ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر هه‌واڵی تووشبوونی منداڵێكی ساوا به ڤایرۆسی كۆرۆنا له چین بڵاو بووه‌وه كه 30 سه‌عات دوای له‌دایكبوونی تووشی ئه‌و ڤایرۆسه كوشنده‌یه هات. ئه‌وه به بچوکترین کەس دانرا كه تووشی ڤایرۆسه‌كه بێت، له كاتێكدا زیاد له 45 هه‌زار مرۆڤی گیرۆده‌ی خۆی كردووه و له 40 وڵاتی دنیا بڵاو بووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌و ڤایرۆسه زۆر به كه‌می داوێنگیری منداڵان ده‌بێت.
له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی پزیشكیدا كه له‌باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئه‌نجام دراوه و له گۆڤاری "ته‌ندروستی یه‌كێتی پزیشكانی ئه‌مه‌ریكا"دا بڵاو بووه‌ته‌وه، تاقیكردنه‌وه له‌سه‌ر تووشبووانی نه‌خۆشخانه‌ی جین بین تانی شاری ئوهانی چین كراوه كه به سه‌رچاوه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ناسراوه.
منداڵ به سووكی تووشی كۆرۆنا دێن و خێرا چاك ده‌بنه‌وه
ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه ده‌ری ده‌خات، زیاتر له نیوه‌ی تووشبووانی كۆرۆنا ته‌مه‌نیان له نێوان 40 بۆ 59 ساڵانه، 10٪ی تووشبووانیش ته‌مه‌نیان خوار 39 ساڵه و زۆر به ده‌گمه‌ن منداڵ تووشی ئه‌و ڤایرۆسه هاتوون.
بۆچی منداڵان به ده‌گمه‌ن تووشی دێن
چه‌ند بۆچوونێك هه‌ن له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی منداڵ به ده‌گمه‌ن تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا دێن، به‌ڵام پسپۆڕان هیچ وه‌ڵامێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان بۆ ئه‌و پرسیاره نییه.
ئا‌یان جۆنز پڕۆفیسۆری ڤایرۆسناسی له زانكۆی ریدینگی به‌ریتانیا به ئاژانسی هه‌واڵی "بی بی سی" راگه‌یاندووه، به چه‌ند هۆكارێك كه به ته‌واوه‌تی روون نین، وا پێ ده‌چێت منداڵ له ده‌ست ئه‌و ڤایرۆسه را بكه‌ن یاخۆ تووشی هه‌وكردنی به‌هێز نابن. واتا منداڵ به سووكی تووشی ئه‌و ڤایرۆسه دێن كه نیشانه‌كانی به روونی ده‌رناكه‌وێت و خێرا چاك ده‌بنه‌وه، بۆیه پێویستیان به‌وه نابێ بیانبه‌ن بۆ نه‌خۆشخانه.
ناتالی مه‌ك مامۆستای زانكۆی كاڵێجی له‌نده‌ن هاوشێوه‌ی جۆنز له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌یه كه منداڵ به سووكی تووشی كۆرۆنا دێن و خێرا چاك ده‌بنه‌وه.
ئه‌و مامۆستایه ده‌ڵێ، "سیستمی به‌رگری له‌شی منداڵی سه‌رووی پێنج ساڵ و مێرمنداڵ، به ته‌واوه‌تی ئاماده‌ی شه‌ڕكردنه له‌گه‌ڵ هه‌وكردن و ڤایرۆسه‌كان، بۆیه ره‌نگه تووشی ئه‌و ڤایرۆسه بن، به‌ڵام تووشی نه‌خۆشییه‌كی زۆر بچووكتر دێن كه نیشانه‌كانی هه‌وكردن له له‌شیاندا ده‌رناكه‌وێت".
ئه‌وه پێشتریش رووی داوه، ڤایرۆسی سارس كه‌متر منداڵی گیرۆده‌ی خۆی ده‌كرد، بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی سارس كه له ساڵی 2002 بۆ 2003 رووی دا، جۆرێكی تر له ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو، هه‌شت هه‌زار كه‌س تووشی ئه‌و ڤایرۆسه هاتن و نزیكه‌ی 800 كه‌س به‌هۆیه‌وه گیانیان له ده‌ست دا.
ساڵی 2007 ناوه‌ندی كۆنتڕۆڵی نه‌خۆشییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا تووشبوونی 135 منداڵی به ڤایرۆسی سارس راگه‌یاند، به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد كه هیچ یه‌ك له‌و منداڵانه به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه گیانیان له ده‌ست نه‌داوه.
ئایا پشووی سه‌ری ساڵ هۆكار بوو بۆ تووشنه‌بوونی منداڵان
ناتالی مه‌ك ده‌ڵێ، له‌وانه‌یه منداڵان هێنده‌ی گه‌وره‌كان به‌ر مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و ڤایرۆسه نه‌كه‌وتبن، له‌به‌رئه‌وه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه له كاتی پشووی سه‌ری ساڵ بوو، ئه‌وكاته‌ی قوتابخانه‌كان له پشوودا بوون.
زیاتر له نیوه‌ی تووشبووانی كۆرۆنا ته‌مه‌نیان له نێوان 40 بۆ 59 ساڵانه
"گه‌وره‌كان زیاتر ده‌وری چاودێریكردنی نه‌خۆشه‌كانیان بینی، ئه‌وان به‌رگرییان له منداڵان كرد و ئه‌گه‌ر یه‌ك له ئه‌ندامانی خێزان تووشی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ش هاتبێت، منداڵه‌كانیان بۆ شوێنێكی تر ناردووه و دووریان كردوونه‌ته‌وه". ناتالی وای گوت.
ئه‌و مامۆستای زانكۆیه پێی وایه ئه‌گه‌ر ڤایرۆسه‌كه زیاتر په‌ره بستێنێت و خه‌ڵكێكی زیاتر گیرۆده‌ی بن، له‌وانه‌یه منداڵان هێنده له به‌رانبه‌ریدا پارێزراو نه‌بن.
هه‌رچه‌ند سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه زۆ به خێرایی ته‌شه‌نه ده‌كات، به‌ڵام تا ئێسته نه‌بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی منداڵی زیاتر تووش ببن، هه‌رچه‌ند پێشتریش نموونه‌ی له‌و شێوه‌یه رووی داوه.
له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی خێرای ڤایرۆسی سارس، ناوه‌ندی كۆنتڕۆڵی نه‌خۆشییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا رای گه‌یاند، زۆر به ده‌گمه‌ن رووی داوه منداڵانی خوار ته‌مه‌ن 12 ساڵ كه تووشی ڤایرۆسه‌كه هاتوون، پێویستیان به خه‌واندن هه‌بووبێت له نه‌خۆشخانه‌كان.
ئایا ئه‌و نه‌خۆشییه به خێرایی له گه‌وره‌دا گه‌شه ده‌كات
هه‌رچه‌ند تووشبوونی منداڵان به ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر ده‌گمه‌ن بووه، به‌ڵام پزیشكان پێیان وا نییه ئیتر منداڵان تووشی ئه‌و ڤایرۆسه نایه‌ن، به‌ڵكو ئه‌و ئه‌گه‌ره هه‌یه كه ڤایرۆسه‌كه له له‌شی گه‌وراندا زیاتر خۆی پێشان بدات تا منداڵان.
ئه‌ندرۆ فریمه‌ن پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی هه‌ناو له زانكۆی كاردیفی وێڵزی به‌ریتانیا بۆ "بی بی سی" روونی ده‌كاته‌وه، بابه‌ته‌كه ئه‌وه نییه كه منداڵان به هیچ شێوه‌یه‌ك تووشی ئه‌و ڤایرۆسه نابن، ره‌نگه هۆكار ئه‌وه بێت كه منداڵان نیشانه‌كانیان لێ ده‌رناكه‌وێت و ئه‌گه‌ریش به‌ده‌ر كه‌وت، زۆر به سووكی ده‌بێت.
هاوكات كریستێڵ دانڵی پسپۆڕی ئاماری ژینگه‌یی له زانكۆی ئه‌كسفۆرد ده‌ڵێ، هاوكارانی ئێمه گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی پرۆسه‌ی تووشبوون و گیرۆده‌بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا، له منداڵاندا زۆر به سووكی روو ده‌دات.
گه‌وره به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ژێر پاڵه‌په‌ستۆی نه‌خۆشییه‌كانی هه‌ناسه و دڵدان، زیاتر مه‌ترسییان له‌سه‌ره بۆ تووشبوون به ڤایرۆسه‌كانی وه‌ك كۆرۆنا. پڕۆفیسۆر ئا‌یان جۆنز ده‌ڵێ، زۆربه‌ی ئه‌و تووشبووانه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له نه‌خۆشخانه‌كانی ئوهان، نه‌خۆشی درێژخایه‌نی له‌و چه‌شنه‌یان هه‌بووه.
منداڵ سه‌رچاوه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه
منداڵ له‌باره بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی نه‌خۆشه ڤایرۆسییه‌كان و به‌گوته‌ی پسپۆڕان، ته‌نانه‌ت سه‌رچاوه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كانن، به‌ڵام بۆچی به قورسی تووشی ڤایرۆسه كوشنده‌كانی وه‌ك سارس و كۆرۆنا نابن؟
پڕۆفیسۆر جۆنز دووپاتی ده‌كاته‌وه، منداڵان نه‌خۆشییه‌كانی هه‌ناسه‌دان به خێرایی ده‌گوازنه‌وه، هه‌ر كه‌سێك كه منداڵه‌كه‌ی له دایه‌نگه بێت ئه‌وه ده‌زانێت، به‌وپێیه ده‌بێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بین ژماره‌ی منداڵانی تووشبوو به كۆرۆنا و ژماره‌ی قوربانیانی له هه‌موان زیاتر بێت، به‌ڵام رووداوی له‌و شێوه‌یه رووی نه‌داوه.
زیاتر ده‌ڵێ، له‌وانه‌یه به‌هۆی ئه‌وه‌ی سیستمی به‌رگریی منداڵان له به‌رانبه‌ر ڤایرۆسه‌كان به‌هێزه، كاتێك تووش ده‌بن، ڤایرۆسه‌كه له له‌شی منداڵاندا به سووكی ده‌ربكه‌وێت و ئه‌وه‌یش وا بكات پێویستیان به پزیشك و ده‌رمان نه‌بێت.
ره‌نگه له داهاتوودا وه‌ڵامێكی لۆجیكی و راستتر بۆ ئه‌و پرسیاره ده‌ست بكه‌وێت، به‌ڵام له هه‌موو حاڵه‌تێكدا وه‌ك پێشتریش ئه‌زموون كراوه، منداڵان كه‌مترین زیانیان له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه كوشنده‌كاندا به‌رده‌كه‌وێت.