دکتۆر ئەحمەدی مەلا کتێبێکی نوێ چاپ دەکات

دکتۆر ئەحمەدی مەلا و بەرگی کتێبەکەی.
:: PM:03:09:10/02/2020 ‌
نوێترین کتێبی دکتۆر ئەحمەدی مەلا نووسەر، شاعیر و ڕۆماننووس بە ناونیشانی "لە رێنیسانسی فەرەنسییەوە بۆ شکستی رێنیسانسی کوردی/ لە مەعریفەی تاکڕەهەندەوە بۆ کرانەوە" لە ئایندەیەکی نزیکدا چاپ دەکرێت.

"لە رێنیسانسی فەرەنسییەوە بۆ شکستی رێنیسانسی کوردی/ لە مەعریفەی تاکڕەهەندەوە بۆ کرانەوە" نوێترین کتێبی دکتۆر ئەحمەدی مەلایە، لە 220 لاپەڕە پێک هاتووە و بڕیارە لە ئاداری داهاتوودا چاپ بکرێت، ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکارییە لە نێوان سەرهەڵدانی رێنیسانسی فڕەنسی و شکستی ڕێنیسانسی کوردی. 

ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکارییە

سەبارەت بەم کتێبەی، دکتۆر ئەحمەد بە "وشە"ی گوت: ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکاریی نێوان سەرهەڵدانی رێنیسانسی فڕەنسی و سەرهەڵدانی گۆڕانکارییەکی ریشەییە کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەم و سەرەتای سەدەی بیستەم لە کوردستان بەرپا دەبێت.

زیاتر گوتی: ئەم کتێبە هەوڵ دەدات وەڵامی پرسیارەکانی چی بوون ئەو هۆکار و فاکتەر و فاکتانەی کە دەتوانین ڕووخسار و خەسڵەتەکانی رێنێسانسی فڕەنسیی پێ بناسینەوە؟ چ سنوورێکی مەعریفیی، ژینگەی فیکریی، جیهانبینی دەکەوێتە نێوان چاخەکانی ناوەند و سەردەمی رێنێسانس؟ بە هەمان دیو، چین مەعریفەی حوجرە لە سەرهەڵدانی مەعریفەیەکی دیکە جودا دەکاتەوە کە شاعیران و منەوەرانی سەرەتای سەدەی بیستەم بانگەشەی بۆ دەکەن؟ بداتەوە.

دکتۆر ئەحمەدی مەلا نووسەر، شاعیر و ڕۆماننووس لە ساڵی 1957 لە گوندی تۆماری ناوچەی شوان لەدایک بووە، قوتابخانەی سەرەتایی و ناوندیی لە شاری کەرکووک تەواو کردووە و ئامادەیی لە بەغدا خوێندووە، لە ساڵی 1981 کوردستان بە یەکجاریی جێدەهێڵێت و دەمێک لە شاری جنێف دەژیت و دراما دەخوێنێت، بۆ خوێندن دەچێتە فەرەنسا، ماستەر لە زانستەکانی زمان و دکتۆرا لە ئەدەبی بەراوردکاریی لە زانکۆی فرانش کۆنتێ لە ساڵی 1999 وەردەگرێت. ئێستاش مامۆستای مێژووی زمان و ئەدەبییاتی فەرەنسییە لە زانکۆی کاستییا لا مانچا، لە ئیسپانیا.


وشە - ڕێناس شابان