ئەمەریكا لە كڕینی غاز و كارەبای ئێران لێخۆشبوون بۆ عێراق درێژ دەكاتەوە

:: PM:03:31:10/02/2020 ‌
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بەرپرسانی عێراقی ئاگادار دەكاتەوە كە ئیدارەی كۆشكی سپی ئامادەیە بۆ درێژكردنەوەی ماوە لێخۆشبوون بۆ عێراق لە كڕینی غاز و كارەبا لە ئێران. بەرپرسێكی عێراقی ئاگادار لە دانوستاندنەكان دەڵێ، لێخۆشبوونەكە بۆ سێ مانگی ترە.

ئەمڕۆ دووشەم 10ی شوبات، سێ بەرپرسی عێراقی ئاشكرای دەكەن، ئەمەریكا ئامادەیە لێخۆش بوون بۆ عێراق درێژ بكاتەوە لە كڕین و هاوردەكردنی غاز و كارەبا لە ئێران.

ئاژانسی "ئەسۆشیتد پرێس" لە زاری سێ بەرپرسی عێراقی بڵاوی دەكاتەوە كە ئەو لێخۆشبوونە نوێیەی ئەمەریكا بۆ عێراق، هەڵسەنگاندنێكە بۆ پێوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات دوای هێرشە ئاسمانییەكەی ئەمەریكا بۆ سەر فڕۆكەخانەی بەغدا و كوژرانی قاسم سلێمانی.

ئەو لێخۆشبوونە نوێیەی ئەمەریكا بۆ عێراق، هەڵسەنگاندنێكە بۆ پێوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات


لێخۆشبوونی ئەمەریكا بۆ عێراق لە 13ـی ئەم مانگە كۆتایی دێت، ئەمەش سێیەم درێژكردنەوەیە بۆ عێراق لە كڕینی غاز و كارەبا.

بەرپرسە عێراقییەكان بە ئاژانسەكەیان راگەیاندووە كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لایەنی بەرپرس و پێوەندارە بە درەكردنی لێخۆشبوون، گوتی "وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئامادەیی نیشانداوە بۆ ماوەی سێ مانگی تر لێخۆشبوون بۆ عێراق درێژ بكاتەوە، ئەگەر عێراق تا كۆتایی ئەم هەفتەیە بە وردەكاری پلانی كۆتایی هێنان لە پشت بەستن غازی ئێرانی بە ئەمەریكا بدات". زیاتر گوتی "لایەنی ئەمەریكی، عێراقی ئاگادار كردووەتەوە كە ئامادەن لێخۆشبوونەكە درێژ بكەنەوە". 

ئاژانسی " ئەسۆشیتد پرێس" دەڵێ، سێ كەسەكە، سێ بەرپرسی باڵای حكوومەتی عێراقن و یەكێك لەوانیش ئاگاداری وردەكاری دانوستاندنەكانی نێوان عێراق و ئەمەریكایە، بە مەرجی ئەوە قسەی بۆ ئاژانسەكە كردووە كە ناوەكانیان بڵاو نەكرێتەوە.

درێژكردنەوەی ماوەی لێخۆشبوون بۆ عێراق لە كاتێكدایە ئەمەریكا سزای ئابووری لەسەر ئەو وڵاتانە سەپاندووە كە نەوت لە ئێران دەكڕێت، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەكانی كۆشكی سپی بۆ كەم كردنەوەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەكانی جیهان تا ئاستی سفڕ كردنەوەی.



وشە - فه‌رمان سادق