سلێمانی.. پانێڵێك لەسەر سووكایەتیكردن بە ژن و پیاو هاتە سازكردن

:: PM:07:49:05/02/2020 ‌

كەمپینی "دەوەستینەوە بەرانبەر بە سووكایەتییكردن بە ژنان"، پانێڵێكیان لەسەر ناوزڕاندن و سووكایەتییكردنی بەرانبەر بە ژن و پیاو لە سلێمانی ڕێك خست و تیایدا تیشك خرایە سەر هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە بۆ كەمكردنەوەی رێژەی سووكایەتیكردنەكە.
پێویستە حكوومەتی هەرێم جیاكاریی رەگەزی رابگرێت
ئەمڕۆ چوارشەم لە كافتریای ئەمنە سوورەكە لە شاری سلێمانی، پانێڵێك لەلایەن كەمپینی "دەوەستینەوە بەرانبەر بە سووكایەتیكردن بە ژنان"، بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە دۆزینەوەی میكانیزمی بەرەنگاربوونەوەی سووكایەتی و بێڕێزی بە ژن و پیاو لە هەرێمی كوردستان هاتە سازكردن.

لە پانێڵەكەدا چالاك و پەرلەمانتار و نووسەر و رۆشنبیران و ژمارەیەك هاووڵاتی شاری سلێمانی ئامادە بوون، ئامانجی پانێڵەكە قسەكردن بوو لەسەر ئەو سووكایەتییانەی بەرامبەر بە مرۆڤ دەكرێت، هەروەها خستنەڕووی چەند یاسایەك بۆ ڕێگریكردن لە سووكایەتی بەرانبەر بە مرۆڤ و هۆشیاركردنەوەی تاك و كۆمەڵگە، ئامانجێكی تری پانێڵەكە دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە بوو.

پەیمان عزەدین پارێزەر و پانێڵست سەبارەت بەو یاسایانەی كە رووبەڕووی سووكایەتیكردن بە ژن و پیاو دەبێتەوە بۆ "وشە" گوتی، لە هەرێمی كوردستان پێویستمان بە یاسایەكی تایبەت هەیە بۆ پاراستنی ژن و پیاو بۆ رێگریكردن لە سووكایەتی پێكردنیان و پێویستە حكوومەتی هەرێم كاری رژد لەسەر ئەو بابەتە بكات و جیاكاریی ڕەگەزی رابگرێت.

زیاتر گوتی، لە یاسای سزادانی عێراقی چەند یاسایەك بۆ رووبەڕووبوونەوەی ناوزڕاندن و سووكایەتیكردن بە مرۆڤ و خراپ بەكارهێنانی مۆبایل هەیە كە لەڕێگەی هێڵەكانی پێوەندییەوە سووكایەتی بە كەسەكان دەكرێت.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل