بینەر تاقەتی ئۆسکاریشیان نەماوە

:: PM:09:25:11/02/2020 ‌


خەڵاتی ئۆسکار کە بە گرنگترین ئاهەنگی سینەمایی لەسەر ئاستی دنیا هەژمار دەکرێ، خەریکە ئەو ناوبانگە گەورەیەی لەناو جەماوەردا لەدەست دەدات و خەڵکیی تاقەتی بینینیان نامێنێ و ئەمساڵ خراپترین ساڵی بوو.

ئەمساڵ کە ئاهەنگی 92ی خەڵاتەکانی ئۆسکار بوو، شەش ملیۆن لە ژمارەی بینەرانی لەسەر ئاستی ئەمەریکا کەمی کرد و لەو شەوەدا تەنیا 23 ملیۆن و 600 هەزار کەس لە ڕێی تەلەڤزیۆنی "ئەی بی سی" بینەری بوون، ئەمەیش دەکاتە خراپترین ساڵ لە مێژووی ئەو خەڵاتە و بە شکستێکی گەورە هەژمار دەکرێ.

تا دێ خەڵاتی ئۆسکار بینەر لەدەست دەدات و دەچێتە دواوە

ماڵپەڕی "فرانس پرێس" بڵاوی کردەوە، ئەم ژمارەیە بە بەراورد بە ساڵی پار زۆر هاتووەتە خوار کە 29 ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتیی ئەمەریکی لەو شەوەدا بەدیارییەوە دانیشتوون، لە ساڵی 2018 خراپتریش بووە، ئەو کاتە بەهۆی گرفتی ئەکتەرە ڕەشپێستەکان و بایکۆتکردنەوە، ژمارەی بینەری ئاهەنگەکە 26 ملیۆن و 500 هەزار کەس بوو. ئەمساڵ لەوەیش خراپتر بوو.

درەنگانی شەوی نۆی شوبات بەیانیی ڕۆژی دووشەم 10ی شوبات، مەراسیم و ئاهەنگی دابەشکردنی خوولی 92ـــی خەڵاتەکانی ئۆسکار لە هۆڵی لۆس ئەنجلۆس_کالیفۆرنیای ئەمەریکا بەڕێوەچوو و تێیدا خەڵاتە ئامەدەکراوەکان بەسەر براوەکاندا دابەش کران.

ڕەخنەگران پێیان وایە، تەنانەت ئاهەنگەکەیش کە زیاتر لە سێ سەعات و نیوی خایاند، زۆر خاو ڕووداوەکانی دەڕۆیشتن و بەشداربوانی ناو ئاهەنگەکەیش تووشی بێزاری بووبوون، ئەمەیش وای کرد لەسەر هەموو ئاستێکەوە بە ئاهەنگێکی شکستخواردوو هەژمار بکرێ.

بەپێی بۆچوونی ڕەخنەگران، لەوانەیە بەشێکی هۆکاری دابەزینی ئاستی بینینی ئەو ئاهەنگە بۆ کێشەیەکی گشتی دەگەڕێتەوە کە تەماشاکەری تەلەڤزیۆن خۆی لەسەر ئاستی ئەمەریکا و دنیاش دابەزیوە و بەرانبەر سۆشیاڵ میدیا خەریکە روو لە هەرەس دەکات، بە بەڵگەی ئەوەی کاردانەوەی خەڵاتی ئۆسکار وێڕای ئەوەی بینەری ئاهەنگەکە کەم بوو، لە سۆشیاڵ میدیا زۆر بەرز بووە.

پێویستە ئەوەیش بگوترێ، تەماشاکردنی خەڵاتی ئۆسکار لەسەر ئاستی دنیا بەگشتی ڕێژەکەی بەرز نییە، بەهۆی جیاوازیی کات لە نێوان کیشوەرەکاندا، چونکە لەو کاتەی ساز دەکرێ، لە زۆربەی وڵاتان خەڵکیی نوستوون.

جێی بیرهێنانەوەیە، ساڵی 2014بە باشترین ساڵی تەماشاکردنی ئاهەنگەکە هەژمار دەکرێ، لەو ساڵەدا تەنیا لە ئەمەریکا 43 ملیۆن بینەری هەبوو، ئەمە جیا لەوەی لەسەر ئاستی دنیاش بینەری زۆر لە ئێستە زیاتر بوو.

ڕەخنەگران ئەوەیش دەخەنە سەری، جیا لەو هەموو شکستە، تەنانەت ڕێکخەرانی ئاهەنگەکە و پێشکەشکارانیش بێزارکەر بوون و ئەو نوکتە و گاڵتانەی لەسەر شانۆ دروستیان دەکرد، مایەی پێکەنین نەبوون، بگرە مایەی گاڵتەپێکردن بوون، بە شێوەیەک لەناو هۆڵەکە بێزاریی بەڕووی هونەرمەنداندا ڕەنگی دابووەوە.

ئەمانەی خوارەوە بەشێکی ئەو خەڵاتانەن کە لە ئۆسکاردا دابەش کران:



خەڵاتی باشترین وێنە بۆ فیلمی Parasite.


خەڵاتی باشترین خانمە ئەکتەر بۆ Renée Zellweger لە فیلمی Judy.


خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو بۆ Joaquin Phoenix لە فیلمی Joker.

خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بۆ Bong Joon-ho لە فیلمی Parasite.


خەڵاتی باشترین گۆرانی بە گۆرانیی "I'm Gonna _ Love Me Again" لە فیلمی Rocketman درا.

خەڵاتی باشترین موزیک بە موزیکی سەرەکیی فیلمی Joker درا.


خەڵاتی باشترین فیلم بۆ فیلمی Parasiteی کۆریای باشوور.


خەڵاتی جوانترین مەکیاج و ستایلی قژ بۆ فیلمی Bombshell.


خەڵاتی باشترین ئیفێکتی کاریگەر بۆ فیلمی 1917.


خەڵاتی باشترین دەستکاریی فیلم بە Ford v Ferrari.


خەڵاتی باشترین سینەماتۆگرافی بۆ Roger Deakins لە فیلمی 1917.


خەڵاتی باشترین تێکەڵکردنی دەنگ بۆ فیلمی 1917.


خەڵاتی باشترین خانمە ئەکتەری لە ڕۆڵی دووەم بۆ Laura Dern لە فیلمی Marriage Story.


خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی دۆکۆمێنتاری بۆ Learning to Skateboard in a Warzone (If You're a Girl).


خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکۆمێنتاری بۆ فیلمی American Factory.


خەڵاتی باشترین دیزاینی جلوبەرگ بۆ Jacqueline Durran لە فیلمی Little Women.


خەڵاتی باشترین دیزاینی بەرهەمهێنان بۆ فیلمی Once Upon a Time…in Hollywood.


خەڵاتی باشترین کورتە فیلم بۆ The Neighbors' Window.


خەڵاتی باشترین سیناریۆ بۆ Taika Waititi لە فیلمی Jojo Rabbit.


خەڵاتی باشترین سیناریۆی ئۆرجیناڵ بۆ Bong Joon-ho لە فیلمی Parasite.


خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی ئەنیمەیشن بۆ Hair Love.


خەڵاتی باشترین فیلمی ئەنیمەیشن بۆ Toy Story 4.


خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو لە ڕۆڵی دووەم بۆ Brad Pitt لە فیلمی Once Upon a Time…in Hollywood.



وشە - كوردۆ شابان