مەسروور بارزانی بۆ فڕانس 24: بە دڵنیاییەوە ریفراندۆم هەڵە نەبوو

:: PM:01:01:05/02/2020 ‌
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فڕانس 24 تیشک دەخاتە سەر پێوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و لەبارەی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق داوا دەکات پابەندی دەستوور بێت و دەشڵێت، بە دڵنیاییەوە ریفراندۆم هیچ هەڵە نەبوو، ئەوە دەربڕینی خواستی خەڵکی بوو.

* بەڕێز سەرۆک وەزیران دەمەوێت لە بارودۆخی بەغداوە دەست پێ بکەم، چەندین مانگە خۆپیشاندان بەردەوامە و ئێستا سەرۆک وەزیرانێکی نوێ راسپێردراوە کە ئەویش محەمەد عەللاوییە. ھەروەھا داوای ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت. بۆچوونی تۆ لەسەر رەوشی ئێستای بەغدا چییە؟

- ئێمە وایدەبینین بارودۆخی ئێستای بەغدا دەرئەنجامی ئەو حوکمڕانییە خراپە بووە کە لەماوەی 15 - 16 ساڵی رابردوو ھەبووە. زۆربەی ئەوانەی ئێستا خۆپیشاندان دەکەن و رژاونەتە سەر شەقامەکان داوای ئەنجامدانی چاکسازیی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و حوکمڕانییەکی باش دەکەن، ئێمەش پشتگیریی تەواوی ئەو داواکارییە رەوایانەی خەڵکەکە دەکەین. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێکجار ئەجێندای سیاسی تێدا تێکەڵاو دەکرێت کە ئەمەش رەوشەکەی ئاڵۆزتر کردووە. لەراستیدا سەرۆک وەزیرانی پێشوو بەڕێز عادل عەبدولمەھدی، ھەموو ھەوڵی خۆیدا بەڵام بەداخەوە ئەو ئەوەندە پشتگیریی نەکرا کە شایەنی بوو لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی دیکە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی خۆی. ئێمە پێمانوانەبوو کە ئەو بەرپرسیاربێت بەرامبەر بە ھەموو ئەو کێشانەی وڵاتەکە بەدەستییەوە دەناڵێنێت. ھیواداریشم کە سەرۆک وەزیرانی نوێی راسپێردراو بەڕێز عەللاوی پشتگیریی زیاتری بکرێت لەلایەن خەڵک و لایەنە سیاسییەکانیش تا سەرکەوتوو بێت.

چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و رێگەیەکی باشمان بڕیوە، بەڵام ھێشتا زۆر کاری دیکەشمان ماوە کە دەبێ ئەنجامیان بدەین
* ئایا تۆ گەشبینی ئەوە روودەدات؟ لەبەرئەوەی زۆر خەڵک ئەوەندە ھیوایان پێی نییە؟
- جارێ دیارنییە دەبێ چاوەڕێ بین و تەماشا بکەین. بێگومان ھەندێک ھەن دژی راسپاردنی ئەوە، بەڵام ژمارەیەکی زۆریش پشتگیریی دەکەن، بۆیە ھیوادارین کە ئەگەر ئەو بووە سەرۆک وەزیران ئەوا بە تەواوەتی پابەندی جێبەجێکردنی دەستوور بێت کە ئەمەش پێمانوایە داواکاری سەرەکی زۆرینەی گەلی عێراقە.

* بەڵام داواکارییەکی دیکەی زۆربەی عێراقییەکان و ھەروەھا داواکاری ئایەتوڵا سیستانی، ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەیە. ئایا ئێوەش لەگەڵ ئەو پێشنیازەدان تا بزانن ئایا خەڵک دەیەوێت ئایندەی وڵاتەکەیان بە چ ئاراستەیەک بڕوات؟
-  ھەر شتێک زۆرینەی گەلی عێراق لەگەڵی بێت. ئێمەش پشتگیریی دەکەین. بەڵام ئەوە تەنیا پەیوەندی بە ھەڵبژاردنەوە نییە بەڵکو پەیوەندی بە تەواوی سیستەمەکەوە ھەیە کە مایەی نیگەرانیە و دەبێ ئەو نیگەرانییەمان لەبەرچاوبگیرێت . پێویستە حکوومەتێکی گشتگیر وهەمەلایەنە ھەبێت و نوێنەرایەتی خەڵک بکات. بۆیە دەبێ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنیش بەو مەبەستە و ئاراستەیە بێت. 

* ئەگەر ئەوە رووینەدا، پێشبینی رووخانی دەوڵەتی عێراق دەکەیت؟
-  لەراستیدا نازانم. ھیوادارم وانەبێت. ھیوادارم کە چارەسەرێک ھەبێت بۆ ئەو خەڵکەی کە زۆر ئازاری چەشتووە. 

* حکوومەتەکەی ئێوە لە گفتوگۆدابوون لەگەڵ بەغدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکانتان بەتایبەتی لەبارەی پرسی نەوت، پێدەچێ بەھۆی ئەو بارودۆخەی لە بەغدا ھەیە گفتوگۆکانتان هەلپەسێردراون و جارێ هیچ رێککەوتنێک لە ئارادا نەبێت؟ 
-  بەڵێ ئەوە راستە. لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەکەم راستەوخۆ چوومە بەغدا و بە کۆمەڵێک پێشنیاز لەگەڵ تیمێکی بەھێزی کابینەکەم. بەردەوامبووین لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەڕێز عادل عەبدولمەھدی و کابینەکەی و دواتر گەیشتنە رێگەچارەیەکی باش و چاوەڕێ بووین بگەینە قۆناخی کۆتایی رێککەوتنەکە کە لەو بڕوایەدابووین لە بەرژەوەندی عێراق و ھەرێمی کوردستانیشدا بوو. بەداخەوە رەوشەکە لە عێراق یارمەتیدەر نەبوو. بۆیە ھەموو شتەکان راوەستان. بۆیە ھیوادارم حکوومەتی داھاتوو و سەرۆک وەزیرانی داھاتوو پابەندبێت بەوەی کە رێککەوتنەکە بگەیەنێیەتە قۆناخی کۆتایی کە ئێمە پێمانوایە ئەوە لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراقدایە. 
* بێگومان ئێستا زۆر باسیش لە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا دەکرێت. لەدوای کوشتنی ژەنەڕاڵی ئێرانی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکییەکانەوە، پێشموایە تۆ لەگەڵ ئەوەنیت بکشێنەوە. پێتوایە کە ھێزەکانی ئەمریکا دەکشێنەوە ، ئایا ئەمە جێی نیگەرانی ئێوەیە؟ 
- ئەمریکا و ھێزەکانی ھاوپەیمانان لەسەر داوای فەرمی حکوومەتی عێراقی لە عێراقن. ئەوانیش زۆر یارمەتیدەری ھێزەکانی عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە یان داوە لە شەڕی دژ بە داعش. بۆیە ئێمە لەوبڕوایەداین مانەوەیان پێویستە، چونکە داعش ھێشتا مەترسییەکی گەورەیە و بە تەواوەتی لەناونەچوون و ریشەکێش نەکراون.داعش توانای خۆی رێکخستنەوەو ھێرشکردنیان هەیە، لەچەندین شوێن ھێرشیشیان ئەنجامداوە. بێگومان ئەو بڕیارە بڕیارێکی تاکلایەنە بوو لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە و پەلەیان لە بڕیاردانەکە کرد و ھیوادارین کە رێگەچارەیەک یان میکانیزمێک ھەبێت کە ھەردوو حکوومەتی عێراق و ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان پێی رازی بن بە مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لەم ناوچەیە کە ئێمە پێمانوایە مانەوەیان زۆر پێویستە. 

* لەدوای ھێرشەکەی ئەمریکا کە بووە ھۆی کوشتنی قاسم سولەیمانی و دواتریش وەڵامدانەوەی ئێران کە بێگومان بنکەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ھاوپەیمانانی کردە ئامانج. ئێستا ئەمریکا باس لە ھێنانی سیستەمی دژە مووشەکی پاتریۆت دەکات. ئایا لەوبارەیەوە قسەیان لەگەڵ ئێوە کردووە؟ تۆ لەگەڵ ئەوەی ئەو سیستەمە بھێنرێت تا ھێرشی لەوجۆرە دووبارە نەبێتەوە؟
-  ئەمریکا وەکو ھەر حکوومەتێکی دیکە مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات. بۆیە ئەگەر ئەمریکا بڕیاربدات لە ھەر شوێنێک بنکەی سەربازی ھەبێت، ئەوە بڕیاری خۆیانە و چ سیستەمێک دادەنێن بۆ بەرگریکردن لەخۆیان ئەوە بۆ بڕیاری خۆیان دەگەڕێتەوە. بەڵام بێگومان ئەوان ھاوپەیمانن و ھاوکار و پاڵپشتیکاربوون لە تەواوی شەڕی تیرۆریزم لە ناوچەکە، ھەربۆیەش ئەوان لێرەن. بۆیە ئەوە بۆ بڕیاری ئەمریکا دەگەڕێتەوە و ئەوان خۆیان بڕیاردەدەن.

* ئایا لەسەر ئەو پرسە قسەیان لەگەڵ ئێوە کردووە؟
-  ئەوان باسیان لەوە کردووە کە سیستەمی بەرگری لێرە دابنێن بەڵام بێگومان ئەوان چاوەڕێن قسە لەگەڵ حکوومەتی عێراقی بکەن و رەزامەندی حکوومەتی عێراقی وەربگرن. 

* بەڵام ئێوە پێشوازی لەو هەنگاوێکی لەم شێوەیە دەکەن؟
-  بەڵێ بێگومان بەڵام دەبێ بەغدا رەزامەندی بدات. بەڵام ئەگەر بە رای ئێمە بێت ئەوە لاریمان نییە.

* ئاماژەت بەوە کرد کە داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوەن و نوێنەری ئەمریکاش لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند کە ھێشتا نزیکەی هەژدە ھەزار چەکداری داعش لە عێراق و سووریا ھەن، بۆچوونی ئێوە لەسەر ئەو ژمارەیە چییە و مەزەندەی ئێوەش دەربارەی خۆڕێکخستنەوەی داعش چییە؟
-  زۆر زەحمەتە ژمارەیەکی راست و دورستت بدەمێ. بەڵام ئێمە زانیاریمان ھەیە کە ژمارەی چەکدارەکان نزیکە لەو ژمارەیە. واتا هەژدە ھەزار یان زیاتر . بەڵام دەتوانم بڵێم بەدڵنیاییەوە کە ئێستا ژمارەی ئەندامانی داعش زۆر زیاترە لە ژمارەی ئەندامەکانیان لە ساڵی 2013 پێش ئەوەی ھێرشەکانیان بۆ سەر عێراق و سووریا دەستپێبکەن و خەلافەتی خۆیان رابگەیەنن. بۆیە ئەگەرێکی زۆر ھەیە بۆ سەرھەڵدانەوەی داعش و زۆر بەئاسانیش دەتوانن خۆیان رێکبخەنەوە و خەڵکی نوێ رابکێشنە نێو ریزەکانیانەوە. لەبەرئەوەی سەرجەم ئەو ھۆکارانەی بوونە ھۆکاری سەرھەڵدانی داعش و ھەماھەنگی خەڵک لەگەڵ داعش ھێشتا ماون. بۆنموونە ھێشتا سەقامگیریی سیاسی نییە. خۆشگوزەرانی ئابووری نییە، ئارامی و ئاسایشێکی بەھێزیش نییە. ئەمانەش ھۆکار بوون بۆ سەرھەڵدانی گروپی تیرۆرستی، بێگومان لەئەگەری نەبوونی ئەو فاکتەرانەی باسمکردن و ئەگەر بە جیدی رووبەڕوویان نەبینەوە وەک ھێزەکانی ھاوپەیمانان و هێزەکانی ناوچەکە ، ئەوە ئەگەرێکی زۆرە کە داعش سەرھەڵبداتەوە. 

* وەک ئاماژەم پێدا ئێستا ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆنەکانی لەدژی داعش دەست پێ کردووەتەوە لەدوای ئەوەی بۆ ماوەیەک رایانگرتبوو. ئایا  دەتانەوێت ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی رۆڵێکی کاراتری ھەبێت، تۆ بەخۆشت ئامادەی کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن دەبیت، ئایا لەوێ داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەی بۆ ھاوکاری زیاتر؟
- بەڵێ بێگومان. پێویستە بە توندترین شێوە رووبەرووی داعش ببینەوە، بەڵام ئێستا ئەوە زەحمەتە چونکە ئەوان ئێستا ھیچ ناوچەیەکی لەژێر دەستدا نییە وەکو رابردوو. بۆیە ئێستا پێویستی بە ھەماھەنگییەکی سەربازیی و ھەواڵگریی ھەیە و دەبێ بزانیت ئەوان لە کوێن و دواتریش بەکردەوەی سەربازی رووبەروویان ببیتەوە. 

* باست لە کردار کرد، ئەوەش پێویستی بە ھەماھەنگی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەند ھەیە بەتایبەتی لەو ناوچانەی بە ناوچەی ناکۆکی لەسەر ناسراون و وادەبینرێت کە ئێستا بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە ھەیە، ئەمەش بەھۆی ئەوەی ھەماھەنگی تەواو لەنێوان ئێوە و ئەواندا نییە و ئەمەش ئەو ناوچە  کە سوننیانەن لەرابردوودا داعش پێگەی بەھێزبوو، ئێستاش ھەر لەوێ خەریکی خۆرێکخستنەوەیەو دەیەوێ دووبارە بگەڕێتەوە؟ 

- ئەمە یەکێک بوو لەو خاڵانەی کە لەگەڵ بەغدا دا گفتوگۆمان لەسەر کرد و پێشنیازمان بۆ بەغدا کرد کە پێویستە ھەماھەنگییەکی باشتر لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ھەبێت. بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە بە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان ناسراون. لەبەرئەوەی ئێستا بۆشایی ئەمنی ھەیە، ئەمەش بەھۆی ئەو گرژیانەی لەنێوان ئێمە و بەغدا ھەبوو لەدوای ساڵی 2017. بۆیە پێویستە ئەو ناوچانە پارێزگاریان لێ بکرێت و پێشنیازی ئێمەش ئەوەبوو کە ھەردوو هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لەیەکتر نزیک ببنەوە و بگەڕێنەوە بۆ سەر ئەو سیستەمەی لەرابردوودا ھەبوو کە پێیدەگوترا میکانیزمی ھەماھەنگی ھاوبەش، تاوەکو ئەو ھەماھەنگیانە دەستپێبکەنەوە تا چیدیکە داعش نەتوانێت لەو ناوچانە جموجۆڵی ھەبێت.

* بەڵام ئایا ئەوە تا چەند چارەسەرێکی واقیعیانە دەبێت لەکاتێکدا کە میلیشیا شیعییەکان ناوچەیەکی زۆریان لەژێر دەستە و ھەندێک پێیانوایە زۆربەی عێراقیان کۆنتڕۆڵ کردووە. ئایا ئەوانیش مەترسی نین بۆ ئەو ھەماھەنگیەی تۆ باست کرد؟
- با ئەوە روون بکەمەوە کە ئەوان لەرابردوودا رووبەرووی داعش بوونەتەوە، بەڵام ئێمە باس لەوە دەکەین کە چۆن بتوانین رێگری بکەین لە مەترسی سەرھەڵدانەوەی داعش لەو ناوچەیە. بۆیە ھەر پرسێک یانیش ھەر شتێک کە لەو رووەوە یارمەتیدەر نەبێت دەبێ بیر لە ئەڵتەرنەتیڤی بکەینەوە. تا ئەم ساتەش باشترین ئەڵتەرنەتیڤ ئەوەیە کە سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگە ئەو بۆشایە پڕبکەنەوە لەبەر ئەوەی زۆر لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە رەنگە دڵخۆش نەبن بەوەی ھێزی دیکە لەو ناوچەیە بێت. 

* بێگومان زۆرێک لەو ھێزانەی باستکردن پەیوەندیان بە ئێرانەوە ھەیە و باسم لە ھێرشەکانی سەر ئەم ناوچەیە کرد کە مانگێک لەمەوبەر ئەنجامدران لەدوای کوشتنی قاسم سولەیمانی. پێتوایە بڕیارێکی باش بوو ئەمریکا ئەو کارەی کرد؟

- ئەوە بڕیاری ئەمریکا خۆی بوو. من ناتوانم بە ناوی ئەمریکاوە قسە بکەم.

* ئایا لەدوای ئەو رووداوەوە، ھیچ ھەڕەشەتان لەلایەن ئێرانەوە لێکراوە یانیش گفتوگۆتان لەگەڵ کردوون بۆ ئەوەی ھیچ گرژییەک دروست نەبێت؟
- ئێمە ھەموو ھەوڵێکی خۆمان داوە کە دووربین لەو گرژیی و ئاڵۆزیانە. ئێران دراوسێمانە و پەوەندییەکی باشیشمان لەگەڵ ئەمریکاش هەیە و ھاوپەیمانمانە و نامانەوێت ئەو گرژیانە زیاتر بن یان رووبەڕووبوونەوە رووبدات.. ئێمە لەوبڕوایەداین کە پێویستە ھەموو لایەنەکان هەوڵی ھێورکردنەوە و ئارامکردنەوەی دۆخەکە بدەن و ئێمەش ئەوەمان کردووە. 

* پێتوایە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی سەربازی نێوان ئەمریکا و ئێران دوورە؟
-  ھیواداریم ھیچ شەڕێک روونەدات. لەبەرئەوەی لە بەرژەوەندی ھیچ لایەکدا نابێت بەتایبەتی لە بەرژەوەندی خەڵکەکە نابێت. ئێمە زۆر نیگەرانین لە گرژیی و ئاڵۆزی رەوشەکە. بۆیە ھیوادارم ھەموو لایەنەکان ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن.

* رات بەرامبەر قسەکانی ئەمدوایەی ئەمینداری حزبوڵڵای لوبنانی حەسەن نەسروڵڵاچیبوو ، کە گوتی ساڵی 2014 کاتێک داعش لە ھەولێر نزیکبوویەوە، باوکت مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی ھەرێمی کوردستان، داوای هاوکاری لە قاسم سولەیمانی کرد و سەرۆکی ھەرێمییش زۆر نیگەران بوو زۆریش پەرۆش بوو بۆ ئەوەی ھاوکاری بکرێت، بەڵام ( نەسروڵڵا زۆر نیگەران بووە لە ھەڵوێستی سەرکردایەتی کورد بەرامبەر کوشتنی قاسم سولەیمانی، تۆ چی دەڵێیت؟
-  لەراستیدا بەو شێوەیەی ئەو ھەڵسوکەوتی کرد و قسەی کرد، ئەو بێڕێزی بە خۆی کرد. کەسێکی ئەوھا و لەو پێگەیەدا دەبێ زۆر باشتر بزانێت چۆن دەربارەی خەڵکی دیکە قسە دەکات. بێگومان ئەوەی گوتیشی راست نەبوو. ئەوەی چاوەڕێیم نەدەکرد ھەڵوێستی زۆربەی عەرەبەکان بوو (بەرامبەر قسەکانی نەسڕوڵڵا ) نەک تەنیا کورد بەڵکو عەرەبەکانیش ( بەرپەرچی قسەکانی حەسەن نەسڕوڵلایان دایەوە)، لەبەرئەوەی ئەوانەی سەرۆک بارزانی دەناسن دەزانن کە ئەو بە خۆی سەرکردایەتی شەڕی داعشی کرد و زۆربەی کاتەکانیش لە سەنگەری پێشەوەی شەڕەکە بوو و شان بەشانی پێشمەرگە شەڕی دژی داعش دەکرد و لەراستیدا ئەو کەسایەتیەکی سەرەکی بوو کە توانی ئەفسانەی داعش تێکبشکێنێت و شکست بە داعش بھێنێت. بێگومان لەسەرەتادا بارودۆخ زۆر ناھەموار بوو. بەڵێ ئێرانییەکانیش ھاوکاریان کردین لەرێگای ناردنی چەند چەکوتەقەمەنییەکەوە بەڵام ئەو ھاوکارییەی ئەوان باسیان لێوەدەکرد زۆر گەورە کرابوو. بێگومان ئێمە سوپاسی ھەموو لایەکمان کردووە کە ھاوکاریان کردین لەو ساتە زەحمەتانەدا بەڵام لەگەڵ ئەوەش زۆر ھێزی ھاوپەیمانانی دیکەش ھەبوون کە ھاوکاریان کردین. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت دان بەوەدابنێین کە ئەوە پێشمەرگەبوو لەسەنگەرەکانی پێشەوە شەڕی دژی داعش دەکرد و قوربانیاندا لەپێناو شکستپێھێنانی داعش. کە توانیان نەک تەنیا پارێزگاری لە کوردستان بکەن بەڵکو پارێزگاری لە ھەموو جیھانیش بکەن لەم مەترسییە. 

* بەخێرایی من دەمەوێت بچمە سەر دۆخی سوریا. وەک دەزانی شەر و گرژییەکان لەنێوان تورکیا و حکوومەتی سوریا سەریانھەڵداوەتەوە. دۆخی کورد لە سوریا بەدڵنیاییەوە جێگەی نیگەرانیە بۆ ئێوە. ھەڵوێستی ئێوە لەسەر ئەوەی ئێستا لە سوریا روودەدات چییە؟
- ئێمە نیگەرانین لە دۆخی سوریا، لەبەرچەند ھۆیەک: پێش ھەموو شتێک پێمانوانییە رووبەرووبونەوەی سەربازی و شەڕ ھاوکاربێت بۆ گەراندنەوەی سەقامگیریی ناوچەکە بەگشتی. داگیرکارییەکانی ئەمداوییەی تورکیاش کێشەکەی ئەوەندەی دیکە ئاڵۆزتر کردووە.

* بریارێکی خراپ بوو؟
- پێموایە ھاوکار نیە بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی درێژخایەن لە ناوچەکەدا. بەتایبەتی کە ھەندێک لایەنی ئۆپۆزسیۆنی سوریاش بەشێکن لە کێشەکە و لەلایەن خەڵکی خۆجێی ناوچەکەوە رەتکراونەتەوە. ئێمە ھەموومان نیگەرانین لە ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە. ھەروەھا نیگەرانین لەوەی شەپۆلێکی دیکەی خەڵکی لە سوریاوە بەھۆی ئەو دۆخە خراپەوە ئاوارەبوون.7 20 ھەزار ئاوارەی دیکەش لە سوریاوە بەھۆی ئەو گرژییانەی ئەم دواییەوە روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە. لەکاتێکدا پێشتریش زیاتر لە 250 ھەزار کوردی ئاوارەی سوریامان حەواندووەتەوە. ھەربۆیە راستە خەڵک نیگەرانە لە گۆڕینی دیمۆگرافی لە ناوچەکەدا. لەم دواییانەدا سەردانی ئەنقەرەم کرد و لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان و بەرپرسانی دیکەی تورکیا کۆبوومەوە. ئەوان دڵنیایان کردینەوە کە نایانەوێت گۆڕینی دیمۆگرافی لە سوریا ئەنجام بدەن.

* باوەرت پێیان ھەیە؟
- ھیوادارام کە گۆڕینی دیمۆگرافی روونەدات، چونکە لەبەرژوەندی ھیچ لایەکدا نیە.

* دەمەوێت بێمە سەر دۆخی ئێرە ( هەرێمی کوردستان). باسمانکرد کە خۆپیشاندەران لە بەغدا دژی گەندەڵین و داوای حکومرانیەکی باش دەکەن، زۆر ناڕەزایی و خۆپیشاندان ھەن لە ناوچەکە و جیھانیش بەگشتی. کابینەکەی ئێوە لە مانگی حوزەیرانەوە راگەیەندراوە و تا چەند لە رەگەوە دەرھێنانی گەندەڵی و بنبڕکردنی بووەتە کاری لەپێشنەی ئێوە. بۆئەوەی حکومرانیەکی باش بھێننە کایەوە، وەک ئەوەی کورد و خەڵکی دیکەش داوای دەکەن ؟ 
- راستە ئەوە دروشمی کابینەکەمە، کە  گەندەڵی نەھێڵین. ئەوە لە ئەجێندای ئێمەدایە و کارنامەی خۆشمان راگەیاندووە، ئەوەی پێویستە بیکەین ئەوەیە کە چاکسازی گشتی بکەین لە بواری ئابووری و بەرێوەبردنی حکوومەت و واتە بەرێوەبردنی باش، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیش کاری ھەرە لەپێشینەمانە. ئێمە سەرکەوتووبووین لەوەی کە گەندەڵی رابگرین، پێداچوونەوە بەھەر کارێکی ھەڵەدا دەکەینەوە کە لەوانەیە لە رابردوودا روویدابێت. بۆیە من پێموایە تا ئێستا زۆر سەرکەوتوو بووین، بەڵام ئەمە پرۆسەیەکی دوور و درێژە ئێمەش پابەندین بەوەی رووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە. ھیوادارین شەفافیەتی زیاتر بۆ خەڵکی بەدیبھێنین کە بۆ خەڵکی بەراستی پێویستە و شایەنی ئەوەن کە حکوومەتێکی شەفافیان ھەبێت. پێویستە متمانە بنیات بنێن، بەشێوەیەک کە حکوومەتەکەیان لەخزمەتی ئەواندا بێت و باوەریان پێیبێت لەوەی کە بۆیان ئەنجام دەدات. من باوەری تەواوم ھەیە ئێمە رێگەیەکی باشمان بڕیوە، بەڵام ھێشتا زۆر کاری دیکەشمان ماوە کە دەبێ ئەنجامیان بدەین. بەڵام من تا ئێستا زۆر بە دەرئەنجامەکان دڵخۆشم.
 
* پرسیاری کۆتاییم، لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆییەوەیە کە زۆرێک لە خەڵکی پێیانوایە کارێکی باش نەبووە، وەکو پرەنسیپ نا بەڵکو خراپیەکەی بۆ کاتەکەی و ئەو دەنگە ناڕازیانەی کە لە دنیا و وڵاتانی دەوروبەرەو ھاوپەیمانەکانیشتانەوە بەرزبوونەوە، لە ئەنجامیشدا رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ بەغدا لێکەوتەوە و خەونی سەربەخۆیی کوردستان وادەردەکەوێت کە ئێستا پرسێک نەبێت لە داھاتوویەکی نزیکدا  رووبدات؟
- کەواتە پرسیارەکەت چیە؟

* ئایا ئەنجامدانی ریفراندۆم ھەڵە نەبوو؟
- بەدڵنیاییەوە نەخێر. ھیچ ھەڵە نەبوو. پێش ھەموو شتێک ئێمە ریفراندۆممان ئەنجامدا بۆئەوەی بزانین خەڵکی خۆمان چیدەڵێن. ئەوە دەربڕینی خواستی خەڵکی بوو کە پرۆسەیەکی تەواو دیموکراسی بوو. خەڵکی تەنیا بۆچوونی خۆیان دەربریوە کە چییان دەوێت. ئەوە راگەیاندنی سەربەخۆیی نەبوو، بۆیە ئەگەر بە واقیعی قسە بکەین ئەوە تەنیا دەربرینی بۆچوون و خواستی خەڵکی بوو کە چییان دەوێت. ئێمە دەرگامان بۆ گفتوگۆکردنیش لەگەڵ بەغدا بە کراوەیی بەجێھێشت. بەڵام بەداخەوە ئەوە ی نایاسایی بوو کاردانەوەی بەغدا بوو کە ھێزی بەکارھێنا لەدژی پرۆسەیەکی دیموکراسی. چونکە کوردستان بەپێی یاسا بەشێکە لە عێراق و ئێمە ھیچکات سەربەخۆییمان رانەگەیاندبوو. ھەربۆیە نەخێر ریفراندۆم ھەڵە نەبوو . بەڵکو تەنیا دەربرینی خواستی خەڵک بوو و ھۆکاریش ھەبوون بۆ ئەنجامدانی ئەو ریفراندۆمە. ئەویش بەھۆی خراپ مامەڵەکردنی حکوومەتی بەغدا بوو لەگەڵ کورد، کە چۆن کورد فەرامۆش دەکران و پشتگوێ دەخران. بەدڵنیاییەوە ئێمە ھەمووکات وتوومانە ئێمە دەستورمان ھەیە، پێویستە بەغدا بەتەواوی جێبەجێی بکات. ئێمە باوەری تەواومان ھەیە کە بەتەواوی جێبەجێکردنی دەستوور یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکیەکان بۆئەوەی ئێمە پێکەوە بژین و وڵاتێک بنیادبنێین. بەداخەوە بەغدا ھاوبەشی ئێمەی قبوڵ نەکرد و ئێمەش وتمان نامانەوێت پشتگوێ بخرێین و بەکەم سەیر بکرێین. چونکە پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ بەغدا لەسەر ھاوبەشی و دابەشکردنی دەسەڵات بنیادنراون. لەراستیدا ھەرکات بەغدا ئامادەبووبێت، ئێمە لە واقیعی ناوچەکە و جیھانیش تێدەگەین، بەڵام ھەرکاتێک بەغدا ئامادەبووبێت بۆ دانوستان ئێمە چووینە بەغدا و گفتوگۆمان کرد لەسەر چۆنیەتی رێخستنەوەی پەیوەندییەکانمان بەگوێرەی دەستووری عێراق. ھەربۆیە لە راستیدا ئەوە کورد نییە کە دەستووری پێشێلکردووە بەڵکو ئەوە رژێمی پێشووی بەغدا بوو دەستووری پێشێلکرد و کوردی ناچارکرد ریفراندۆم ئەنجام بدات. 

* تۆ باسی کاردانەوەکانی بەغدات کرد. بەڵام ئەی چی لەبارەی دراوسێکانتان و ھاوپەیمان و دۆستەکانتانەوە دەڵێی لە ئەمریکاوە دەست پێدەکەم؟ ئەوان پاڵپشتیان نەکردن. ئەوان ئێوەیان بەجێھێشت؟
- راستە، ئەوان پاڵپشتیان نەکردین. زۆربەداخەوە. 

* لەوانەیە لەبەرئەوە بووبێت کە ھەڵەبووە؟
- من پێموانییە کە ھەڵە بووبێت. من پێموایە ئەوانە ھەڵەیان کرد کە پاڵپشتی راستیان نەکرد. چونکە بەرژوەندی رۆڵێکی زۆر گەورەتری گێڕا لەبەرامبەر بەھا و پرەنسیپەکان، شتەکان بەوشێوەیە بوو. ئەگەرنا من ھیچ پێموانییە کە کورد کارێکی ھەڵەی کردبێت. 

* پێتوایە کوردستان ببێتە وڵاتێکی سەربەخۆ؟
- باوەڕبوون بە خواست وئارەزوو شتێکە و راستی و واقیعیش شتێکی دیکەیە. ئەمڕۆ ئامانجی ئێمە ئەوەیە پەیوەندییەکی باشترمان لەگەڵ بەغدا ھەبێت، بۆئەوەی بتوانین زۆرترین دەستکەوت بۆ خەڵکی کوردستان و ھەموو عێراقیش بەدەست بھێنین.


وشە - هیدایه‌ت جان