سەندیكا پێشێلكاریی ساڵی ڕابردووی بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان بڵاو كردەوە

:: PM:01:32:05/02/2020 ‌
سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، ئەو پێشێلكارییانەی ساڵی ڕابردوو 2019، بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان كراون، خستە ڕوو. بەگوێرەی راپۆرتەكە "پێنج كچی ڕۆژنامەنووسیش پێشێلكارییان بەرانبەر كراوە".

ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی شوبات، سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماری پێشێلكاری لە بەرانبەر رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن بۆ ساڵی 2019، بڵاو كردەوە.

پێشێلكاری بەرانبەر 151 رۆژنامەنووس و دەزگای راگەیاندن كراوە 
سەندیكای ڕۆژنامەنووسان رای گەیاند، لە ساڵی 2019دا 66 حاڵەتی پێشێلكاری بەرانبەر 151 رۆژنامەنووس و دەزگای راگەیاندن كراوە كە 144یان بەرانبەر رەگەزی نێر و پێنج پێشێلكاری بەرانبەر رەگەزی مێ كراوە.

نەزاكەت حوسێن سەرۆكی لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رادەربڕین و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسان، بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەی دا، "لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و كەركووك، 17 حاڵەتی پێشێلكاری تۆمار كراون، لە دهۆك هەشت حاڵەت، لە هەریەك لە پارێزگاكانی هەڵەبجە و مووسڵ و بەغداش یەك حاڵەت، لە خانەقین چوار حاڵەت هەبووە".

"زۆربەی حاڵەتەكانی پێشێلكاری گرتن بووە، لە ساڵی 2019دا لە 19 حاڵەتدا 37 رۆژنامەنووس گیراون، لە چوار حاڵەتیشدا 14 رۆژنامەنووس دەستبەسەر كراون" نەزاكەت وای گوت.

ئەو ئامارە لە كاتێكدایە بڕیارە ئەنجوومەنی باڵای ڕۆژنامەنووسان پێكبهێنرێت و لە چوارچێوەی یاسایەكی تر، كاری ڕۆژنامەنووسان و دامەزراوەكان ڕێكبخاتەوە.



وشە - رامیار جەواد