وادەی ئامادەبوونی پێكوتەی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دیاری دەكرێت

:: PM:08:14:11/02/2020 ‌

بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی تەندروستی جیهانی رای گەیاند كە یەكەم پێكوتەی خۆپارێزی لەدژی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە ئێستە لە چین و زیاتر لە 25 دەوڵەتی دنیا بڵاو بووەتەوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە هەزار كەس و تووشبوونی 40 هەزار كەسیتر، تا دوای 18 مانگی تر ئامادە نابێت.
هەوڵەكانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوامە
تیدرووس ئەدهانۆم گیبریسیۆس ئەمڕۆ سێشەم لە جنێڤەوە رای گەیاند كە یەكەم پێكوتەی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تا دوای 18 مانگی تر ئامادە نابێت، بۆیە پێویستە تا ئەوكاتە هەموو رێگەچارەیەكی تری خۆیارێزی بگرینە بەر.

دوێنێ گیبریسیۆس رای گەیاندبوو كە یەكەم تیمی شارەزایانی سەر بە رێكخراوەكە تایبەت بە پشكنینی بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا بە سەرۆكایەتی پزیشك برووس ئیلفارد گەیشتوونەتە چین بۆ دەستكردن بە كارەكانیان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری و ئەو هەوڵانەیش فرەوانتر دەكرێن، ئەوەیش دوای ئەوەی چین یارمەتی شارەزایانی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە رەت دەكردەوە.   

ئەمڕۆ سێشەم راوێژكاری پزیشكی حكوومەتی چین رای گەیاند كە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چین لەم مانگەدا دەگاتە ئەوپەڕی، بەڵام رەنگە تا مانگی نیسانی داهاتوو كۆتایی بێت، لەوكاتەی دامەزراوی تەندروستی نیشتمانی چین ئاشكرای كرد كە تا ئێستە هەزار و 16 كەس بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەست داوە.

چۆنگ نانشان راوێژكاری پزیشكیی حكوومەتی چین لە دیدارێكی ئاژانسی "رۆیتەرز"، گوتی، بەمنزیكانە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە سست دەبێتەوە، كاتێك گەورەترین بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە دەكەوێتە ناوەڕاست تا كۆتایی ئەم مانگە و دوای ئەوە دەست بە پاشەكشەكردن دەكات و هیوادارین ڤایرۆسەكە لە مانگی نیسان كۆتایی بێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل