ڕۆژنامه‌ی لۆفیگارۆی فڕه‌نسی ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی ده‌سته‌واره‌یه‌كی نهێنی شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه و ئیسرائیل بڵاو كردووه‌ته‌وه و تێیدا دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه محه‌مه‌د بن سه‌لمان به نهێنی ئامێری پێشكه‌وتووی سیخوڕی له ئیسرائیل كڕیوه و ورده‌كارییه‌كانیشی خستووه‌ته ڕوو.
له ڕاپۆرته‌كه هاتووه، بن سه‌لمان ساڵی 2016 بانگی ڕاوێژكارێكی خۆی كردووه و ته‌له‌فۆنی خۆی پێداوه، تا له‌گه‌ڵ كه‌سێك به‌ناوی ئاناتۆلی هۆرجین قسه بكات، له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و كه‌سه جووه و له ئیسرائیل ده‌ژی، به‌ڵام به ژماره ته‌له‌فۆنی لاتڤیا پێوه‌ندییه‌كه به‌ستراوه و گفتوگۆ كراوه، ئه‌مه‌یش له‌لایه‌ن چه‌ندان سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵگری دووپات كراوه‌ته‌وه و سه‌لمێنه‌ری بوونی پێوه‌ندی نهێنی و ژێربه‌ژێری شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه‌یه له‌گه‌ڵ ئیسرائیل.
ئاماژه دراوه، ئاناتولی هۆرجین دامه‌زرێنه‌ری كۆمپانیای ئه‌بیلیتییه، كه یه‌كێكه له لقی گرووپی كۆمپانیاكانی ئێن ئێس ئۆی ئیسرائیلی، تایبه‌ت به بواری ته‌كنه‌لۆجیای سه‌ربازی و سیخوڕی، به‌ڵگه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه سعوودیه به نێوه‌ندگیری ئه‌و كۆمپانیایه به فه‌رمی ئامێری سیخوڕی زۆر پێشكه‌وتووی له كۆمپانیای ئێن ئێس ئۆی ئیسرائیلی كڕیوه‌ته‌وه، ئێسته‌یش به ته‌واوی به‌سه‌ر ناوچه‌كه و وڵاتانی كه‌نداو زاڵ بووه، به‌هۆی ئه‌و ئامێره پێشكه‌وتووانه‌وه و دواجاریش ئه‌وه ئاشكرابوو، كه له ڕێی ئامێره‌كانه‌وه ڕیاز سیخوڕی به‌سه‌ر مۆبایلی جێف بیزۆسی سه‌رۆك و خاوه‌نی كۆمپانیای ئه‌مازۆنی ئه‌مه‌ریكی كردووه.
له ساڵی 2016ه‌وه سعوودیه له دانوستاندایه بۆ كڕینی پێشكه‌وتووترین سیسته‌می سیخوڕی له ئیسرائیل
له به‌شێكی تری ڕاپۆرته‌كه هاتووه، دوای پێوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی ساڵی 2016، محه‌مه‌د بن سه‌لمان بڕی ملیۆنێك دۆلاری ڕاسته‌وخۆ ئاراسته‌ی ئه‌و كۆمپانیایه كردووه و وه‌ك پێشه‌كی پاره‌ی پێداون و ئه‌وانیش له داهاتوویه‌كی نزیك به نهێنی سه‌رجه‌م ئامێره‌كانیان پێگه‌یاندووه، ئه‌مه‌یش به بنه‌مای پێوه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل و سعوودیه داده‌نرێ، هه‌ر به‌هۆی ئه‌م گرێبه‌سته نهێنییه‌وه‌یش بوو، دواجار سعوودیه پێشوازی له گرێبه‌ستی سه‌ده كرد، كه له ماوه‌ی ڕابردوو دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به یاوه‌ری بنیامین نه‌تانیاهۆی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، نه‌خشه‌ی نوێی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و فه‌له‌ستینی داڕشت و بڵاوی كرده‌وه.
ئاشكرابوونی سیخوڕی به‌سه‌ر مۆبایله‌كه‌ی جێف بیزۆسی سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری ئه‌مازۆن، بۆ مانگی نیسان/ئه‌پریلی ساڵی 2017 ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌وكاته‌ی محه‌مه‌د بن سه‌لمانی شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه له ئه‌مه‌ریكا ئێواره‌خوانێك بۆ بیزوس ساز ده‌كات و له‌وێ تاوتوێ كردنه‌وه‌ی سه‌دان لقی كۆمپانیای ئه‌مازۆن له سعوودیه ده‌كه‌ن و بن سه‌لمان ده‌یه‌ویست، وا له كۆمپانیای ئه‌مازۆن بكات، كه سعوودیه بكاته بنكه‌ی سه‌ره‌كی خۆی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵام دواجار به‌هۆی ئاشكرابوونی ئه‌و سیخوڕیكردنه‌وه، ئه‌مازۆن بڕیاری دا، به‌حرێن بكاته بنكه‌ی سه‌ره‌كی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له‌وێوه سه‌ركردایه‌تی سه‌رجه‌م لقه‌كانی كۆمپانیاكه‌ی له وڵاتانی تری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكری، كه له داهاتوو ده‌كرێنه‌وه.
بیزۆس به ته‌واوی بن سه‌لمانی بێهیوا كردووه، له هاوینی 2018 بن سه‌لمان له ڕێی واتسئاپه‌وه نامه‌یه‌كی بۆ بیزۆس ناردووه و نووسیویه‌تی، به‌ته‌واوی بێهیوات كردم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا، داوه‌تی كردووه بۆ به‌شداریكردن له داڤۆسی بیابان كه له مانگی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2018 له سعوودیه به‌سترا، به‌ڵام به‌هۆی دۆسیه‌ی كوشتن و تیرۆركردنی محه‌مه‌د خاشوقچی ڕۆژنامه‌وانی سعوودی، بیزۆس ڕه‌تی كردووه‌ته‌وه گه‌شتی سعوودیه بكات و به‌شداری له‌و كۆربه‌نده ئابوورییه نێوده‌وڵه‌تییه بكات، ئه‌مه‌یش به ته‌واوی محه‌مه‌د بن سه‌لمانی تووڕه كرد و دواجار بڕیاری داوه سیخوڕی به‌سه‌ر مۆبایله‌كه‌یه‌وه بكات.
له‌باره‌ی ئه‌و ئامێره‌یش كه ئیسرائیل به سعوودیه‌ی فرۆشتووه، سه‌رچاوه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌و ئامێره سیسته‌می "پێگاسووس 3"یه و بۆ یه‌كه‌مجاره جیا له ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل، وڵاتێكی تر ده‌بێته خاوه‌نی ئه‌و سیسته‌مه پێشكه‌وتووه و نرخه‌كه‌یشی 55 ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بووه و له ڕێی نێوه‌ندگیرێكی ئه‌ورپییه‌وه مامه‌ڵه‌كه كراوه.
له به‌رانبه‌ر پێفرۆشتنی ڕیاز به‌ڵێنی داوه نه‌رمی له كێشه‌ی فه‌له‌ستین بنوێنێت
له به‌رانبه‌ر فرۆشتنی ئه‌و سیسته‌مه‌یش به بن سه‌لمان، كۆمپانیاكه مه‌رجی ئه‌وه‌ی داناوه، كه له دۆسیه‌ی فه‌له‌ستین پێویسته سعوودیه نه‌رمی بۆ ئیسرائیل بنوێنێت و دۆخه‌كه ئاسایی بكاته‌وه، به گوێره‌ی سه‌رچاوه هه‌واڵگرییه‌كانیش نه‌ك ته‌نیا جێف بیزۆسی سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری كۆمپانیای ئه‌مازۆن، بگره زۆربه‌ی سه‌رۆك و وڵاتانی كه‌نداو به تایبه‌ت قه‌ته‌ڕ له ڕێی ئه‌و سیسته‌مه‌وه و له‌لایه‌ن سعوودیه سیخوڕییان به‌سه‌ره‌وه ده‌كرێ، ئێسته‌یش محه‌مه‌د بن زایدی جێنشینی ئه‌بوزه‌بی به هه‌موو تواناوه له هه‌وڵ و گفتوگۆدایه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل به نهێنی بكه‌وێته گفتوگۆ و ئه‌و سیسته‌مه به نرخێكی خه‌یاڵی بكڕێته‌وه.
ڕۆژنامه‌كه له كۆتایی ڕاپۆرته‌كه نووسیویه‌تی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سعوودیه ئه‌و سیسته‌مه‌ی بۆ سیخوڕی به‌سه‌ر وڵاتانی تره‌وه خواستووه و كاری پێ ده‌كات، به‌ڵام ئیمارات بۆ ناوخۆ ده‌یه‌وێ سوودی لێ وه‌ربگرێ و به توندی چاودێری جموجۆڵه‌كانی ئیخوان موسلیمین له ناوه‌وه‌ی ئیمارات بكات، كه به نهێنی و به فه‌رمانی ده‌وحه و توركیا ده‌جولێنرێنه‌وه.