توێژینەوەیەكی نوێ دەری دەخات كە ئاستی بەرزی هۆڕمۆنی تستۆستیرۆن لە لەشی ژندا مەترسی تووشبوونیان بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە زیاتر دەكات، كەچی لای پیاوان پێچەوانەیە و كەمتری دەكاتەوە.
پیاو و ژن بەڕێژەی جیاواز هۆڕمۆنەكە بەرهەم دێنن
لەشی هەریەك لە پیاو و ژن بەرێژەی جیاواز هۆڕمۆنی تستۆستیرۆن بەرهەم دێنن و زانایان ئەوەیان ئاشكرا كرد كە رەنگە هۆڕمۆنەكە رۆڵی هەبێت لە تووشبوون بەچەند جۆرێك نەخۆشی، توێژینەوەكەی زانكۆی كامبرێج زیاتر لە 425 هەزار بەشداری لە بەریتانیا وەرگرت و 2500 جۆری بۆماوەیی پێوەست بە ئاستی هۆڕمۆنەكە و پڕۆتینی وابەست پێوەی شی كردەوە.
ئەنجامی
توێژینەوەكە دەری خست ئەو ژنانەی بۆماوەییانە رێژەیەكی بەرزی هۆڕمۆنی تستۆستیرۆنیان هەیە مەترسی تووشبوونیان بەجۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە بەرێژەی 37% زیاد دەكات، هەروەها مەترسی تووشبوونیان بە شێوانی هێلكەدانی فرەكیسی بە رێژەی 51% بە بەراورد بە ژنانی ئاسایی زیاد دەكات.
لای پیاوان دۆخەكە پێچەوانەیە و ئەو پیاوانەی رێژەی هۆڕمۆنەكەیان زیاترە، بەرێژەی 15% تووشبوونیان بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە كەمترە، بەڵام رێژەی مەترسیی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پرۆستات زیاترە.