شارەزایەكی ئابووری: عێراق خاوەن گازێكی زۆرە و لە ئێرانی هاوردە دەكات

:: PM:01:57:13/02/2020 ‌

شارەزایەكی ئابووری عێراقی ئاماژەی دەكات كە بەهۆی نەبوونی هاوئاهەنگی لەنێوان هەردوو وەزارەتی نەوت و كارەبای عێراق ساڵانە چەندان ملیار دۆلار زەرەر دەكات، چونكە خۆی خاوەن گازێكی زۆری سروشتییە و ناتوانێت سوودی لێ ببینێت، هاوكات لە ئێرانی دەكڕێت.
گەندەڵی و خراپیی بەڕێوەبردن زیانی زۆر بە عێراق دەگەیەنن
كێشەی عێراق جیا لەو گەندەڵییە زۆرەی دارایی و كارگێڕییەی هەیە، خراپیی بەڕێوەبردن و نەبوونی دید و پلانی تۆكمەی ئابووری و هاوئاهەنگییە لەنێوان وەزارەتەكان، ئەوەیش وای كردووە لە وڵاتێكی دەوڵەمەند بە نەوتی وەك عێراق، كێشەی نەوت و گاز و كارەبا و ئاوی شیرین و خزمەتگوزارییەكان و بێكاری و هەژاری و دەیان كێشەی كۆمەڵایەتی هەبێت.

قوسەی سەفوان شارەزای ئابووری ئەمڕۆ پێنجشەم روونی كردەوە، عێراق بە بەهای دوو ملیار دۆلار گازی سروشتی لە ئێران هاوردە دەكات، لەوكاتەی چەندان كێڵگەی تایبەت بە گازی لە پارێزگای دیالە هەیە و كۆمپانیایەكی تایبەتی بەكارهێنانی ئەو گازە و چوار كێڵگەی تریشی هەیە و دەتوانرێت بۆ بەكارخستنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بەكاربهێنرێن.

زیاتر گوتی، وەزارەتی نەوت هەوڵی پەرەپێدانی كێڵگەكانی غاز لە دیالە دەدات بۆ كۆتاهێنان بە هەناردنی گاز و پشتبەستن بەو كێڵگانە، بۆیە عێراق هەڵەی كرد كاتێك توانای هەناردنی نەوتی زیاد كرد بێ سوودوەرگرتن لەو گازەی هاوكات بەرهەم دێت و دەسووتێت و بەفیڕۆ دەچێت و ساڵانە چەندان ملیار دۆلار لەو رێگەوە بەهەدەر دەچێت. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل