تووشبوویەکی کۆرۆنا لە بەریتانیا چارەسەر کرا

:: PM:03:04:11/02/2020 ‌
هاووڵاتییەکی بەریتانی کە ماوەی دوو هەفتە بوو بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە خرابووە کەرەنتینەوە، ئەمڕۆ چارەسەری یەکجاری بۆ کرا و رەوانەی ماڵەوە کرایەوە.
لە فڕەنسا و بەریتانیا 11 هاووڵاتی لەڕێگەی ئەو کەسەوە تووشی کۆرۆنا بوون
 
ئەمڕۆ سێشەم 11ی شوبات، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردووەتەوە، ستیڤ ڤاڵش ئەو هاووڵاتییە بەریتانییەی بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیاد لە دوو هەفتە بوو لە کەرەنتینە کرابوو، ئەمڕۆ چارەسەری تەواوی بۆ کرا.
 
هاووڵاتییەکە بەریتانییە و خەڵکی ساسکسە و لە سەنگاپوور تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتبوو، میدیاکانی بەریتانیا دەڵێن، ئەو هاووڵاتییە هۆکاری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە فڕەنسا و بەریتانیا بووە.
 
بی بی سی نووسیویەتی، پینج هاووڵاتی تووشبووی کۆرۆنا لە بەریتانیا و شەش هاووڵاتی تووشبوو بەو ڤایرۆسە لە فڕەنسا لە رێگەی ستیڤ ڤاڵشەوە تووش بوون.
 
هاوکات هاووڵاتییەکی ئیسپانی کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، بە گوتەی خۆی لە رێگەی ئەو هاووڵاتییە ئەوروپییەوە ڤایرۆسەکەی بۆ گوازراوەتەوە.
 
چارەسەربوونی ستیڤ ڤاڵش بووەتە جێی مشتومڕی میدیاکانی دنیا، رێکخراوی تەندروستی جیهانی کە ئەم ئێوارەیە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی بۆ رێگری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەست پێ کردووە، داوا لە وەزارەتی تەندروستیی بەریتانیا دەکات هاوکار بێت بۆ ئەوەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەو ڤایرۆسە لە چین بکرێت.


وشە - هیدایه‌ت جان