چین وادەی كۆتاهاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنای دیاری كرد

:: PM:07:10:11/02/2020 ‌

راوێژكاری پزیشكی حكوومەتی چین رای گەیاند كە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چین لەم مانگەدا دەگاتە ئەوپەڕی، بەڵام رەنگە تا مانگی نیسانی داهاتوو كۆتایی بێت، لەوكاتەی دامەزراوی تەندروستی نیشتمانی چین ئەمڕۆ رای گەیاند كە ژمارەی قوربانیانی كۆرۆنا گەیشتووەتە هەزار و 16 كەس.
دوای كۆتاهاتنی ئەم مانگە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە پاشەكشە دەكات
چۆنگ نانشان راوێژكاری پزیشكیی حكوومەتی چین ئەمڕۆ سێشەم لە دیدارێكی لەگەڵ ئاژانسی "رۆیتەرز"، گوتی، بەمنزیكانە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە سست دەبێتەوە، كاتێك گەورەترین بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە دەكەوێتە ناوەڕاست تا كۆتایی ئەم مانگە و دوای ئەوە دەست بە پاشەكشەكردن دەكات و هیوادارین ڤایرۆسەكە لە مانگی نیسان كۆتایی بێت.

لەگەڵ ئەوەی قسەكانی ئەو راوێژكارە پزیشكییە مایەی رەواندنەوەی نیگەرانی زۆری دنیایە كە تا ئێستە بەو هۆیەوە زیاتر لە هەزار كەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 40 هەزار تووشبوو هەیە كە زۆرینەیان لە چینن، بەڵام ئەو ئاماژە دەكات كە نازانن هۆكاری ئەوە چییە كە ڤایرۆسەكە بۆ بەوشێوە خێرایە بڵاو دەبێتەوە و ئەوەیش كێشەیەكی گەورەیە، لەوكاتەی پێشبینی دەكرێت كە شوێنی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكە بازاڕێكی فرۆشتنی خواردنی دەریاییە لە ووهان. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل