور بگرین و نەکەوینە دۆخێکی لەو شێوەیە. کاتێک هەست بە مەترسی دەکەین ئاگاییمان زیاتر دەبێت و کەس و شتەکانی دەوروبەرمان خێراتر دەناسینەوە و لە کاتی ئاسایی وریاتر دەبین، لێدانی دڵ لەو دۆخانەدا خێراتر دەبێت و لەشی مرۆڤ دەکەوێتە دۆخی ئامادەباشییەوە و ئۆکسیجنی زیاتر بۆ مێشک دەچێت و ماسولکەکانمان خۆیان بۆ راکردن ئامادە دەکەن.

وەک لە توێژینەوەکەی ناوەندی دەرونناسی ئەڵمانیا ئاماژەی پێ دراوە، لەشی مرۆڤ هەمیشە لە کاتی نیگەرانی و دڵەڕاوکێدا بەو شێوەیە ناچێتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، بەڵکو هەندێ جار تووشی حاڵەتێکی تر بەناوی "وشکبوون" دەبێت کە لە جێی خۆی دەوەستێت و لە حەژمەتی ترسەکە جووڵەی لێ دەبڕێت.

هەرچەند ئەو دژکردەوەیە زیاتر لەناو ئاژەڵاندا بەدی دەکرێت بەڵام، هەندێک جار لە هەندێک دۆخدا مرۆڤیش تووشی حاڵەتی لەو شێوەیە دەبێت.

لە کۆتایی لێکۆڵینەوەکەدا کە ماوەی دوو ساڵ کاری لەسەر کراوە، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، مرۆڤ زیاتر لە دۆخی دڵەڕاوکێدا ژیان بەسەر دەبات تا ترس و ئاماژە بەوەیش دراوە کە پێکهاتەی لەشی مرۆڤ بەو شێوەیە نییە کە بتوانێت بەرگەی ئەوە بگرێت بەردەوام لە ترسدا بژیت، بەڵکو هەندێک کەس بە هەڵە ترس و دڵەڕاوکێ تێکەڵ دەکەن و ناتوانن لەیەکتریان جیا بکەنەوە.



وشە - هیدایه‌ت جان