سێ ڕۆژه 11 هاووڵاتی ڕوویان له ناوچه شاخاوی و سنوورییه‌كانی ده‌ڤه‌ری برادۆست كردووه، به‌ڵام تا ئێسته نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه و گومان ده‌كرێ له به‌فردا چه‌قیبووبن.
سه‌عات یه‌كی دوای نیوه‌ڕۆی ڕۆژی هه‌ینی، شه‌ش كه‌س له شاره‌دێی سیده‌كانی سه‌ر به شارۆكه‌ی سۆران، ڕوویان له ناوچه شاخاوی و سنوورییه‌كانی سۆی باپیر و سنین و ده‌وروبه‌ری ده‌ڤه‌ره‌كه كردبوو، به‌ڵام تا ئێسته نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه و چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك گومان بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، به‌هۆی به‌فره‌وه گیریان خواردبێ، ده‌شڵێن ئه‌و ناوچه‌یه به‌هۆی شه‌ڕی په‌كه‌كه و توركیاوه وه‌ك ناوچه‌ی نائارام هه‌ژمار كراوه.
كاروان میراوده‌لی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی هونه‌ری له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی سۆران به " وشه "ی ڕاگه‌یاند، "دوای ئه‌وه‌ی شه‌ش هاووڵاتیی سیده‌كان كه به مه‌به‌ستی ڕاوكردن روویان له ناوچه شاخاوییه‌كانی ناوچه‌كه كردووه و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه، پێنج كه‌سیش له كه‌سوكاریان بۆ سۆراغی ئه‌و شه‌ش كه‌سه چوونه هه‌مان شوێن، كه‌چی ئه‌وانیش نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
شەشیان لای پەکەکەن و پێنجیان تا ئێستە بێ سەروشوێنن
له دوای نیوه‌ڕۆی دوێنێوه تیمێكی به‌رگری شارستانی به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌ری بنكه‌ی سیده‌كان ڕه‌وانه‌ی شوێنه‌كه كراون، به‌ڵام به‌هۆی خراپیی كه‌شوهه‌وای ناوچه‌كه‌وه، تا ئێسته نه‌توانراوه هاووڵاتییه‌كان بگه‌ڕێننه‌وه.
هه‌ر دوێنێ چاره‌نووسی شه‌ش كه‌سه‌كه ئاشكرا بوو، چه‌كدارانی په‌كه‌كه له‌سه‌ر سنووری سیده‌كان ئه‌و شه‌ش كه‌سه‌یان ڕزگار كردووه و به سه‌لامه‌تی لای خۆیان هێشتوویاننه‌وه، به‌ڵام تا ئێسته له‌به‌ر خراپیی كه‌شوهه‌وا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه، ئه‌و پێنج كه‌سه‌ش كه بۆ سۆراغیان چووبوون، تا ئێسته هیچ هه‌واڵیان نییه و نازانرێ له ژیاندا ماون یان نا.
هاووڵاتییه‌كان سه‌رجه‌میان دانیشتووی سه‌نته‌ری سیده‌كانن، بۆ ڕاوكردن و به‌سه‌ربردنی كات له ناو به‌فر ڕوویان له چیا به‌رزه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه كردبوو، هه‌موویان خێزاندارن و ته‌مه‌نیان له نێوان 25 بۆ 40 ساڵانه و له ڕۆژی هه‌ینییه‌وه تا ئێسته نه‌گه‌ڕاونه‌ته ماڵه‌وه.
سیده‌كان/ موڕشید برادۆستی