كۆنگرەی جیهانیی مۆبایل هەڵوەشایەوە

:: AM:11:02:13/02/2020 ‌

دوای ئەوەی كۆمەڵێك كۆمپانیای بە ناوبانگی دنیا رەتیان كردەوە بەشداری كۆنگرەی جیهانیی مۆبایل بكەن، رێكخەرانی كۆنگرەكە بڕیاریان دا ئەمساڵ كۆنگرەكە بەڕێوە نەبەن.

كۆنگرەی جیهانیی مۆبایل بە گرنگترین چالاكی بواری تەكنەلۆجیای ساڵ هەژمار دەكرێ، بەڵام ئەمساڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا باڵی بەسەر ئەم چالاكییەشدا كێشابوو.

چەند هەفتە زووتر لە بەڕێوەچوونی كۆنگرەكە، هەریەك لە كۆمپانیاكانی ئەمازۆن، ئێڵ جی، نۆكیا و سۆنی رایان گەیاندبوو كە بەشداریی لەم كۆنگرەیە ناكەن، دوای ئەوەی ژمارەی براندەكان لە بەشدارییان لە كۆنگرەكە كەمیی كرد، دامەزراوەی GSMA بڕیاری هەڵوەشانەوەی بەڕێوەچوونی كۆنگرەكەی دا.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا وای كردووە بەڕێوەچوونی كۆنگرەی لەم شێوەیە بە شتێكی ئەستەم سەیر بكرێت.
جۆن هافمەن بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكە نووسیویەتی، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا وای كردووە بەڕێوەچوونی كۆنگرەی لەم شێوەیە بە شتێكی ئەستەم سەیر بكرێت.

بەگوێرەی "مێهرنیوز" بڕیار بوو كۆنگرەكە لە 24 تا 27ی ئەم مانگە لە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا بەڕێوە بچێت.

پێویستە بگوترێ زۆر لە كۆمپانیاكانی بواری تەكنەلۆجیا، دەبوو لە چینەوە بەشداری بكەن كە سەرچاوەی ڤایرۆسەكەیە. لەلایەك رێوشوێنێكی توند دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە فڕۆكەخانەكان گیراوەتەبەر و لەلایەكی تریشەوە ترس لە تەشەنەی زیاتری ئەم ڤایرۆسە بۆ ئەوروپا و وڵاتانی تر دەكرێ، بۆیە وا بە باش زانراوە لە خێری ئەم كۆنگرەیە خۆش بن.

بەپێی دواین ئاماری GISANDDATA ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا 60 هەزار حاڵەتی تێپەڕاندووە و هەزار و 369 كەسیش بە هۆیەوە گیانیان لە دەست داوە، سەرووی شەش هەزار كەسیش چاك بوونەتەوە.



وشە - سلێمان تاشان