گفتوگۆ لەگەڵ كورد بەردەوامە و هەفتەی داهاتوو پێكهاتەی حكوومەتی عەلاوی تەواو دەبێت

:: AM:09:03:13/02/2020 ‌

سیاسەتوانێكی نزیك لە تیمی محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق، ئاشكرای دەكات كە زۆرینەی هێزە سیاسییەكان رازی بوونە بە بەشداری لە كابینەی حكوومەتی نوێ، بۆیە تەواوبوونی كابینەكە رەنگە لە دووشەمی داهاتوو تێپەڕ نەكات. دووپاتی كردەوە "گفتوگۆ لەگەڵ كورد بەردەوامە". بەڵام تارق حەرب رای دەگەیەنێت "حكوومەت ئاسان پێك دێت، بەڵام هیچی جیاوازی پێ ناكرێ".

دوای ئەوەی لە كۆتایی ساڵی رابردوو بە گوشاری خۆپێشاندەران و داوای مەرجەعییەت، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەست لەكاركێشانەوەی حكوومەتەكەی راگەیاند، لە سەرەتای ئەم مانگە محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی كاتیی عێراق هاتە راسپاردن كە سەرەڕای رەتكردنەوەی لەلایەن بەشێك لە خۆپێشاندەران، بەڵام هەریەك لە موقتەدا سەدر و هادی عامری پشتیوانی دەكەن و كورد و سوننەیش بە مەرج لەگەڵی دەبن.

محەمەد خالیدی سەرۆكی هاوپەیمانی بەیارق ئەلخەیر و یەكێك لە پاڵپشتیكاری عەلاوی و نزیك لە گفتوگۆی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق و نووسینەوەی بەرنامەی حكوومەتەكەی، بۆ "وشە" روونی كردەوە، پرۆگرامی حكوومەتی عەلاوی بەوە لە حكوومەتی پێشوو جیا دەكرێتەوە كە بەرنامەیەكی كورتكراوەیە و زۆر لایەن دەگرێتەوە بەتایبەتی لایەنی ئابووری، بەشێوەیەك هەر وەزارەتێك بەرپرسە لە بەرنامەی خۆی و لەهەر سێ مانگدا راپۆرتی خۆی دەداتە پەرلەمانی عێراق و بەرپرس دەبێت لە جێبەجێكردنی بە سەرپەرشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، هەروەها بەرنامەكە هەڵەكانی پێشووی تێپەڕاندووە كە لە سەردەمی حكوومەتەكانی پێشوودا هەبوون.

بەگوتەی خالیدی، "وەزیرەكان كەسانی سەربەخۆ دەبن دوور لە حزبەكان كە عەلاوی خۆی هەڵیاندەبژێرێت، هەروەها هیچ وەزیرێكی ئێستە دووبارە نابێتەوە و كابینەكە هەمان وەزارەتەكانی پێشوو لەخۆ دەگرێت لەگەڵ جیاكردنەوەی وەزارەتی ژینگە".

"زۆرینەی هێزە سیاسییەكان رازین بە بەشداری لە حكوومەتی نوێ، تەنیا یەكێكیان نەبێت كە تا ئێستە گفتوگۆ لەگەڵیدا بەردەوامە، بۆیە تەواوبوونی كابینەكە بووەتە پرسێكی پێوەست بە كات و رەنگە لە دووشەمی داهاتوو تێپەڕ نەكات" خالیدی وای گوت.

لەبارەی جۆری بەشداری كورد، ئەو سەركردە نزیكەی عەلاوی، تەنیا ئاماژەی بەوە دا "گفتوگۆ لەگەڵیان بەردەوامە و كورد هەندێك داواكارییان هەیە و ئێمەیش تاوتوێیان دەكەین، چونكە ئاسان نین، ئەوەی سەختە ئێستە دۆخێكی نوێ هەیە كە وەزارەتەكان لەلایەن حزبەكانەوە پڕ ناكرێنەوە، ئێمەیش وەك پەرلەمانتار سوورین لەسەر ئەوە".

وەك محەمەد خالیدی گوتی، عەلاوی پێویستە ژمارەیەك پەرلەمانتار ئامادە بكات پاڵپشتی بكەن بۆ ئەوەی لەناو پەرلەمان كابینەكەی تێپەڕ بكرێت، چونكە ئەگەر حزبەكان پاڵپشتی نەكەن، دەبێ پەرلەمانتاران پاڵپشتی بن، ئێستە بۆ پاڵپشتی كابینەكە رێژەی (نیوە كۆ یەك)مان تێپەڕ كردووە، بەڵام دەمانەوێ بیگەیەنین بە دوو لەسەر سێ. 

عەلاوی لە حكوومەتێكدا دەست بەكار دەبێت كە دەیان تەنگژە و دەیان ملیار دۆلار قەرزی بەسەردا كەڵەكە بووە و وڵاتەكەیش دوورە لە خزمەتگوزاری سەرەتایی.


ئەوەی دەگوترێ ئەو حكوومەتە گەندەڵی لەناو دەبات و چەك دادەماڵێت، قسەی شێتانەن.

تاریق حەرب شارەزای یاسایی و دەستووری عێراق لەبارەی حكوومەتی عەلاوییەوە بۆ "وشە" ئەوە دەخاتە ڕوو كە ئەو حكوومەتە كاتییە و دوو ئەركی سەرەكی دەبێت، یەكەمیان ئامادەسازیی بۆ هەڵبژاردن و دووەمیش رەوانەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمان. 

حەرج روونی دەكاتەوە "ئەوەی دەگوترێ ئەو حكوومەتە گەندەڵی لەناو دەبات و چەك دادەماڵێت، قسەی شێتانەن، چونكە حكوومەتە تەواوەكانی پێشوو نەیانتوانی و هانی گەندەڵی دارایی و كارگێڕی و بەهێزبوونی میلیشیاكانیان دا كە ئێستە كۆنترۆڵی بەغدا و شارەكانی تریش دەكەن، ئیتر چۆنە بەم حكوومەتە دەكرێ، بەڵام دەكرێ حكوومەتێكی قبووڵكراو بێت لای هەمووان".

"پێكهێنانی ئەو كابینەیە تەواو دەبێت، چونكە بەهیچ شێوەیەك رووبەڕووی حزبە سیاسییەكان و ئێران و میلیشیاكانی نابێتەوە، بۆیە تێپەڕاندنی لەناو پەرلەمان زۆر ئاسانتر دەبێت لە سەختیی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی نوێ" حەرب وای گوت. 

بۆ وەرگرتنی متمانە حكوومەت پێویستی بە زۆرینەی ئەندامان هەیە، واتە 165 لە كۆی 329 پەرلەمانتار. شارەزا یاساییەكە دەپرسێت ئەو حكوومەت دروست دەبێت، بەڵام دەتوانێ چی بكات؟، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە روو دەدات؟ هەر خۆی لە وەڵامدا دەڵێ، "وایدەبینم بۆ ئەوە پێویستی بە تەواوكردنی تەمەنی چوار ساڵی خۆی دەبێت".

دووپاتیشی كردەوە، "ئەو گۆڕانكارییەی لە پێكهاتەی حكوومەتی محەمەد عەلاوی روو دەدات، تەنیا گۆڕینی دەموچاوەكانە تەنیا بۆ ئەوەی بە شەقام بڵێ ئەوانەی پێشوومان دوور خستەوە، بەڵام بیرۆكەی كاركردن و شێوازی كاركردن هاوشێوەی پێشوو دەبێت، چونكە هەرچی بكرێت پارتە سیاسییەكان لە بەشی خۆیان خۆش نابن و بەهیچ شێوەیەك شیعە و كورد و سوننە دەستبەرداری پۆستەكانیان نابن، رەنگە كەسەكان بگۆڕن، بەڵام بەشەكانیان نا و ئەوە ئەستەمە".

بەڵام ئەمین بەكر راوێژكاری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بە"وشە"ی راگەیاند، ئەو دۆخەی رووبەڕووی عەلاوی دەبێتەوە، رووبەڕووی هیچ سەرۆك وەزیرانێكی تری دوای 2003 نەبووەتەوە، متمانە و پاڵپشتی تەواوی لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە نییە و لەوەدا نزیكە لە عادل عەبدولمەهدی و هەمان شت لەگەڵ عەلاوی دووبارە بووەتەوە.

زیاتر گوتی، عەلاوی لە نێوان دووبەرداشدایە، شەقام كە دەبێ رازیی بكات، هێزە سیاسییەكان كە لەناو پەرلەمان متمانەی پێ دەدەن و داوا دەكەن نوێنەرایەتییان لەناو حكوومەتەكەی هەبێت، پێم وایە تا ئێستە بەشی زۆری كابینەكەی دیاری كردووە و كاندیدەكانی ئەوانەن لای شەقام وەك بێلایەن ناسراون، بەڵام دەبێ رەزامەندیی هێزە سیاسییەكانی بۆ وەربگرێت كە بەشێكیان رازی نین بەشداریی لە حكوومەتەكەی بكەن.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل