بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتی خۆزگە بە پێش كۆنگرە دەخوازن

:: PM:10:37:12/02/2020 ‌

كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان نەك نەیتوانی كێشەكانی ناو یەكێتی چارەسەر بكات و باڵباڵێن كەم بكاتەوە و وای لێهاتووە بەشێك لە سەركردەكانی ئەو حزبە خۆزگە بە پێش كۆنگرە بخوازن، پەرلەمانتارێكی ئەو حزبەیش ئاماژەی كرد، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی دەبنە هاوسەرۆكی یەكێتی و رەنگە جێگری هاوسەرۆكیش بە كوڕەكانی كۆسرەت رەسووڵ بدرێت.
شیرازەی یەكێتی تێكدەچێت و باڵباڵێن زیاتر و زەقتر دەبێت
بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، ئەمڕۆ چوارشەم 12ی شوبات بەهۆی قووڵبوونەوەی كێشەكان لەدوای چەسپاندنی بابەتی هاوسەرۆكی لە پێڕەوی ناوخۆدا، بەشێك لە سەركردنەكانی یەكێتی خۆزگە بە پێش كۆنگرە دەخوازن و ئاواتەخوازن كۆنگرەیان نەكردایە.

لە پرسی كێشەكانی نێوان باڵی كۆسرەت رەسووڵ و باڵی لاهوور و بافڵ، ئەمڕۆ هەریەك لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی، بۆ رێككەوتن لەسەر كێشەكان و رازیكردنی بە هاوسەرۆكی، سەردانی ماڵی كۆسرەت رەسوڵ، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی یەكێتییان كرد، "وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێوەندی بە چەندین سەركردە و پەرلەمانتاری ئەو حزبەوە كرد، بەڵام هیچیان ئامادە نەبوون زانیاری بدەن.

راهی رەهبەر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی بە "وشە"ی راگەیاند، بەپێی ئەنجامەكانی كۆنگرە بێت، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی دەبنە هاوسەرۆكی یەكێتی، ئاماژەی كرد، رەنگە بژارەی پێدانی پۆستی جێگری هاوسەرۆكەكان بە كوڕەكانی كاك كۆسرەت بێتە پێشەوە، بەڵام ئەویش دەكەوێتە دوای كۆتایی پەسەندكردنی پێڕەوی ناوخۆ.

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، تەنیا چەند مادەیەكی پێڕەوی ناوخۆ ماون دەنگیان لەسەر بدرێت و دوای ئەوەیش هەڵبژاردن بۆ هاوسەرۆكانی یەكێتی دەكرێت.

سلێمانی/ تایبەت



وشە - وشه‌