لەگەڵ ئەوەی هیوا سیتی لە هەولێر یەكێكە لە شارە بە رەواجەكان، بەڵام گڕەی موەلیدەكانی دانیشتووانەكەی هەراسان كردووە. ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەكان داوای كۆكردنەوەی واژوو لە خەڵكەكە دەكات بۆ چارەسەری كێشەكەیان. جیا لەوەی نرخی كارباەی مۆلیدەكەی 21 ئەوەندەی نرخی حكوومەتە.
هیوا سیتی ناوچەیەكی بەرفرەوانی لە رۆژهەڵاتی هەولێر بۆ خۆی دابڕیوە و هەتا نزیك كەسنەزان بە هەردوو بەری شەقامەكەدا زەوییەكانی هی ئەو كۆمپانیایە، لە بەشی نیشتەجێبووندا بەرێكی شەقامەكەی بە درێژایی دابەش كردووە، چەند زۆنێكی تەواو بوون و ژیانیان تێدا دەكرێ، وەك "ئەی، بی، دی، ئێف" هەروەها لە زۆرنەكانی "سی، ئی، جی" بەردەوامە، بەڵام دانیشتوانی ئەو زۆنانەی تەواو كراون، لەبەر دەنگی مۆلیدە كە دەكەوێتە ناوەڕاستی ماڵانەوە، ژیانی تێدا سەخت بووە.
دانیشتووانی شاری هیوا وێڕای ناڕەزایەتییان لە دەنگی مۆلیدەكە كە لە ئاستی جوانی و گرانی نرخی خانووەكانی پرۆژەكەدا نییە، لەسەر نرخەكەیشی نیگەرانن. ئەمە لە كاتێكدایە لە تەواوی هەولێر و هەرێمی كوردستان ئەو ماڵانەی دەكەونە نزیك موەلیدەكانی كارەبا، لە بەرانبەر بێزاركردنیان بە دەنگی موەلیدە، لە پارەی كارەبای مۆلیدە دەبەخشرێن.
بەپێی بەدواداچوونێكی مەیدانی "وشە" بێزاری تەواو تا ئەو ئاستەی مەیلیان لەسەر خانووەكانیشیان نەماوە، بە دانیشتوانی هیواسیتییەوە دیارە، بەڵام بەدیاریكراویش ئەوانەی دەكەونە نزیك مۆلیدەكانەوە تەواو هەراسان بوون.
وەك دانیشتوانەكەی دەڵێن، ماوەیەك كۆمپانیای هیوا دەنگۆیەكی بڵاوكردەوە كە مۆلیدەكانی هەموو زۆرنەكان لە دەرەوەی پرۆژەكە دەگوازێتەوە بۆ دەرەوەی پرۆژەكە، بەڵام نەك ئەوە رووی نەدا، مۆلیدەی زۆنی (A) كێشەی تێدا دروست بووە دەنگەكەی زۆر بەرزتر بووەتەوە. بۆیە ئەو ماڵانەی دەكونە زۆنی ئەی، زیاتر بێزاری دەردەبڕن.
یەكێك لەو ماڵانەی كە خانووەكەی رێك بەرانبەر موەلیدەكەیە و تەنیا شەقامێكی 15 مەتری جیای دەكاتەوە، باس لەوە دەكات كە لە گرووپی ڤایبەری شارەكە، ناڕەزایەتی خۆی بە خاوەنی پڕۆژەكە گەیاندووە، دەیان جاری تریش بەهەمانشێوە ناڕەزایەتی دەربڕیوە، بەڵام وەڵام نەدراوەتەوە.
خانووم بە 300 هەزار دۆلار كڕیوە بۆ ئەوەی لە ژینگەیەكی ئارام بژیم، بەڵام موەلیدە ژیانی تاڵ كردووم
پارێزەر نزار غەنی، بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا كە خانووی لە شاری هیوا بە سەرووی 300 هەزار دۆلار كڕیوە بۆ ئەوەی لە ژینگەیەكی هێمن و ئارام ژیان بەسەر ببات، بەڵام موەلیدەكە ژیانی لێ تاڵ كردووە. زیاتر گوتی "دوو ملیۆن دینار زیاترم لە باخچەی حەوشەكەم خەرج كردووە، كەچی لەبەر بەرزی دەنگی موەلیدەكە لە ژووریشەوە هەراسان بووین و باخچەكە هەر بەكار نایەت، ئەوە جگە لەو ژەهری دووكەڵەی بڵاوی دەكاتەوە".
بە گوتەی نزار كە خۆی سەردانی خاوەنی پڕۆژەكەی كردووە بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە لەسەر داوای زۆر لە دانیشتووانی شاری هیوا، بەڵام خاوەنی پڕۆژەكە پێی گوتووە، بردنە دەرەوەی موەلیدە بۆ دەرەوەی پرۆژەكە تێچووی زۆری دەوێت.
"ئەمە پێوەندی بە ئێمەوە نییە، دەبێت موەلیدەكە بچێتە دەرەوەی شاری هیوا، ئەگەر ئەوە نەكەن ناچارین وەك دانیشتووانی دەوروبەری موەلیدەكە واژوو كۆ بكەینەوە و رێی دادگای لێ بگرین، چونكە ئێمە لە كوردستانین و بە بەردەوام سەرووی 12 سەعات كارەبای موەلیدەمان هەیە، ناكرێ هەر لەو بێزارییەدا بین" پارێزەرەكە وای گوت.
جگە لە نزار غەنی، دوو ماڵی تری لای راستی موەلیدەكە كە شەقامێكی 12 مەتری جیایان دەكاتەوە، هەمان كێشە و بێزارییان لە بەرزی دەنگی موەلیدەكە هەبوو، تەنانەت گرانیی نرخی یەكەی كارەبای موەلیدەكەیشیان ورووژاند.
لای خۆیەوە دانیشتوویەكی تر كە زیاتر لە 50 مەتر ماڵەكەی لە موەلیدەكە دوورە، باسی لەوە كرد كە زیاتر لە 10 سەردانی سەرپەرشتیاری موەلیدەكەی كردووە، "هەر بەڵێن دەدەن بیگۆڕن، بەڵام تا ئێستە هیچیان نەكردووە".
جەعفەر عەبدولعەزیز موختاری شاری هیوا كە وەك سەرپەرشتیاری موەلیدەكە قسەی بۆ "وشە" كرد، نایشارێتەوە كە موەلیدەكەی پێشتر تێكچووە و تا ئێستە لای وەستایە و چاك نەبووەتەوە، ئەو موەلیدەیەش ئێستە كار دەكات بەشێوەی كاتی دانراوە.
ئەو قسەیەی جەعفەر عەبدولعەزیز، هەمان ئەو قسەیەیە كە مانگێك بەر لە ئێستە بەو كەسانەیان گوتووە كە ناڕەزایەتییان لەسەر بەرزی دەنگی موەلیدەكە بە كۆمپانیای سەرپەرشتیاری شاری هیوا گەیاندووە.
دانانی موەلیدە لە گەڕەكەكان بەپێی رێككەوتن یان رازیكردنی ئەو ماڵانەی دەكەونە نزیكی موەلیدەكە، وەك قەرەبوویەك بەرانبەر بێزاربوونیان لە دەنگی موەلیدە، لە پێدانی پارەی موەلیدە دەبەخشرێن و خاوەن موەلیدەكان هاوكارییان دەكەن.
موەلیدەی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون كە لە دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان وەرگرتووە، لیژنەیەك لە دەستە كە قارەمان مەولوود سەرۆكی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەكانی پارێزگای هەولێریش ئەندامە تێیدا، سەرپەرشتی دەكەن.
زۆرینەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان سیستمی موەلیدەكانیان لە رێی كارتی زیرەك رێكخراوە، نرخی هەر یەكەیەكی كارەبا (كیلۆ وات/ سەعات) بە 23 سەنتە، لەگەڵ پچڕانی كارەبانی نیشتمانی راستەوخۆ موەلیدەكان ئیش پێ دەكرێن.
بەڵام سامان عارەب بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنانی هەولێر بە"وشە" دەڵێ، شاری هیوا هاوشێوەی شوقەكانی ئیسكان، ناز سیتی، گوندی ئینگلیزی، تەلار سیتی، ئاسوودە سیتی و شوقەكانی 92، مۆڵەتیان لە وەبەرهێنان نییە و راستەوخۆ لە شارەوانی مۆڵەتیان وەرگرتووە، بۆیە ناتوانین هیچ قسەیەك لەسەر كێشەی موەلیدەی شاری هیوا بكەین.
بەڵام قارەمان مەولوود سەرۆكی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەكانی پارێزگای هەولێر، رای دەگەیەنێت كە خەڵك واژوو كۆ بكەنەوە و سەردانی ئەنجوومەن بكەن بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ كێشەكەیان بكەین و چارەسەری بكەن.
یەكێكی تر لە گرفتەكانی دانیشتووانی هیوا سیتی، گرانیی نرخی یەكەی كارەبای موەلیدەیە، هەر 740 یەكەی كارەبا (كیلۆ وات/ سەعات) لە رێی كارتێكی زیرەكەوە بە 200 دۆلار بە دانیشتووانی شارەكە دەفرۆشرێت، بەمەش نرخی هەر یەكەیەكی كارەبا 27 سەنت دەكەوێت كە دەكاتە (324) دینار.
ئەوە لە كاتێكدایە بە قسەی حوسێن محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای هەولێر، "نرخی یەكەی كارەبای نیشتمانی بۆ 450 یەكەی سەرەتا بە 15 دینارە، بەڵام بۆ 450 یەكەی دووەم دەبێتە 20 دینار و بۆ 600 یەكەی سێیەم، واتە لە یەكەی 900 تا هەزار و 500، نرخەكە بۆ 35 دینار بەرز دەبێتەوە".
بەو بەراوردە، نرخی هەر یەكەیەكی كارەبا لە شاری هیوا، 21.6 جار زیاترە لە نرخی كارەبای نیشتمانی كە حكوومەت دابینی دەكات.
لای خۆیەوە سەرپەرشتیاری ماركێتەكەی زۆنی ئەی لە شاری هیوا، بۆ "وشە" گوتی، "مانگانە سێ بۆ چوار كارتی 200 دۆلاری كارەبا خەرج دەكەین، واتە بە بەردەوام 600 دۆلار بە پارەی كرێی موەلیدە دەدەم".
هەموو مانگێك 200 دۆلار پارەی كارەبای موەلیدە دەدەین
یەكێك لەو ژنانەی ماڵەكەی نزیك موەلیدەیە لە هیوا سیتی كە تەنیا سێ كەسن لە ماڵەوە، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، "هەموو مانگێك 200 دۆلار پارەی كارەبای موەلیدە دەدەین لە وەرزی زستان و بە دەست پێوەگرتنیشەوە، لە هاوین بێگومان زیاتر خەرج دەكەین".
پارێزەر نزار غەنی هاوڕای ژنەكەیە كە نرخی كارەبای مۆلیدە زۆر گرانە لە هیوا سیتی و باس لەوە دەكات، زۆر بە دەگمەن سپلیت دادەگیرسێنین لە كاتی موەلیدە و كەمترین گڵۆپیش داگیرسێنین، كەچی لەگەڵ ئەوەشدا مانگانە 200 دۆلارم بۆ كارەبا دەچێت و 60 دۆلاریش بەناوی خزمەتگوزاری وەردەگرن".
یەكێكی تر لە دانیشتوانی هیوا سیتی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێ، تایبەت بەو پارەیەی بۆ خزمەتگوزاری وەریدەگرن، گوتی "جارێك كێشەی كارەبامان هەبوو نەهاتن سەیری بكەن، چەند جارێكیش كێشە ئاو هەبوو گوتیان بە تانكەر بیكڕن، ئیتر تێناگەین ئەو پارەی خزمەتگوزارییە لە بەرانبەر چی دەدەین".
دووپاتیشی كردەوە كە تەنیا سیكیوریتی لەو پرۆژانەدا دانیشتوان لێی سوودمەندن وەك خزمەتگوزاری، كەچی بڕە پارەیەكی كەم بە پاسەوانەكانیان دەدرێت لە بەرانبەر دەوامێكی زۆر، بەڵام ئەو پارەی خزمەتگوزارییەی لە هەموو ماڵ و ئۆفیسەكان وەردەگیرێ، سەتان جار زیاترە لەو پارەیەی بە پاسەوانەكان دەدرێت، بۆیە ئەگەر خزمەتگوزاری تەنیا پاسەوانە، دەكرێ هەر خانوویەك مانگانە پێنج هەزار دینار بدات و هێشتاش خاوەن پرۆژەكان قازانج دەكەن.